قۆناغی نوێی هاوکاری ئەردۆغان- بارزانی لە هاوسەنگی پێشهاتەکانی جیهاندا

پاش پێنچ رۆژ لە کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، ڕۆژی سێشەممە 20/6/2023، جیا لە شیکردنەوەکان، کەس ئاگاداری ناوەرۆکەکەی نە بووە. نووسینگەی سەرۆک ئەردۆغان وێنەیەکی پێشوازی بڵاوکردەوە و بارزانیش لە پەیامێکی تویتەردا ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.

دیداری ئەردۆغان لەگەڵ مەسرور بارزانی، دوای مانگێک لە سەرکەوتنەکەی بوو لە خولی سێیەمی سەرۆکایەتی تورکیا و دوای چەند پێشهاتێک لە عێراق کە زۆربەیان بە دڵ و چاوەڕوانییەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم نەبوون. بگرە لە بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، نادەستووریی ناساندنی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی هەرێم هەتا تێپەڕاندنی بودجەی سێ ساڵەی عێراق کە کورد لە پشکی خۆیان تیایدا ناڕازین.

شەڕی تێرۆر مەبەستە

هەر جارێک بەرپرسانی تورکیا و عێراق لەم قۆناغەدا پێکەوە دابنیشن، دەبێت لەسەر ئەم پرسانە دانوستان بکەن؛ دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوت بە تایبەت لە کەرکوکەوە بۆ بەندەری چیهان، ڕێکخستن و ئاسانکردنی هاتوچۆ و بازرگانی لە خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل، و پاراستنی سنوورەکان. بەڵام بەرپرسانی حکومەتی تورکیا هەمیشە دەڵێن ئەمانە پرسەکانی ئەنقەرەن لەگەڵ بەغدا، بۆیە پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئەردۆغان چاوەڕوانی چی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات ئەگەر هاوکاری لە شەڕی تیرۆردا نەبێت؟

ئەگەر چی پێشهاتەکان زۆر خێرا بوون، و هیچ زانیاری و ئاگادارییەک لە کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان-بارزانی دەرنەچووە، بەڵام زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسەت و مێژووی نوێی تورکیا پێشبینیان کردبوو کە ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە 14ی مانگی پێنج بۆ گەڕی سێیەمی سەرۆکایەتی سەرکەوتنی بە دەستهێنا، ئەوا چەند مانگێک سەرقاڵی ئاهەنگگێڕان دەبێت پێش ئەوەی بەردەوام بێت لە سیاسەتەکانی خۆییدا بەرامبەر بە کورد و بە شێوەیەکی توندتر لە 21 ساڵی رابردووی لە دەسەڵاتدا.

کەواتە گوتەکانی یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا ڕۆژێک پاش کۆبوونەوەکە چاوەڕوانکرابوو. لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە دوایین دۆخی شەڕی دژی تێرۆر و سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەردۆغان لەگەڵ مەسرور بارزانی، گولەر گوتی،"بەدڵنیاییەوە ئەم کۆبوونەوەیە کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر دەبێت، ئێمە هاوکارییەکانمان بەهێزتر دەکەین و لە کۆتاییدا، ئەنجامی ئەرێنی دەبێت."

درۆن: بە کەمترین لێچۆن بەشێکن لە چەکی ستراتیژی تورکیا

کۆبوونەوەی ئەردۆغان و بارزانی هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەی چوار لایەنەی تورکیا، سوریا، ئێران و ڕووسیا لە ئاستانەی پایتەختی کازاخستان، بە ئامانجی چارەسەرکردنی ناکۆکی لەسەر سنوورەکانی سوریا. کاتێک بارزانی لە ڕێگادا بوو بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە، لە هێرشێکی بە درۆن - فڕۆکەی بێ فرۆکەوان-ی تورکیا دا، 2 بەرپرسی رێڤەبەریا خۆسەر و شۆفێرەکەیان کوژران. ڕەنگە تورکیا ئەمە وەک پەیامێک بەکاری بهێنێت بۆ ئەوەی بە کوردانی ڕۆژاڤا بڵێت، سەرکردە کوردەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان، هاوکارمانن لە دژی ئەوەی ئەنقەرە بە شەڕی تێرۆر ناوی دەبات.

دوای کۆبوونەوەی ئەردۆغان و بارزانی، یاشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "شەڕی تێرۆر بەردەوام دەبێت و هاوکاریمان زیاد دەکەین."

بەڵام ئەگەر پێشبینی ئۆپەراسیۆنێکی چەکداری تورکیا بۆ ناو خاکی کوردستان نەکرێت، چی ڕوودەدات؟
د. جەبار قادر، شارەزای مێژوو و سیاسەتی تورکیا بە دەنگی ئەمەریکای گوت،" لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، کاتێک ئەردۆغان پێویستی بە سەرکەوتنێکی سەربازیی هەبوو بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنەکەی، فەرمانی ئۆپەراسیۆنێکی نەدا بەهۆی دژایەتی و بوونی ئەمەریکییەکان لە ڕۆژاڤا، دوای سەرکەوتنی هیچ ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام نادا ت."

ڕەنگە ئەم بۆچۆنە لۆژیکیترین شیکردنەوەبێت بە هۆی دو فاکتەرەوە:

- توانای پێشکەوتووی تورکیا لە تەکنۆلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان -درۆن- و کۆکردنەوە و لێکدانەوەی زانیاری و هەواڵگری چ لە ڕێگەی مانگی دەستکرد بێت یان دامەزراوە و ئەیجەنتەکانی و دەسەڵاتی سەر زەوی.
- ئەگەر پرۆژەی ڕووسیا بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق لە کۆبوونەوەکانی ئاستانەدا سەرکەوتوو بێت، ئەمە دەبێتە دەرفەتێکی نوێ بۆ ئەردۆغان کە بتوانێت بەشێک لە ئامانجەکانی لە ڕۆژاڤا لە ڕێگەی سوریا و بە پشتیوانی ڕووسیا بەدیبهێنێت، بە وتەی د.جەبار قادر.

هەموو شرۆڤەکاران لەسەر خاڵێک کۆکن کاتێک باس لە متمانەی ئەردۆغان دەکرێت بەرامبەر بە کورد. ئەوان قەت نابن بە هاوپەیمان و ناتوانێت پشت بە کورد ببەستێ تا عێراق و ئێران و سوریا هاوپەیمانی ستراتیژی بن. بەڵام لە سیاسەتدا کەس حەزناکات هەموو هێلکەکانی بخاتە ناو یەک سەبەتەوە! بە پێی وتەکانی د. جەبار. بۆیە کوردی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لایەنی ئاسانە بۆ ئەردۆغان مامەڵەی لە گەڵدا بکات، بە کوردییەکەی (سەبەتەی بێ گرفتە) .

دوای کۆبوونەوەی ئەردۆغان و بارزانی، ڕۆژنامەنووسی ئەلمۆنیتەر عەمبەرین زەمان نووسیویەتی،" هیچ پێشکەوتنێک لە کۆبوونەوەکەدا نەبووە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی هیچ بڕیارێکی نییە. بەڵام بەم کۆبوونە قۆناغێکی نوێی هاوکاری لە نێوان ئەردۆغان و بارزانیدا دامەزرا. پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هاکان فیدان وەزیری نوێی دەرەوەی تورکیا بەهێزن. بەو پێیەی کە هەردووکیان سەرۆکی دەزگاکانی ئیستخبارات بوون و پێشتر هاوکاری لە نێوانیاندا هەبوو.

بە سەرپەرشتی هاکان فیدان، تەکنەلۆژیای درۆن لە تورکیا پەرەی پێدراوە. درۆنی تورکیا لە شەڕی ئازەربایجان، لە شەڕی ئەسیوپیا دژ بە بزووتنەوەی تیگرای، لە لیبیا جێگایان هەبوو و ئێستاش لە شەڕی ئۆکرانیا. درۆن، بۆ تورکیا، چەکێکی کاتی نەبووە و لە شوێنێکدا یان لە کاتێکی دیاریکراودا بە کاریهێنابێت، بەڵام بە پێی باوەڕی د. شێرکۆ کرمانج، نووسەر و ئەکادیمست بنکە لە ئوسترالیا،" ئەوان بوونەتە بەشێک لە چەکی ستراتیژی دەوڵەتی تورکیا، نەک تەنها دژی کورد، بەڵکو تورکیا لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا بەکاریان دەهێنێت." ئامانجە پێشبینیکراوەکانش لە ئایندەیەکی نزیکدا باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا - ڕۆژئاوا، شەنگال، قەندیل و هەر گۆشەیەک لە نێوانیاندا چ لە عێراق یان لە سوریا بێت.

پەترۆڵ هەمیشە کارتی فشارە

مێژووی پەیوەندیەکانی ئەنقەرە لەگەڵ وڵاتان و گەلانی دراوسێ بە دەگمەن دۆستانە و کراوە بووە. تورکیا درێژترین سنووری زەمینی لەگەڵ کورد هەیە (لە عێراق و ئێران) و هەمیشە کوردی وەک دوژمنی دەوڵەتی تورکیا ناساندووە و هەر جارێک بۆنی دۆستایەتییان لەو پەیوەندیانە هاتبێت، وەک کارتێکی فشار بۆ سەر لایەنەکانی تردا بەکاریان هێناوە. بێگومان کوردیش ئەو پەیوەندییە وەک کارتێک یان لانی کەم بۆ بەرژەوەندی ئابووری و ئاسایشی ناوخۆیی بەکاردەهێنێت.

لە مەسەلەی نەوتیشدا پێدەچێت ئەردۆغان زۆر پێویستی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە پارتی دیموکراتدا نەبێت، وەک د. شێرکۆ کرمانچ دەڵێت،" تەنها بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمدایە. فرۆشتن و قازانج و دابەشکردنی داهاتەکەی لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدایە." بەڵام بۆ قازانجێکی کاتی، ئەردۆغان دەیەوێت ئەو غەرامەی (ملیار و 500 ملیۆن دۆلار) بەهۆی کڕین و فرۆشتنی نەوتی هەرێم کە دادگای نێودەوڵەتی بەسەر ئەنقەرەدا سەپاندووە، پووچەڵبکات. بەڵام د. جەبار قادر، شارەزای مێژوو و سیاسەتی تورکیا دەڵێت، "ئەردۆغان پێی وایە ئەو نەوتە لە هەرێمی کوردستاندایە و کورد و تورکیا دەتوانن لە هەر کاتێکدا کێشە بۆ عێراق دروست بکەن و ئەگەر بەغدا هەر شتێک لە دژی ئەنقەرە بکات ئەوا سیاسەتێک لەگەڵ هەرێم پەیڕەو دەکات، ڕەنگە بە دڵی بەغدا نەبێت. بەو واتایە ئەمە پەیامێکە بۆ بەغدا کە نابێت پشت ببەستێت بە بڕیاری دادگایەکی نێودەوڵەتی.


پشکی شێر بۆ کێیە؟

لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵدا حکومەتی ئاکەپە، پارتی داد و گەشەپێدان، لە ئاستی جیاوازدا مامەڵەی لە گەڵ وەڵاتانی دراوسێی کردووە. لە عێراقدا، هاوکاتی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا لەسەر ئاستی دەوڵەت، تورکیا هەرگیز پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی لایەنەکان، کورد و عەرەبی سوننە و تورکمان، نەبڕیوە. بەڵام پەیوەندی قووڵتر لە گەل حکوومەتی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستان هەبوو بە هۆی دەسەڵاتی بەسەر خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیلدا.

پەیوەست بە دیدارەکەی له گەڵ ئەڕدۆغان، میدیاکان سه ر به سه ڕۆکی هه ڕێمی کوردستان نووسیویه تی که سەنگی وتووێژەکان له سه ڕ ئاسایش بووه و گرنگیدان بە پەیوەندی ئابووری و بازرگانی وەک دوو پرسی گرنگ بۆ فراوانکردنی هاوکاری و هەماهەنگی. لەگەڵ ئەوەشدا کە لە ماوەی ساڵێکدا جێگای حکومەتی هەرێم و پارتی لە عێراق لاواز بووە، بەڵام د. شێرکۆ دەڵێت،" تورکیا پێویستی بە حکومەتی هەرێم دەبێت نەک تەنها بۆ بازرگانی لەگەڵ هەرێم و عێراق، بەڵکو لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەبیشدا."

تورکیا پرۆژەی ستراتیژی گەورەی لەگەڵ عێراق هەیە. د. شێرکۆ دەڵێت، "پرۆژەی ڕێگای کوەیت بۆ تورکیا کە بە زاخۆ و فێشخابەردا تێدەپەڕێت، سەرکەوتوو نابێت ئەگەر کورد و حکومەتی هەرێم هاوکاری نەکەن. کەواتە کورد دەبێتە پردێک ئەگەر هەموو شتێک لە بەرژەوەندی ئەوانیش نەبێت."

بۆ بوژاندنەوەی ئابوری تورکیا و گەڕاندنەوەی بەهای لیرەی تورکی، کابینەی نوێ ئاکەپە یەک بژاردەی لە بەردەمدایە؛ کردنەوەی دەرگای بازرگانی بە ڕووی هەموو لایەنەکاندا. دەبێت ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ عێراق بکات بۆ بوژاندنەوەی بازرگانی نەوت و دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکان بکات. بەڵام ئەگەر کابینەی نوێی ئەردۆغان نیازی هەنگاوێکی فراوانتر لەگەڵ هەرێمدا هەبا، ئەوا مەهمەت سیمسێک وەزیری گەنجینەی و دارایی، کە بە ڕەچەڵەک کوردە، چاوی بە بارزانی دەکەوت.

بە هەر حاڵ پێویستە کورد بزانێت لە مامەلەی ئابووری و بازرگانیدا هەر لایەنێک دەیەوێت پشکی شێر بەدەست بهێنێت، بەڵام هەمیشە شێر بڕیار ئەدا کە پشکی گەورەی بۆ خۆی دابنێت. بەڵام لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا کورد بە هۆی جیاوازی ناوخۆییەوە لاوازترین لایەنی هاوکێشەیە.

کابینەی نوێی ئاکەپە و دۆسیەی کورد لە تورکیا

چوار کورد لە کابینەی نوێی حکومەتی تورکیادا گرنگترین پۆستیان وەرگرتووە. جێگری سەرۆک، وەزارەتەکانی دەرەوە و ئابووری و تەندروستی. ڕۆژنامەنووس ئەیوپ دەمیر بنکە لە ئەنکەرە دەڵێت، "کاتێک شیکەرەوەیەک چاو لەم کابینەیە و بارودۆخی تورکیا و کێشەی کورد دەکات، دەگاتە ئەنجامێک کە ڕەنگە لە داهاتوودا ئەم حکومەتە دەست بە پرۆسەیەکی – پێڤاژۆێکی - نوێ بکات بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد." بێگۆمان بە ستایلێکی نوێ و ئەکتەری نوێ.

کەس ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات کە ئەردۆغان لە ساڵی 2005 دەستیکرد بە کرانەوە بەرامبەر بە کورد لە تورکیا کاتێک دانی بەوە نا کە "کێشەی کورد لە تورکیا هەیە" پاشان لە ئامەد گوتی، کێشەی کورد لە تورکیا هەیە و حکومەت هەڵەی کردووە. ئەم دیدە نوێیە وەک سەرەتای پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە قەڵەم دڕا. بەڵام پاش چەند ساڵێک ئەو پرۆسەیە هەڵوەشایەوە و ئاکەپە، هەموو هاوسۆزانی پەکەکەی بە تاوانبار زانی و سەدان سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووس و پارێزەر و چالاکوان و کەسانی دیکە گیران و دەستبەسەر کران، نەک لەبەر ئەوەی کورد بوون، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەوانیش بە تێرۆریزم تۆمەتبار کران.


عەبدولڕەحمان کورت، ئەندامی دەستەی بڕیاردەری ئاکەپە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئامانجی ئاکەپە ئەوەیە کە تێرۆر لە تورکیادا نەمێنێت و دیموکراسی بەرقەرار بێت ، چونکە دەمانەوێت دەستوور بگۆڕین، بۆ ئەوەی یاسایەکی مەدەنی دەربکەین، دەمانەوێت کوردی عیراق پارێزگاری سنوورەکانی خۆیان بکەین ، بە جۆرێک کە هیچ ڕێگەیەک نەبێت بۆ ئەوەی تێرۆر لە خاکەکەیانەوە هێرش بکاتە سەر تورکیا. پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و هەدەپە سیاسەتێکی مەدەنی بخاتەڕوو و ئەو لایەنانەی پشتیوانییان لە پەکەکە و تێرۆریان کردووە لە پرۆسەی ئاشتیدا جێگایان نەبێت. "

بزووتنەوەی مەدەنی کوردی لە تورکیا لە ساڵانی نەوەدەکاندا سەری هەڵدا، کورد، پارتی سیاسی دانپێنراوی دەستوری پێکهێنا و بوون بە ئەندامی پەرلەمان. بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن، ئاکەپە نایەوێت دۆسیەی کورد لە تورکیا یەکلاییبکرێتەوە، چونکە هەمیشە پێویستی بە نەیارێک هەیە کە شەرعیەت بدات بەو چالاکیانەی کە لە هەموو شوێنێک دژ بە کورد دەکرێن.