دۆسیەی منداڵانی داعش لە کەمپ و ناوەندەکانی پەروەردە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هاوشێوەی هەزاران زیندانی داعش، بووەتە پرسێک بۆ کوردەکانی سوریا سەبارەت بەوەی داهاتوویان چۆن دەبێت.
نێوەندی لێکۆڵینەوەی فورات توێژینەوەیەکی لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکردۆتەوە، کە باس لە کێشەو مەترسی هەبوونی منداڵانی داعش دەکات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
لێکۆلەرێکی ناوەندەکە دەڵێت زۆربوونی منداڵەکان ستراتیژی خودی داعشە.
وەلید چولی لێکۆڵەر لە ناوەندی فورات بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێمە بینیمان کە ڕەوشەکە لە کەمپی هۆل، ڕەوشێکی ئاسایی نییە لە ڕووی زیادبوونی منداڵەوە و ئەمەش سەرنجی ڕاکێشاینە سەر ئەوەی کە داعش ستراتیژییەکی هەیە، ستراتیژی زیادکردنی منداڵ کە سەر ئایدۆلۆژیای داعش پەروەردە بکرێن."
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، چارەسەرنەکردنی پرسی زیادبوونی منداڵانی داعش، کە تەمەنیان ڕۆژ بە ڕۆژ لە کەمپەکەدا گەورەتردەبێت، مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر داهاتووی منداڵەکان و هەرێمەکەش.
لەزگین ئیبراهیم یەکێکی تر لە لێکۆلەرەکانی ناوەندی فورات دەڵێت سەرنج زیاتر لەسەر منداڵانی بیانییە بۆ تێکەڵکردنەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە و هاتنەوە سەرخۆیان.
ئیبراهیم دەڵێت " منداڵانی سوریایی و عێراقیش لە کەمپەکەدا ژمارەیان زۆرە و نزیکەی 30 هەزار دەبن، هەرچەندە هەندیک قوتابخانە لەلایەن یونسێف و ڕێکخراوەکان کراونەتەوە بەڵام بە پێی داتاکان تەنها 10 هەزار منداڵ دەچنە ئەو قوتابخانانە ئەوانی تر کەسوکاریان نایاننێرن لەبەرئەوەی دایکیان پەروەردەیان دەکات."
Your browser doesn’t support HTML5
بەپێی لێکۆڵینەوەکەی ناوەندی فوراتی بنکە لە قامشلۆ، مەبەست لەم لێکۆڵینەوەیە دابینکردنی بنەمایەکە بۆ زانیاری و سەرژمێری بۆ بەرپرسانی دۆسیەی داعش لە ناوچەی کوردییەکانی سوریا.
مستەفا مستەفا لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی فورات دەڵێت پێویست پسپۆڕی زیاتر لە نێو ناوەندەکاندا هەبێت بۆ قسەکردن و گفتوگۆکردن لەگەڵ منداڵاندا.
ئەو دەشڵێت " ئەو منداڵانەی کە باسیان دەکەین لە ڕاستیدا قوربانین، هەم قوربانی شەڕن و هەم لە ژینگەیەکیشدا پەروەردەبوون کە ژینگەیەکی تێرۆرستییە و توندڕەوییە و بێجگە لە داعش هیچی تریان نەبینیوە."
لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر لە57 هەزار ژن و منداڵی بنەماڵەکانی داعش هەن کە لە کەمپ و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا دانراون.
لەسەدا 65یان منداڵن کە 37 هەزار کەسی بیانی لە 60 وڵاتی جیاوازەوە هاتوون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ساڵی 2022 تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، 887 منداڵ و ژنی داعش ڕادەستی وڵاتەکانیان کراون کە 667یان منداڵن.
جگە لە داواکاری بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و هێزە نێودەوڵەتییەکانی شەڕی داعش، بۆ گەڕانەوەی ژن و منداڵی بنەماڵەی داعش بۆ وڵاتەکانیان، بەڵام ڕێژەی گەڕانەوە لە ئاستی پێویستدا نییە.
ناوەندی فورات لە لێکۆڵینەوەکانیدا چەند ڕاسپاردەیەکی خستەڕوو، لەوانە بوونی هاوپەیمانی لە ناوچە کوردییەکانی سوریادا کە بەلایەنی کەم تیشک دەخاتە سەر شکستی بەردەوامی داعش لە ناوچەکەدا.