سەرکردەیەکی عێراق: کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی هەرێم و ئێران قورسە چونکە سنوورەکان شاخاوی و سەختن

دوای ئەوەی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ڕایگەیاند لەگەڵ عێراق ڕێککەوتوون بۆ سنووردارکردنی حزبە چەکدارەکانی کوردستانی ئێران و دانانی دیواری کۆنکرێتی و تەلی دڕکاوی لەسەر سنوورەکان، سەرکردەیەکی عێراقی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند جێبەجێکردنی ئەم ڕێوشوێنانە "قورسە" بەو پێیەی ناوچە سنوورییەکان سەخت و شاخاوین.

هەروەها نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "نازانین ڕێوشوێنی توندوتۆڵکردنی سنوورەکان چۆن جێبەجێ دەکرێن."

ڕۆژی چوارشەممە، 28ی شەشی 2023 محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، لە چاوپێکەتێنکی کەناڵی عەهدی عێراقی وتی "بە بەشداری کورد" ڕێککەوتوون لەسەر کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و دانانی دیواری کۆنکرێتی و تەلی دڕکاوی و بورجی چاودێری و کامێرا لەسەر سنوورەکان.

باڵیۆزی ئێران جەختیکردووەتەوە لەسەر چەک داماڵینی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانیش ڕێککەوتوون.

لەو بارەیەوە، سەعد مەتڵەبی سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی نێوان عێراق و ئێران زۆر گرنگە، تەنها پەیوەندیدار نییە بە سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و دزەپێکردنی چەک بۆ ئێران، بەڵکو سنوورەکان بوون بە دەروازەی هێنانی مادەی هۆشبەر بۆ عێراق و مەترسییەکی گەورە دروستبووە."

سەعد مەتڵەبی وتیشی، "ناوچە سنوورییەکانی هەرێم کە لە ساڵی 1991 ەوە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندان، دانانی دیواری کۆنکرێتی لەو ناوچانە قورسە، چونکە ناوچەی شاخاوی سەختن. کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان نەک تەنها بۆ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بەڵکو بۆ ڕێگرتن لە هاوردەکردنی مادەی هۆشبەریش لەلایەن مافیاکانەوە گرنگە."

بەرپرسانی ئێران، دەروازە سنوورییەکانی نێوان وڵاتەکەیان و هەرێمی کوردستان وەکو دەروازەی هاتووچۆکردن و گواستنەوەی چەک لەلایەن حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە ناودەهێنن، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی ئەو حزبانەش بەکارهێنانی سنوورەکانی هەرێم و دروستکردنی مەترسی لەسەرئێران ڕەتدەکەنەوە.

ڕۆژی 8 ی مانگی 6 ی ئەمساڵ، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق لە میانەی سەردانێکیدا بۆ پارێزگای سلێمانی، لیوای 3 ی پاسەوانی سنووری عێراقی بەسەرکردەوە، کە پێکهاتەی ئەم لیوایەی سەر بە حکومەتی عێراق کوردن و ئەرکیان پاراستنی ناوچە سنوورەکانی نێوان ئێران و هەرێمە.

حکومەتی عێراق 20 لیوای پاسەوانی سنووری بۆ پاراستنی ناوچە سنوورییەکان هەیە. لیوای 1 و 2 کوردن و ئەرکیان پاراستنی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی هەولێرو دهۆکە، هەروەها لیوای 3ش ئەرکی پاراستنی ناوچە سنوورییەکانی سلێمانی، هەڵەبجەو گەرمیانە.

فەرماندەیەکی باڵای پاسەوانی سنوور کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "دوای سەردانەکەی وەزیری ناوخۆی عێراق بۆ سلێمانی، لیوای 3 ی پاسەوانی سنووری سلێمانی کراوەتە دوو لیوا؛ لیوای 21 ی لێ جیاکراوەتەوە و هەندێک پێداویستییان پێدراوە. بەڵام هێشتا سەربازی نوێیان بۆ دانەمەزرێنراوە."

هەروەها وتیشی، "بڕیارە رەبیەو مەخفەری زیاتر لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و هەرێم دروست بکرێت."

رۆژی 29ی مانگی سێ، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان نوێنەری عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران کۆبوویەوە. دواتر ئەحمەدیان ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات نەخشە ڕێگایە بۆ سەقامگیری و ئاسایشی سنوورەکان.

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وردەکاری ڕێککەوتنەکانی گرێدراو بە سنوورەکان لەلایەن عێراق و ئێرانەوە جێبەجێ دەکرێن. نازانین ڕێوشوێنی توندوتۆڵکرجنی سنوورەکان چۆن جێبەجێ دەکرێن."

هەرچەندە بیانووی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان ڕێگرتنە لە جوڵەی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان، بەڵام بەرپرسانی ئەو حزبانە ڕەتیدەکەنەوە سنوورەکان بۆ کاری سەربازی بەکاربهێنن و دەڵێن "ئێران مەسەلەکە بۆ شەڕ فرۆشتن بە هەرێم بەکاردەهێنێت."

خەلیل نادری وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "چەندین ساڵە حزبە کوردییەکان جوڵەیان لەسنوورەکان نییە و بنکە و بارەگاشمان لەوێ نین. ئێران بەربەست و تەلی دڕکاوی لەسنوورەکان داناوە، ئەمەی ئێستا شەڕفرۆشییە بە هەرێم."

ڕۆژی 13 ی ئەم مانگە، هێزەکانی ئێران و گەریلاکانی پژاک لەناوچە سنوورییەکانی پیرانشار و سەردەشت ڕووبەڕووی یەکتری بوونەوە و شەڕێکی قورس لەنێوانیان ڕوویدا، کاتێک پژاک هەوڵیدا ڕێگە لە هێزە سەربازییەکانی ئێران بگرێت بۆ دانانی خاڵی سەربازی زیاتر لەو ناوچانە.

ئەرسەلان یارئەحمەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەنگاو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێران بنکەیەکی گەورەی لە ناوچەی سەوڵاو کە دەکەوێتە نێوان مەریوان، کامیاران و سنەوە لێداوە و سەرقاڵی دروستکردنی شوێنی فڕۆکەیە. ئامانج لەم بنکەیە بۆ ڕێگرتنە لە جوڵەی سەربازی هێزە کوردییەکان لە تەواوی ناوچەکە. لەمەودوا جوڵەی هێز بۆ پژاکیش ئاسان نابێت."