ئایا ئەردۆغان دەیەوێت تورکیا ببێتە بەشێک لە جیهانی ڕۆژئاوا؟!

کردنەوەی دەرگای وتووێژ بۆ ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا، مەرجی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ، سەرۆک کۆماری تورکیا بوو بۆ پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا. زۆر کەس لەگەڵ ڕاگەیاندنی داواکەی ئەردۆغان گوتیان مەبەستی سەرۆکی تورکیا لەو قسانە، پاراستنی سیما و شاردنەوەی راستییەکانە، ئەمەش بەهۆی ئەم دوو ڕاستییە کە لەم ڕۆژانەدا لەسەر زاری شیکەرەوان دووبارە دەبنەوە.

یەکەم؛ بەو ڕاگەیاندنە چاوەڕواننەکراوە، ئەو راستییە ڕوون بووەوە کە هۆکاری ڕەتکردنەوەی ئەردۆغان بۆ ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، پەیوەندی بە کورد و پرسی تیرۆرەوە نەبووە.

دووەم؛ ئەورووپاییەکان مامەڵە لەسەر بەها و پرەنسیپەکانی کۆمەڵگەکانیان ناکەن. بەو پێیەی کە سەرۆک وەزیرانی سوید دوای دیدارەکەی لەگەڵ ئەردۆغان، بە بی بی سی ڕاگەیاند" ئێمە تەنها بە هۆی داوای ئەندامبوونمانەوە لە ناتۆ، شەڕی تیرۆر و تاوانی ڕێکخراو ناکەین، بەڵکو هەموو شتێک کە لە سوید ئەنجام دەدرێت، دەبێت بە پێی دەستوور و یاساکانی سوید بێت."

چونکە یەکێتی ئەورووپا ئیتر تەنها یەکێتییەکی سیاسی نییە، بەڵکو یەکێتییەکی ئابووری، کولتووری و گەشەدەری دیموکراسییە و ئەوەندەش بەهێزە کە ملکەچی گوشارە سیاسییەکان نابێت، هەر بۆیە پێش هەر کەسێک ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بە ناوی 27 ئەندامی یەکێتی ئەورووپاوە وەڵامی مەرجەکەی ئەردۆغانی دایەوە بە کورتی و ڕوونی گوتی "ئەم دوو بابەتە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە یەکەوە نییە."

بێگومان ئەردۆغان و دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەوەندە لە سیاسەت تێدەگەن کە دان بەو ڕاستیانەدا بنێن، هەر بۆیەش وەڵامی ینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆیان نەدایەوە کاتێک گوتی "کردنەوەی دەرگاکان بەڕووی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا بابەتێکە پەیوەندی بە یەکێتی ئەوروپاوە هەیە نەک ناتۆ".
بە بیستنی ئەم لێدوان و بۆچۆنە جیاوازانە، ئەم پرسیارە لای زۆر کەس درووست بوو کە بۆچی ئەردۆغان داوا دەکا تورکیا ببێتە بەشێک لە جیهانی ڕۆژاوا؟


رزگاربوون لە قەیرانە ناوخۆییەکان

لە ساڵانی یەکەمی دەسەڵاتی ئەردۆغان دا، شرۆڤەکاران دەیانەویست پێشبینی ئەوە بکەن کە کام لایەنی کۆمەڵگەی دابەشکراوی تورکیا، لەو کاتەدا، دەستی باڵای دەبێت؟ ئەو بزووتنەوە ئایینیەی کە تورکیا بەرەو جیهانی ئیسلامی دەبات یان ئەو بزووتنەوە عەلمانییەی کە تورکیا بەرەو جیهانی ڕۆژئاوا دەبات؟ بەڵام ئێستا ئەو بابەتە هێند گرنگ نیە بەو ئەندازەیەی کە شارەزایان دەیانەوێت بزانن ئایا هەر بەڕاستی ئەردۆغان دەیەوێت تورکیا بباتە نێو کۆمەڵگە ئەورووپاییەکان و کار بۆ ئەو ئامانجە دەکات یان نا؟

عەلی گردەلی، کۆمەڵناس و فەیلەسوف کە بەهۆی بیروباوەڕی خۆیەوە لە تورکیاوە کۆچی کردووە بۆ ئەڵمانیا، گومانی هەیە و دەڵێت، " ئەردۆغان لە دڵەوە و بە نیازی پاکییەوە ئەم داوایەی نەکردووە، چۆنکە لە ماوەی درێژی دەسەڵاتەکەیدا کاری بۆ دامەزراندنی دەستەڵاتێکی ئیسلامی کردووە ، کە بە ناوی ئیسلامی دیموکراتیک پێناسەی کردووە. بەڵام لە ڕاستیدا بۆ دەوڵەتێکی ئایینی یان ئیسلامێکی توندڕەو کاری کردووە."

بەڵام ئەردۆغان وەک زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی دیکەی پراگماتیکی بێ سنوور بە گوتەی دکتۆر وەیسی چیا، مامۆستای سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی هیبروو لە ئۆرشەلیم " بازرگانی بە بەرژەوەندییەکانەوە دەکات. ئەو هەمیشە بە داواکاری گەورە دەچێتە پێشەوە بۆ ئەوەی بە دەستی بەتاڵ نەگەرێتەوە. ئەو دەیەوێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکانەوە، ئابووری تورکیا بباتە ناو بازاڕەکانی ئەمریکا و ئەوروپا."

عەبدوڵا دەمیرباش، سەرۆکی پێشووی شارەوانی دیاربەکر هەمان باوەڕی هەیە و دەڵێت " دەوڵەتی تورکیا لە رووی ئابووری و سیاسی و کولتووری وپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە گیری خواردووە، ئەردۆغان دەیەوێت ئەم دۆخە خراپە بە قازانجی خۆی یەکلایی بکاتەوە و بە کۆمەڵگەی تورکیا بڵێت کە ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا پەسەندی کرد، بەڵام قازانجی لێی وەرگرتوە. بە مەش بۆ ماوەیەک هەست بە ئاسوودەگی دەکات."

پاککردنەوەی ڕێگایەکی کۆن تێچووی زۆرە

کاتێک لە ساڵی 1987 ئەورووپاییەکان ڕازی بوون دانوستانی ئەندامێتی لەگەڵ ئەنکەرە بکەن، دۆخەکە زۆر جیاواز بو. هەندێک پرەنسیپی کۆمەڵگەی تورکیا بە پێی پێوەرەکانی ئەوروپا بوون. پرسی کورد و پرسی مافی مرۆڤ گەورەترین بەربەست بوون. بەڵام دوای ئەوەی پێوەرەکانی کۆپنهاگن بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی ئەورۆپا دا لە ساڵی 1993 دامەزران، ڕۆژ بە ڕۆژ وتوووێژەکان ئاڵۆزتر بوون تا لە کۆتاییدا لە ساڵی 2016 بە تەواوی گەیشتن بە بنبەست.

لەو ساڵانەدا ئەردۆغان و ئاکەپە ڕەگ و ڕیشەی خۆیان لە نێو کۆمەڵگەی تورکیادا چاند، بەڵام ئەو سیاسەتەی کە ئەردۆغان پەیڕەوی دەکرد و دکتۆر وێسی چیا بە "یاری دوو سەر" ناوی دەبات، لەلایەن ئەورووپاییەکانەوە پەسەند نەکرا. ئەوەش سەرەتای دەستپێکردنی بێ متمانەیی بوو لە ناویاندا. متمانەی ڕۆژئاوا بە ئەردۆغان زۆر لاواز بوو. لە هەمان کاتدا ئەردۆغان خۆی ئەو باوەڕەی لە نێو کۆمەڵگەی تورکیادا چاند کە جیهانی ڕۆژئاوا دوژمنایەتی تورکیا و تورک و ئیسلام دەکات و هاتاکو ئێستاش کە بێ متمانەیییەکە دوولایەنەیە. هەر بە هۆی ئەم ڕاستیانەوە، داواکاری و مەرجی ئەردۆغان لۆژیکی نەبوون.

ئومیت پامیرکە وەک نێردەی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵانی 2000 بۆ 2004 کاریکردووە و لە ناتۆش وەک نوێنەری تورکیا لە ساڵانی 2004 بۆ 2007 کاریکردووە ، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند "بۆ ئەوەی ئەوروپاییەکان گوێ لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان بگرن، پێویستە تورکیا گرنگی بە بەها سەرەتاییەکان بدات لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی ڕۆژاوا. پێویستە ڕێز لە مۆدێلی کۆمەڵایەتی دیموکراسی سیکولار و ڕۆڵی یاسا بگرێت و دانیان پێدا بنێت. پێویستە تورکیا پێش ئەوەی داوای ئەندامێتی لە یەکێتی ئەورووپا بکات، هەنگاو بەم ئاراستەیەدا بنێت."

بەکورتی ئەگەر ئەردۆغان بەڕاستی بیەوێت تورکیا ببێتە بەشێک لە یەکێتی ئەورووپا، ئەوا لە خولی چوارەمی دەستهەڵاتەکەیدا، بەرەوروی ئەرکێکی قورس دەبێتەوە. دەبێت پێوەرەکانی کۆپنهاگن پەیڕەو بکات . هەنگاوی یەکەمیش لەو ئاڕاستەیەدا، قەناعەت پێکردنی خەڵکی تورکیایە و بەتایبەتی لایەنگرانی کە باوەڕی ئایینییان هەیە و دەبێت بیانخاتە سەر ئەو باوەڕە کە جیهانی ئیسلامی بەس نییە بۆدابینکردنی پێداویستییەکانیان و پێویستیان بە ئەورووپاییەکانە. بە واتایێکی تر ئەمە مانای گۆڕانکارییە لەو بنەمایانەی کە درێژەی بە دەسەڵاتی ئەردۆغان داوە و بەهێزیان کردوە. دیوی تریش ئەوەیە کە یەکێتی ئەوروپا سەیری سیستەمی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی دیموکراسی و سەروەری یاسا دەکات کە مافی مرۆڤ لە پێش هەموو شتێکەوەیە.

کەس باوەڕی بەوە نییە کە بزووتنەوەیەکی لەو شێوەیە سەر بگرێت، چونکە سەرچاوەی هێزی ئەردۆغان، بەکارهێنانی هەستی ئایینی و پێشێلکردن و لەبەرچاونەگرتنی مافەکانی کوردانە، هەر بۆیە پێدەچێت خواستی ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپا ببێتە یارییەکی دووجەمسەرو دەرفەتێکی نوێش بۆ ئەردۆغان.

رێگاکان بە ئاراستەی یەکێتی ئەورووپا لە ئامەدەوە دەستپێدەکات

لەو کاتەی کە برۆکسل پرسی ئەندامێتی تورکیای لە یەکێتی ئەورووپادا لەگەڵ ئەنکەرە دەستیپێکرد، هیوایەک هەبوو، نەک تەنها لە نێو کوردەکانی تورکیا، بەڵکو لە نێو هەموو کوردەکاندا، کە کاتێک تورکیا ببێتە بەشێک لە کۆمەڵگەی ڕۆژاوا، ڕێگەی چارەسەرکردنی پرسی کوردیش بە شێوەیێکی ئاشتیانە دەکرێتەوە. ئێستاش ئەو هیوایە هەر هەیە. عەبدوڵڵا دەمیرباش هاوشێوەی زۆرێک لە شرۆڤەکاران و سیاسەتمەدارانی کورد پێی وایە ئەندامبوونی تورکیا لە ناو یەکێتی ئەورووپا "هەنگاوێکی باش دەبێت بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی و ئازادیەکان و مافەکانی کورد و کوردستان." دەمیرباش قسەکانی سیاسەتمەداری تورکیا مەسعود یڵمازی کە سێ خول سەرۆک وەزیرانی تورکیا بووە، دووپاتکردەوە کاتێک گوتبووی " دەروازەی یەکێتی ئەورووپا لە ئامەدەوە دەکرێتەوە. بەو واتایەی کە ئەگەر بمانەوێت بچینە ناو یەکێتی ئەورووپاوە، پێویستە پرسی کورد چارەسەر بکەین."

لەو کاتەوە و تا ئێستاش ماگا زاگۆنێ (دەستوری وەڵات) بەهێزترین بەربەست بووە لە بەردەم گەیشتنی کورد بە مافەکانیان لە تورکیا. جگە لەوەش چەند یاسایەک کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆغان پەسەندکران، ئازادییە گشتییەکان و ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەرییان بەرتەسک کردووەتەوە. بۆیە عەلی گردەلی دەڵێ تا ئەوکاتەی یەکێتی ئەوروپا بیر لە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی ئەندامێتی تورکیا دەکاتەوە، دەبێت تورکیاش "هەنگاوی یاسایی بنێت بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد و نەهێشتنی هەڵاواردنەکان بەرامبەر بە پێکهاتەکانی تورکیا."

بەڵام ئەگەر 20 ساڵ پیش ئێستا، جێبەجێکردنی پێوەرەکانی کۆپنهاگن و دەستەبەرکردنی مافی پێکهاتە جیاوازەکانی تورکیا نزیک بوون لە مەحاڵ، لە ئیستاشدا بەدیهێنان و دەستەبەرکردنی ئەو مەرجانە گەلێک ئاڵۆزتر بوون، چونکە ئەردۆغان لەماوەی ئەو ساڵانەدا، ئەو باوەڕەی لە کۆمەڵگەی تورکیادا چاندووە کە بەهاکانی تورکیا جیاوازە لە بەهای ئەرووپاییەکان و کەسیش مافی ئەوەی نییە بەهاکانی بە سەر تورکیا دا بسەپێنێت.