لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو زیندانی سیاسی کورد لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئاسایشییەکانی ئێراندا گیانیان لەدەستدەدەن 

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕادەگەیەنن چالاکوانێکی سیاسی کورد کە ماوەیەک پێش ئیستا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە زیندانی ورمێ لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئاسایشییەکانی ئەو وڵاتەدا گیانی لەدەستداوە.

رێکخراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایانگەیاندووە پەیمان گەڵوانی تەمەن 24 ساڵ دانیشتووی شاری مەهاباد لە زیندانی ورمێ بە هۆی "ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە گیانی لەدەستداوە."

محەمەد هۆژەبری، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەم بارەیەوە دەڵێت

"بە پێی بەدواداچوونی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە پەیمان گەڵوانی بە هۆی ئاستی کەمی هۆشیارییەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە کراوە و پاشان لە 9ی مانگی حەوت لە هەمان نەخۆشخانە بە هۆی قورسی برینەکانیەوە لە گیانی لەدەستداوە."

بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی پەیمان گەڵوانی لە ژێر ئەشکەنجە، لە کاتێکدایە کە ڕۆژی شەممە 8 مانگی حەوت، زیندانییەکی سیاسی دیکەی کورد بە ناوی موسا ئیسماعیلی بە هەمان شێوە بە هۆی ئەشکەنجەی دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گیانی لە دەستدا.

ڕۆژی هەیەنی هەفتەی ڕابردووش (7ی مانگی حەوت) حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند دوو ئەندامی لە گوندی هەڵشۆی دەڤەری قەڵادزێ لەلایەن بە "کرێگیراوێکی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە" تیرۆر کراون.

ئایا ئەم رووداوانە نیشانەن بۆ دەستپێکی شەپۆلێکی دیکەی سەرکوتکردن لە کوردستانی ئێران و ترساندنی خەڵک لە ئێران؟

لە وەڵامدا ئەندامەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "کۆماری ئیسلامی ئێران لەوەتای هاتنە سەرکاری ترسی گەورەی لە کورد بووە وەک سەنگێکی سیاسی جددی و دوای شۆڕشی "ژن،ژیان،ئازادی" ئەو ترسەی زۆرتر بووە و هەر بۆیە هەموو هەوڵێک دەدات کە لە ڕێگای سەرکوتکردنی کوردەکانەوە، نەتەوەکانی دیکەش بترسێنێت لە هەر جۆرە دەڕبڕینی ناڕەزایەتی."

تەواوی وتووێژەکەی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ محەمەد هۆژەبری، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان:

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ محەمەد هۆژەبری