شێخ محەمەد شاکەلی: ئیرادەی ڕێککەوتن لای یەکێتی و پارتی نییە

ئەندامێکی پێشووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانیان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە وڵاتانی هەرێمی دەستیانخستووەتە نێو کێشەکانەوە و "ناهێڵن ئەو دوو لایەنە ڕێکبکەون".

شێخ محەمەد شاکەلی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ڕاوێژکاری پێشووی مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووتری هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئیرادەی ڕێککەوتن لای یەکێتی و پارتی خۆیان نییە، ئیرادەکە لای وڵاتانی هەرێمی و دەرەکییە. بەشێک لەو وڵاتانە نایانەوێت هەرێم سەقامگیر بێت و سەقامگیری هەرێم لە بەرژەوەندییان نییە."

ئەمڕۆ یەکشەمە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسی پارتی بەسەرۆکایەتی فازڵ میرانی لە شاری هەولێر کۆبوونەوە، بەڵام لێدوانی ڕۆژنامەوانی سەرکردەیەکی پارتی دۆخی کۆبوونەوەکەی تێکداو بێ ئەنجام کۆتاییهات.

ئەوکاتەی یەکێتی و پارتی لەکۆبوونەوەدا بوون، سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی رایگەیاند"یەکێتی قەبارەی وەکو جاران نەماوە و دەببێت پێداچوونەوە بە حەجم و قەبارەی خۆیدا بکات."

بە پێی زانیارییەکان کاتێک ئەم لێدوانەی بەرپرسەکەی پارتی دەگاتە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لەنێو ژووری کۆبوونەوە، دۆخی کۆبوونەوەکە ئاقارێکی تر وەردەگرێت و کۆتایی بە کۆبوونەوەکە دەهێنرێت.

بافڵ تاڵەبانی لەکاتی دەرچوونیدا لە کۆبوونەوەی نێوانیان لەگەڵ پارتی، بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند"قسەو کرداری نامەسئولانە کاریگەری لەسەر ئێمە نابێت، بەردەوام دەبین و هەوڵی ڕێککەوتن دەدەین، بەڵام لەمڕۆ بەدواوە یەکێتی بێدەنگ نابێت و هەرچی ڕووبدات وەکخۆی وەڵام دەداتەوە."

لایخۆشیەوە، فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، دانی بەوەدانا کە یەکێتی لە لێدوانی سەرکردەکەی حیزبەکەی نیگەران بووە، بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند "لێدوانەکە گوزارشت لە سیاسی پارتی ناکات، نەمانگوتووە یەکێتی هێز نییە، یەکێتی کاتێک دۆخی خراپبوو، ئێمە پۆستی سەرۆک وەزیرانمان پێدا."

بەپێی وتەی ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ دەنگی ئەمەریکا، ئامانج لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی گفتووگۆکردن بووە لە سەر هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوانیان و یەک لیستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و دۆزینەوەی دەرەچەیەکی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

سەرکردەکەی یەکێتی کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"بافڵ تاڵەبانی خۆی سەرۆکایەتی وەفدی یەکێتی کرد، تا بزانرێت یەکێتی جدییە بۆ ڕێککەوتن. هێرشی بەرپرسانی پارتی و میدیاکانیان بۆ سەر یەکێتی بەردەوام بوو، کاتێک لەناو کۆبوونەوەکەدا بوون، بۆیە دانیشتنەکە ئەنجامی نەبوو."

سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، کە قسەکانی بووە هۆی توڕەبوونی وەفدی یەکێتی و تێکچوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوەو ڕایگەیاندووە "قسەکانی ڕای شەخسی خۆی بوون نەک ڕای پارتی."

بەڵام شێخ محەمەد شاکەلی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ڕاوێژکاری سەرۆکی پێشووی هەرێم جیاوازتر لە دۆخەکە دەڕوانێت و پێیوایە، ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی و سەقامگیری هەرێم لەبەرژەوەندی کوردە، لەکاتێکدا وڵاتانی دەرەکی سەقامگیری هەرێم بە مەترسی دەزانن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان، بۆیە بە ئاسانی ناهڵێن ڕێککەوتن ئەنجام بدرێت.

شێخ محەمەد شاکەلی، وتی "هاوکێشە دەرەکی و ناوەکییەکان گرێدراوی یەکترین و ڕێگرن لە بەردەم سەقامگیری هەرێمدا، ئیرادەی ڕێککەوتنیش لای پارتی و یەکێتی نییە و لەدەرەوەیە."

خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هاتووەو کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمیش ناکارایە، لەکاتێکدا بۆشایی یاسایی و دەستوری لە هەرێم دروستبووە، بەڵام گرفتە سیاسی و یاساییەکان وایانکردووە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیار نەبێت.

شێخ محەمەد شاکەلی، دەڵێت "گەر هەڵبژاردنیش نەکرێت، قەوارەی هەرێم لەناو ناچێت، هەرێم لاواز بووە و هەمووان هەستی پێدەکەن، بەڵام هاوکێشە دەرەکییەکان ڕێگرن لە بەردەم لەناو چوونی هەرێم دا."

هەروەها وتیشی"بەشێک لە لایەنە دەرەکییەکان دەیانەوێ هەڵبژاردن بکرێت و بەشەکەی تری نایەوێت بکرێت."