دوابەدوای کوژرانی گەنجێک لە گەڕەکێکی پاریس، دوو هەزار هێزی پۆلیس خراونەتە ئامادەباشییەوە بۆ ڕێگریکردن لە ئەگەری دروستبوونی توندوتیژی بەهۆی ئەم ڕووداوەدا. هاوکات دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دەستگیرکردنی دەیان خۆپیشاندەریان تا ئێستا ڕاگەیاندووە.
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ڕۆژی چوارشەممە، 28ی مانگی شەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هێزەکانی پۆلیس لە ئێوارەی چوارشەممەوە لەدەوروبەری پاریس بڵاو دەکرێنەوە بۆ ڕێگریکردن لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر جۆرە توندوتیژییەک.
ژێراڵد دارمەنێن گوتیشی "شەوی ڕابردوو لە فەرەنسا 31 کەس دەستگیرکراون و 24 ئەفسەری پۆلیسیش برینداربوون و نزیکەی 40 ئۆتۆمبێلیش سووتاون."
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە تا درەنگانی شەو لە چەند گەڕەکێکی پاریس ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە کۆژرانی لاوێکی تەمەن17 ساڵ بە تەقەی پۆلیسی پاریس، بەردەوام بوو.
ئەو شۆفێرە گەنجە دوای سەرپێچیکردن لە فەرمانەکانی پۆلیس، تەقەی لێکراوە و بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆی ڕووداوەکەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شەپۆلی کاردانەوەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە گرتە ڤیدیۆکەدا، دەنگی کەسێک دەبیسترێت کە دەڵێت "تەقە لە سەرت دەکرێت"، بەڵام دیار نییە کێ ئەو قسەیە دەکات و هاوکات یەکێک لە ئەفسەرەکانی پۆلیس دەردەکەوێت کە ڕووی دەمانچەکەی کردووتە شۆفێرە لاوەکە.
شۆفێرەکە دوای ئەوەی گولەیەک بەر سنگی کەوتووە، گیانی لەدەستداوە و ئۆتۆمبێلەکەی چەند مەترێک ئەولاتری ڕووداوەکە، لە بەربەستێک دەدات و دەوەستێت.
کوژرانی ئەو لاوە لە کاتێکدایە کە پێشتریش فەرەنسا گۆڕەپانی ناڕەزایەتی جەماوەری بووە بەرامبەر بە توندوتیژییەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە.
توندوتیژی لەڕادەبەدەری پۆلیس لە کاتی پشکنینەکاندا پرسێکی مشتومڕلەسەری ئێستای ڕای گشتی فەرەنسایە ودەوترێت خەڵک لە زۆر حاڵەتی بێ بایەخ و بچووکدا ڕووبەڕووی کاردانەوەی توند و کوشندەی پۆلیسی ئەو وڵاتە دەبنەوە. دوو هەفتە لەمەوبەر گەنجێکی تەمەن 19 ساڵیش لە شارێکی ڕۆژئاوای فەرەنسا لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆوە تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستدا. ئەفسەرەکە گوتویەتی گوایە شۆفێرەکە ئۆتۆمبێلەکەی بە قاچیدا کێشاوە.