بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە جوۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی میوانداری ئۆلف کریستێرسن، سەرۆک وەزیرانی سوید بکات، لەکاتێکدا سەرکردەکانی ناتۆ خۆیان بۆ لوتکەی لیتوانیا ئامادە دەکەن.
سوید لە هەوڵی ئەوەدایە بە زووترین کات ببێت بە ئەندامی ناتۆ، ئەم هەنگاوەش بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لە ساڵی ڕابردوودا هاتە ئاراوە. سەرکردەکانی ناتۆ لە لوتکەی ساڵی 2022دا ڕەزامەندی خۆیان لەسەر پەیوەستبوونی سوید دەربڕی، بەڵام تورکیا و هەنگاریا هێشتا داوای سویدیان پەسەند نەکردووە لە پرۆسەیەکدا کە پێویستە هەموو ئەندامان ئێستا کۆدەنگبن لەسەری.
فینلاندیش لەگەڵ سویددا داواکاری پێشکەش کرد و لە مانگی چوار بە تەواوی لە ناتۆ وەرگیرا.
کەرین ژان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی هەفتەی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا گوتی "سەرۆک بایدن و سەرۆک وەزیران کریستێرسن پێداچوونەوە بە هاوکارییە ئاسایشییە پەرەسەندووەکانمان دەکەن و بۆچوونەکەیان دووپات دەکەنەوە کە پێویستە سوید بە زووترین کات ببێت بە ئەندامی ناتۆ."
تورکیا سویدی بەوە تۆمەتبار کردووە کە نەرمە بەرامبەر ئەو گروپانەی تورکیا بە ڕێکخراوی تیرۆریستیان دەزانێت. لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا کە لە نێوان تورکیا، سوید و فینلاند ئەنجامدراوە، سوید کۆمەڵێک گۆڕانکاری کردووە لەنێویاندا یاسایەکی نوێی دژە تیرۆر. یەنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ بەنیازە ڕۆژی پێنجشەممە هەرسێ وڵاتەکە کۆبکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن.
ژان پیێر وتی بایدن و کریستێرسن هەروەها باس لە هەماهەنگی سەبارەت بە چین و گۆڕانی کەشوهەوا و تەکنەلۆژیای نوێش دەکەن.