نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێران بەردەوامە لە سەرکوتکردن و لەسێدارەدان بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە

ئەنجومەنی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، ئێران هێشتا سزای توند بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنێت کە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا کردووە.

خۆپیشاندانەکانی کە لە 16 ی مانگی نۆ بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی سەریانهەڵدا، ئێرانی هەژاند.

لە دانیشتنی تایبەتی مانگی 11دا، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیدا بۆ دروستکردنی لیژنەیەکی ئاست بەرز بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە سەرکوتکردنە کوشندەکان لە ئێراندا.

سارا حوسێن، سەرۆکی ئەنجومەنی سەربەخۆی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە ڕاپۆرتێکدا بۆ ئەنجومەنەکە ڕایگەیاندووە، دوای 10 مانگ، "مافی ڕاستی و دادپەروەری" بۆ بنەماڵەی ئەمینی نەهاتووەتەدی.

ئاماژەی بەوەشکرد، " دەستگیرکردنی، نیلوفەر حامدی و ئیلاهێ محەمەدی ئەو دوو ژنە ڕۆژنامەنوسەی کە سەرەتا هەواڵی مەرگی ئەمینیان بڵاوکردەوە، زیاتر نەبوونی شەفافیەت لە لێکۆڵینەوەکان لەسەر مردنەکەی دەخاتە ڕوو ."

حوسێنی گوتیشی ئێران ڕایگەیاندووە 22 هەزار کەسی کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکرابوون لێخۆشبوونیان بۆ دەرچووە ئەمەش "ئەوە پیشان دەدات کە زۆر کەسی دیکە دەستبەسەر کراون یان تۆمەتبار کراون".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ زانیارییەکی فەرمی نییە لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەیان کراوە، یان لەسەر ئەوانەی بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە سزادراون، دەستبەسەرکراون یان تۆمەتبارکراون .

حوسێنی وتیشی بە پێی زانیارییەکان ئەو خۆپیشاندەرانەی بە پێی لێخۆشبوونەکە ئازادکراون وایان لێکراوە " دان بە تاواندا بنێن و بەڵێن بدەن لە داهاتوودا ئەو کارە دووپات نەکەنەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، سزای توند بەردەوامە بۆ سەر ئەو کەسانەی کە بەشدارن لە ناڕەزایەتییەکان، لەوانەش بۆ بەکارهێنانی ئەو مافانەی کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، پارێزراون.

گوتیشی" لە هەموی خراپتر ئەوەیە حەوت لە پرۆسەیەکی بەپەلەدا لەسێدارە دراون پاش ئەوەی گوایە دادگاییەکی ڕەوا کراون، دانپێدانانەکانی کە لە ژێر ئەشکەنجە بەدەستهاتوون بەکارهێنراون."

ئەنجومەنی دۆزینەوەی ڕاستییەکان داوای لە تاران کردووە لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە ڕابگرێت، هەروەها داوای لە ئێران کرد هەموو ئەو کەسانە ئازاد بکات کە بەهۆی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و ڕاپۆرتکردن لەسەر ناڕەزایەتییەکان خراونەتە زیندانەوە.

حوسێن هەروەها داوای لە تارانی کردووە کە هاوکاری لێکۆڵینەوەکان بکات.

لە وەڵامدا، کازم غەریب عەبادی، سکرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتانی ڕۆژئاوا ناڕەزایەتییەکانیان وروژاندووە و "تیرۆرستان چوونەتە ناو گۆڕەپانەکەوە".

گوتیشی "زیاتر لە 75 کەس لە هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا و خەڵک بەهۆی ئاژاوەگێڕانەوە شەهید بوون، هەروەها زیاتر لە 7 هەزار کەس لە هێزەکانی جێبەجێکردنی یاساش بریندار بوون".

سەرچاوە: فرانس پرێس