سوتاندنی قورئان ڕۆژی چوارشەممە لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکۆڵم لەلایەن هاووڵاتیەکی عێراقییەوە کاردانەوەی توندی جیهانی لەلایەن بەشێک لە مسوڵمانان لێکەوتەوە.
بۆچی کاربەدەستانی سوید ڕێگەیان بەو کارەدا سەرەڕای چاوەڕوانیەکان بۆ دروستبوونی توندوتیژی و ئەگەری ئاڵۆزبوونی پرسی ڕازیبوونی تورکیا بە پەیوەندیکردنی سوید بە ناتۆوە؟ شارەزایان دەڵێن وەڵامەکەی ڕوونە، ئەوەیش تێڕوانینی سویدیەکانە بۆ ئازادی ڕادەربڕین.
سوتاندنی کتێب و هێما ئاینییەکان لە وڵاتی سوید چەندین ساڵە جێگەی مشتومڕی توندە. لە کاتێکدا بیروڕای زاڵ لە سوید پێیوایە ئەمە بریتییە لە دەربڕینی ئازادی تاکەکەسی، بەشێکی سویدییەکان داوای قەدەغەکردنی دەکەن چونکە دەڵێن ئەمە دەچێتە خانەی سوکایەتی کردن و دەبێتە هۆی توندوتیژی.
سیاسەتمەدارێکی ئەوپەڕی ڕاستڕەو
سیاسەتمەداری دانیمارکی ساموس پاڵودان لە ساڵی 2019 وە بووەتە چەقی ئەو مشتومڕە بەهۆی ئەوەی چەندین بۆنەی قورئانی سوتاندنی ڕێکخستووە. ئەو بە سیاسەتمەدارێکی توندی ڕاستڕەو و دژە کۆچبەر ناسراوە.
لە ساڵی 2020 حکومەتی سوید بەم هۆیەوە دوو ساڵ گەشتکردنی ساموسی بۆ وڵاتەکە قەدەغە کرد، بەڵام دواتر ڕەگەزنامەی سویدی وەرگرت بەهۆی ئەوەی باوکی سویدییە.
لە مانگی یەکی ئەمساڵ ساموس پاڵودان لەبەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لە ستۆکۆڵم بۆنەیەکی تری ڕێکخست و قورئانی سوتاند. و لە بەرامبەردا خۆپیشاندەرانی تورکیا لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی سوید لە ئەنقەرە ئاڵای سویدیان سوتاند و بەرپرسانی تورکیاش هەڕەشەی ئەوەیانکرد کە ڕێگەی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ بگرن.
ساموس پاڵودان مانگی سێ هەوڵیدا بەهەمان شێوە لە شاری وەیکفیڵدی بەریتانیا کۆپییەکی قورئان بسوتێنێت بەڵام حکومەتی بەریتانیا بەم هۆیەوە گەشتی ئەوەی بۆ وڵاتەکە قەدەغەکرد.
دوای ڕووداوەکەی مانگی یەک ڕۆژنامەی دەیگنی سویدی بڵاویکردەوە کە پۆلیسی ئەو وڵاتە لەمەودوا ئەو کردارە "قەدەغە" دەکات بەهۆی مەترسی کاردانەوەی توندوتیژ.
لە چەند هەفتەی دوای ڕووداوەکە پۆلیسی ئەو وڵاتە دوو داواکاری بۆ سوتاندنی قورئان ڕەتکردەوە.
لەو بارەوە ئۆلا ئۆستەرلینگ، گوتەبێژی پۆلیسی ستۆکۆڵم سەرەتای مانگی دوو بە تەلەفیزیۆنی سڤێرییەی ڕاگەیاند، "وەکو یاسایەک، ئێمە ڕێگە بە سوتاندنی قورئان نادەین."
بەڵام ئەمە کۆتایی بە هەوڵەکانی قورئان سوتێنەران نەهێنا و شەڕەکەیان برد بۆ دادگا.
دادگا بڕیاردەدات
سەلوان مۆمیکا، ئەو پەنابەرە عێراقیەی دوێنێ (28/6/2023) کۆپییەکی قورئانی سوتاند، لە لیدوانێکیدا بۆ ئاژانسی سی ئێن ئێن ڕایگەیاندووە کە سێ مانگ شەڕی یاسایی دژی ڕێگریەکانی پۆلیس کردووە تا لە ئەنجامدا دادگا سکاڵاکەی ئەوی پەسەندکرد.
دادگای تێهەڵچوونەوەی سوید لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بڕیاریدا کە پۆلیس هەڵە بووە لە قەدەغەکردنەکە چونکە "ئەو مەترسییە ئاسایشییانەی کە پۆلیس ئاماژەی پێکردووە پەیوەندییەکی ڕوونیان نییە لەگەڵ ئەو بۆنە پلان بۆ داڕێژراوە. "
هێلینا بۆسترۆم تۆماس، وتەبێژێکی پۆلیسی ستۆکۆڵم، لەبارەی هۆکاری بڕیارەکەی دادگا بە سی ئێن ئێنی گوتووە، "بابەتی ئازادی ڕادەربڕین قورسایی زیاتری هەیە" لە نیگەرانیەکانی تر.
دەسەڵاتدارانی سوید نایشارنەوە کە ئەم ڕووداوانە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش کێشەیان بۆ دروستکردوون بەڵام بەهۆی ڕەهەندی یاسایی بابەتەکە ناتوانن ڕێگری بکەن.
تۆبیاس بۆڵسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید، سەرەتای ئەمساڵ ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی لەگەڵ سوتاندنی نوسینە ئاینیەکان نییە بەڵام لە هەمانکاتدا "لە ڕوانگەی یاسایی سویدەوە" ئەمە پەیوەندیدارە بە ئازادی بیروڕا.
تۆبیاس بۆڵسترۆم ڕایگەیاند، " حکومەتی سوید زۆر ڕوونە لەسەر ئەوەی کە هەموومان مافی ئازادی ڕادەربڕینمان هەیە لە سوید، بەڵام زۆر بە ڕوونی ئەوەشمان ڕاگەیاندووە کە ئێمە لایەنگری ئەو کەسانە نین کە ئەم کارەیان ئەنجامداوە."
دەستەڵاتی کڵێسا
پێشتریش چەند بەرپرسێکی ئەو وڵاتە، لە نێوانیان وەزیری پێشووی دەرەوە جان ئیلیسۆن، داوایانکردووە کە سوتاندنی کتێبە ئاینیەکان قەدەغە بکرێت و بە "وروژاندنی نەتەوەیی" دابندرێت.
چاودێران دەڵێن پرسی بەستنەوەی ئەم کردارە بە ئازادی ڕادەربڕین پەیوەندی دارە بە مێژووی مامەڵەی دەستەڵاتی کلێسا لە سوید.
لە سەدەی 16 بزوتنەوەی ڕیفۆرمی کلێسای پرۆتیستانتی لە سوید دەستی پێکرد و دوای ئەوە لوسەریەکان بوون بە دەستەڵاتدار لەو وڵاتە. کلێسا دوای ئەوە سانسۆرێکی توندی خستە سەر ئازادی ڕادەربڕین و چەندین کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن دژ بە دەستەلاتەکانی لوسەریەکان لە ژێر پاساوی ڕێگری لە کفر سزادران.
حکومەتی سوید ساڵی 1949 یاسای بەرەنگاری کفری هەڵوەشاندەوە وەک هەگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بە زەبروزەنگی کلێسا و ساڵی 1951 قەدەغەکانی لەسەر هەڵگەڕانەوە لە ئاینی کرستیانی هەڵوەشاندەوە.
دەربارەی قەدەغەکردنی سوتاندنی قورئان و کتێبە ئاینیەکانی تر، هێنریک ڤێناندێر، پرۆفیسیۆری یاسای گشتی لە زانکۆی لوند، بە تەلەفیزیۆنی نەتەوەیی سویدی گوتووە، "بۆ قەدەغەکردنی گردبوونەوە لەژێر سایەی ئەو هۆکارانەی پۆلیس ئاماژەی پیداون، پێویستە یاسا بگۆڕدرێت."
نیلس فەنکێ، شارەزایەکی ئازادی ڕادەربڕین بەو تەلەفیزیۆنەی گوتووە کە نیگەرانیەکان لە قەدەغەکردنی ئەو ڕەفتارە بە یاسا لەوە سەرچاوە دەگرن کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا سەربکێشێت بۆ ڕێگری لە هەر چالاکییەک بەبیانوی ئاسایش.
ئەو شارەزایە دەڵێت، "ئەگەر کەسێک بۆ بڕیارێکی وەها پشتببەستێت بە هەبوونی نادڵنیایی لە جیهاندا ، ئەوا بەزەحمەت دەتوانین مۆڵەت بە هیچ دەربڕینێکی بۆچوون بدەین."