دادگایەکی تورکیا بڕیاری ئازادکردنی 15 ڕۆژنامەوانی کورد دەدات

ڕۆژی چوارشەممە 15 ڕۆژنامەوانی کورد لە تورکیا بڕیاری ئازادکردنیان لەلایەن دادگاوە دەرچوو کە لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردووەوە لە زیندان بوون، ئەمەش پاش دەستپێکردنی پرۆسەی دادگاییکردنی 18 ڕۆژنامەوان لە ئامەد بە تۆمەتەکانی پەیوەست بە تیرۆر.

پۆلیسی تورکیا ڕۆژی 8ی شەشی 2022، هەژدە ڕۆژنامەنووسی لە پارێزگای ئامەد دەستبەسەر کرد و دادگاش ڕۆژی 16 شەش 2022 بڕیاری دەستگیرکردنی 15 ڕۆژنامەوانیانی دەرکرد.

سەرۆکی داواکاری گشتی ئامەد دوای دە مانگ دۆسێیەکی 728 لاپەڕەیی ئامادەکرد و ناوی ئەو بەرنامەیانەی لە کەناڵە تەلەفزیۆنییە کوردییەکان بڵاوکردەوە کە لە دەرەوەی وڵات پەخش دەکرێن و پەخشکردنی ڕاپۆرتی هەواڵی ڕۆژنامەنووسانی لەو کەناڵە تەلەفزیۆنییانە بە "پەیوەندی ڕێکخراوەیی" زانی.

ڕۆژنامەنووسەکان لە یەکەم دانیشتنی دادگادا خۆیان بە بێتاوان ناسی و ڕایانگەیاندووە، ناکرێت چالاکییە پیشەییەکانیان ببێتە بابەتی لێکۆڵینەوە.

سەرەڕای داخوازییەکەی داواکاری گشتی بۆ بەردەوامی دەستگیرکردنی سەرجەم ڕۆژنامەنووسان، دادگا بە کۆی دەنگ بڕیاری ئازادکردنی ئەوانی لە ژێر ڕێوشوێنی کۆنترۆڵکردنی دادوەریدا دەرکرد. لێرەوە هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فیرات و سەرنووسەری ئاژانسی مێزۆپۆتامیا و سەرنووسەری ڕۆژنامەی خۆبوون و ڕۆژنامەنووسانی دیکە لە دانیشتنی یەکەمدا ئازاد کران .

زانیاری زیاتر لەم وتووێژەی ئوزلەم یاساک لەگەڵ پەیامنێرمان لە ئامەد خەجیجان فارقین ببیستە:

Your browser doesn’t support HTML5

خەجیجان