دیندار زێباری: تەحەدا دەکەین لە هەرێمی کوردستان کەس لەسەر بیروباوەڕی سیاسی دەستگیرنەکراوە

Your browser doesn’t support HTML5

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت هیچ کەس لەسەر بیروباوەڕی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا دەستگیرنەکراوە و هیچ ڕۆژنامەنووسێکیش بە هۆکاری ڕۆژنامەنووسی لە زیندان نییە. پێشی وایە لە کابینەی نۆیەمدا بەرەوپێشچوونێکی گەورە لە ماف و ئازادیەکان هەیە لە هەرێمی کوردستاندا.

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردەنێودەوڵەتیەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەتوانم بڵێم هیچ کەس لە کوردستان لەسەر بیروباوەڕی سیاسی دەستگیرنەکراوە و لە زیندان نییە. زیندانی نهێنی بۆ هیچ مەرامێکی سیاسی نییە و تەحەداش دەکەین؛ پێمان خۆشە پێمان بڵێن ئەگەر کەسەکەش هەیە با بەناو پێمان بڵێن."

دیندار زێباری ڕایگەیاند ئازادیەکان بە گشتی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشچوونێکی "ئێجگار زۆریان" بە خۆیانەوە بینیوە بە تایبەت لە کابینەی نۆیەمدا بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی.

وتیشی، "جەنابی سەرۆک وەزیران لەم کابینەیە پلانێکی ڕاگەیاند کە یەکەمجارە لە مێژووی ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان پلانێکی وا گشتگیر ڕابگەیەنرێت و حکومەت پێوەی پەیوەست بێت...ئێمە لە هەرێمی کوردستان هاتوین هەرچی تێبینی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی هەن بە یوئێن و وڵاتانی دەرەوە کارمان لەسەرکردوون."

بە گوێرەی دیندار زێباری، هەنگاوەکانی حکومەتی "دەستخۆشیەکی باشی نێودەوڵەتییان" بەدەستهێناوە دەبنە هۆی بەرەوپێشبردنی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕابردوودا چەندین ڕێکخراوی جیهانی لە ڕاپۆرتی ساڵانەیاندا هۆشداریان داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پێشێلکاریەکان بەرامبەر ئازادی کاری ڕاگەیاندن و مافەکانی مرۆڤ. هەریەکە لە ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)، نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ئاماژە بە نیگەرانییەکانیان دەکەن سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ و پاشەکشەی ئازادی.

لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، سەنتەری میترۆش لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندبوو، "2022 بە یەکێک لە خراپترین ساڵەکان بۆ ڕۆژنامەنووسان هەژماردەکرێت، و ئامارەکان ئاماژەی مەترسیدارن لەسەر ئازادی کاری ڕاگەیاندن و بەرتەسکبوونەوەی ئازادیەکان."

دیندار زێباری ڕایگەیاند یاسای ڕۆژنامەگەری هەرێمی کوردستان یەکێک لە "باشترین یاساکانە"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرکەوتنی میدیای دیجیتاڵ و نەبوونی یاسای تایبەت بەو بوارە کێشەی بۆ حکومەت دروستکردووە.

دەشڵێت، "ئەو ژمارە ڕۆژنامەنووسەی لە هەرێم هەیە بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم پێدەچیت لە ولاتانی تر نەبێت. نزیکەی 8000 ڕۆژنامەنووس هەیە کە نزیکەی 7000 لە سەندیکا ناوی تۆمارکردووە؛ وە کێشەی هەرە سەرەکی ئێمە ئەوەیە کێ ڕۆژنامەنووسە لە هەرێم. ... بۆ حکومەت لە کاتی خۆپیشاندانەکان کێشە بۆ ئێمە دروستدەبێت. ناسنامەی ڕۆژنامەنووس ناسراو نییە."

ئەمەش ببینە ئەیووب بارزانی: هەرێم بە قۆناغی هەڵوەشانێکی هێواش هێواشدا تێدەپەڕێت


لە مانگی 8 و 10ی 2020 بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان دوای بەشداریکردنیان لە خۆپیشانداندا دەستگیرکران. لە سەرەتادا ژمارەیان 83 کەس بوو، بەڵام ژمارەیەکیان ئازادکران و 32 کەسیشیان حوکمدران، کە کەمترین ماوەی حوکمەکانیان لە یەک ساڵەوە دەستی پێکرد و درێژترین ماوەش 7 ساڵ بوو. لە ئێستاشدا چوار کەسیان لە زینداندا ماون.

سەبارەت بە پرسی زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان، دیندار زێباری ڕایگەیاند، "کە ڕۆژنامەنووسان زیندانی دەکرێن بە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان یان بە یاسای سزادانی عێراقی بێت ئەمە دادوەر بڕیار دەدات نەک حکومەت. لەبەر ئەوە سەرۆک وەزیران نییە کە بڕیار دەدات کێ لە زیندان بێت، ئەوە دادوەر و دەسەڵاتی دادوەری بڕیردەدات و هێزی پۆلیس جیبەجێیدەکات، داواکاری گشتی تۆمەتەکە ئاڕاستە دەکات. ئەو حوکم نادات کە کام یاسا بسەپێندرێت. بۆیە دەڵێم، ئێمە هیچ ڕۆژنامەنووسێک لە هەرێمی کوردستان بە هۆی کاری ڕۆژنامەنووسی لە زیندان نییە، چونکە یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایل کە هەیە دادوەر بڕیاری لێوەدەوات کە حوکمەکەی چۆن بێت."

دەشڵێت "ڕاهێنانمان بە دەزگاکانی داوەری دەست پێکردووە. زیاتر لە 120 دادوەر لە هەرێمی وکوردستان لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو ڕاهێنانینا پێکراوە بە پێی پێوەری نێودەوڵەتی."

بەڵام سەنتەری میترۆ ڕایگەیاندووە ساڵی ڕابردوو 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 ڕۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی لە هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراون، وە بە پێی ئەم ئامارانەش بێت پێشێلکاریەکان لە ساڵی 2022 دا زیادی کردووە.