هێرشێکی کوشندە دەکرێتە سەر بنکەیەکی سەربازی پاکستان لە بەلوچستان

لەشکری پاکستان ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند، هێرشێکی یاخیبووان بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە باشووری ڕۆژئاوای بەلوچستان، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم چوار سەرباز و پێنج سەربازی دیکەش بە سەختی برینداربوون.

ڕاگەیاندنی سوپا دەڵێت، پێنج "تیرۆریست" بەرەبەیانی زوو هەوڵیانداوە "بە دزییەوە بچنە ناو دامەزراوەکە" لە قەزای ژۆب لە باکووری هەرێمەکە بەڵام سەربازەکان ڕێگرییان لێکردن.

لە بەیاننامەیەکدا هاتووە "لە ئەنجامی شەڕە تەقەیەکی سەختدا لەگەڵ ئەو تیرۆرستانە سێ چەکداری کە چەکی قورسیان پێبووە کوژراون." ئۆپراسیۆنی پاککردنەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ دەستگیرکردنی دوو تیرۆریستەکەی دیکە بەڕێوەدەچێت."

پێشتر بەرپرسێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتی قەزاکە پشتڕاستی کردەوە کە چەکدارەکان هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ژۆب. عەزیم کاکار بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هاووڵاتی مەدەنیش لە شەڕە تەقەی نێوانیاندا گیراون و بەهۆیەوە ژنێک گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسیش برینداربوون.

سەرچاوە ئاسایشییەکانیش لە ژۆب ڕایانگەیاندووە، دوای کوژرانی هەر پێنج هێرشبەرەکە، گەمارۆی چەند کاتژمێرێک کۆتایی پێهاتووە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، هێزە ئاسایشییەکان 9 کەسیان لەدەستداوە و 15 کەسی دیکەشیان دیکەش برینداربوون.

بەرپرسانی پاکستان دەستبەجێ هیچ لێدوانێکیان لەسەر بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان نەدا.

بەپێی زانیارییەکان، ڕێکخراوێکی چەکداری تەحریکی جیهاد کە تازە دامەزراوە بەرپرسیارێتی هێرشەکەیگرتووەتە ئەستۆ ، بەڵام نەتوانرا دەستبەجێ پشتڕاستبکرێتەوە. پێدەچێت ئەو گرووپە پەیوەست بێت بە ڕێکخراوی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان کە گروپێکی قەدەغەکراوە یان تی تی پی هاوپەیمانی ڕێکخراوە توندڕەوە قەدەغەکراوەکان کە هێرش دژی دەوڵەتی پاکستان ئەنجام دەدەن.

هەرێمەکانی بەلوچستان و خەیبەر پختونخوا لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەی کە هاوسنوورە لەگەڵ ئەفغانستان، لەم دواییانەدا زیادبوونێکی بەچاوی هێرشەکانیان بەخۆوە بینیوە. بەهۆی توندوتیژیانە لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە تا ئێستا زیاتر لە 400 کەس کوژراون.

تەحریکی تاڵیبانی پاکستان و سوپای ناسرو بە ڕزگاری بەلوچ کە هەردووکیان لەلایەن ئەمەریکاوە وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی جیهانی دەستنیشانکراون، بەرپرسیارێتی زۆربەی هێرشەکانیان لەو دوو هەرێمە و شوێنەکانی دیکەی پاکستانیان لە ئەستۆ گرتووە.

سوپای پاکستان کوژرانی زیاتر لە 100 ئەفسەر و سەربازی لە هەڵمەت و تێکهەڵچوونەکانی یاخیبووان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا پشتڕاستکردەوە.

ڕاپۆری ئەیاز گول، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە ئیسلام ئاباد