پاش خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابوردوی فەڕەنسا بەهۆی کوشتنی گەنجێک لەلایەن پۆلیسەوە رۆژی دووشەممە خۆپیشاندەکان خاوبوونەوەی پێوە دیاربوو.
زۆربەی ناڕەزایەتییەکانی هەفتەی ڕابردوو لە گەڕەکە هەژارنشینەکان و فرەنەتەوەکانی شارە گەورەکانی فەرەنسا بوو کە زۆرینەیان لە کۆمەڵگە موسڵمانەکانی باکووری ئافریکا پێکهاتوون و زیاتر بریتین لە خەڵکی مەغریب، جەزائیر و مەراکیش.
ئەو کۆمەڵگەیانە لە مێژە پۆلیس بە ڕەگەزپەرستی و تاکتیکی توندوتیژی تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ڕایەکی جیاوازیش هەیە لەو بارەیەوە مافناس عەزیز ماملێ کە دانیشتوی پاریسە دەڵێت "حکومەتی فەڕەنسا هەموو شتێکی دابینکردووە بۆ کۆمەڵگەی عەرەبی و کۆمەڵگە هەژارەکانی ناو فەڕەنسا، بەڵام ئەوان خۆیان وەک هاووڵاتییەکی یاخی دەزانن و خۆیان وەک هاووڵاتییەکی فەڕەنسی دانانێن."
حکومەتی فەڕەنسا دەڵێت تائێستاکە زیاتر لە 200 ئەفسەری پۆلیس بریندار بوون و زیاد لە 1000 کەسیش دەستگیرکراون.
جیاوازی ئەم خۆپیشاندانە ناڕەزاییە لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی دیکەدا لەوەدایە کە زیاتر توندئاژۆ و زەبروزەگی بەخۆوە بینیەوە.
سەبارەت بە تایبەتیمەندی ئەو کەسانەی کە زیاتر لە خۆپیشاندانەکاندا دەبینرێت عەزیز مامڵی دەڵێت زوربەیان هەرزەکار و گەنجن "لە سەدا ٪90 ی خۆپیشاندەران ئەو گەنجانەن کە تەمەنیان لەنێوان 11 بۆ 18 ساڵاندایە هەڵدەکوتنە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان و پەلاماردەدەن و شت دەشکێنن و دەسوتێنن و تاڵانی دەکەن؛ تەنانەت چەکیش بەکاردەهێنن."
چەندین ساڵە حکومەتی فەڕەنسا لە ڕێی دامودەزگا شارستانی و کولتورییەکانییەوە سەرقاڵی پیادەکردنی ستراتیژی پیکەوەژیانی ئاشتی و تێکەڵاوکردن و نزیکبوونەوەی کولتورین لەنێو کولتور و ئاینە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا، بەڵام تا ئەم سەروەختە بەڕای شرۆڤەکاران ئەو گرفتانە چارەسەر نەبوون لەبەر کۆمەڵێک هۆکار.
عەزیز ماملێ باس لە کۆمەڵێک هۆکار دەکات و دەڵێت "لە فەڕەنسا 2500 مزگەوت هەیە، بەداخەوە لەو مزگەوتانە لە کۆبوونەوە و باسەکانیاندا باس لە نزیکبوونەوەی ئەو خەڵکە ناکرێت لە فەڕەنسییەکان و دامودەزگا یاساییەکان، بەڵکو دووریان دەخەنەوە و چەواشەکاری دەکەن."
فەرەنسا کە بە پێی ئاماری ساڵی 2019-2020 لە سەدا 10 ی دانیشتوانەکەی موسوڵمانن، یاساکانی کە بۆ پاراستنی فۆڕمی توندی عەلمانییەتی خۆی داڕێژراون چەسپاندووە کە بە "laicité" ناسراوە، و سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن وتوویەتی لە ژێر هەڕەشەی ئیسلامیزمدایە.
هەندێک لە ڕێکخراوە موسڵمانەکان و گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن ئەو یاسایانە موسوڵمانەکانیان کردووەتە ئامانج و زیانیان بە دیموکراسی گەیاندووە.
عەزیز ماملێ باس لە شوناسی ئایدۆلۆژی ئیسلامییەکانی فەڕەنسا دەکات کە کاریەگەرییان بەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیشەوە هەیە و دەڵێت "ئیسلامە سیاسییەکانی فەڕەنسا بەشێکیان داعشن و بەشێکی دیکەشیان ئیخوان موسلیمینن و ڕەگوڕیشەیان لە فەڕەنسا داکوتاوە."
هیچ سەرچاوەیەکی لێکۆڵینەوە لەبەردەستدا نییە کە ئەم تێڕوانینە پشتڕاست بکاتەوە.
سەبارەت بە شێوازی ئیخوانەکانی فەڕەنسا کە جیاواز لە ئیسلامییە توندڕەوەکانی دیکە لە فەڕەنسا بەرنامە و شوناسی خۆیان پەیڕەو دەکەن، عەزیز ماملێ دەڵێت "ئیخوانەکانی فەڕەنسا خەڵک هاندەدەن نابێت باوەڕیان بە ئازادی و دیموکراسی هەبێت لە فەڕەنسادا. ئەوان بیر لەوە دەکەنەوە لە داهاتوودا لە فەڕەنسا دەسەڵات بگرنە دەست."
هەر لە سەر وەختی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی فەڕەنساوە دەنگۆییەک هەیە کە گوایە وڵاتانی دیکەش ناڕاستەوخۆ دەستیان هەبووە لە تاوسەندنی خۆپیشاندانەکاندا، لەو بارەیەوە عەزیز ماملێ دەڵێت "ئێران و تورکیا و مەراکیش تەنانەت قەتەر و عەرەبستانی سعودییەش بە یارمەتییەکی دارایی زۆر دەستێوەردانیان کردووە لە ناڕەزایەتییەکانی فەڕەنسادا." دەشڵێت "ئێران ڕۆڵێکی خراپی هەیە لە فەڕەنسادا."
دوابەدوای ناڕەزایەتییە توندئاژۆکانی ئەم دواییانە و کوشتنی گەنجێکی هەرزەکار لەلایەن پۆلیسەوە و هەروەها کوشتنی 13 کەس لەساڵی 2022 دا لەلایەن پۆلیسی فەڕەنساوە؛ تێکڕا حکومەت و پۆلیس و دامەزراوەکانی ئەو وڵاتەی خستۆتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گرنگەوە. بە ڕای چاودێران و شرۆڤەکاران هەم دەبێت حکومەت بەسەر ستراتیژ و پلانەکانیدا بچێتەوە، هەم دەبێت مامەڵەی پۆلیس زیاتر شارستانیانە بێت لەگەڵ هاووڵاتیاندا، ئەمە بێجگە لەوەی شرۆڤەکاران داوای توێژینەوەی زیاتر و لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەن لەسەر کۆمەڵگە هەژارنشینەکان و پێکهاتە جیاواز و هەمەڕەنگە فەرهەنگی و ئاینییەکانی فەڕەنسا.
دەقی وتووێژەکەی عەزیز ماملێ لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا:
Your browser doesn’t support HTML5