"وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشان داوای لێبوردن لە هەموو ئەو خەڵکە دەکەین، لە بنەماڵەی ئەو دوو پێشمەرگەیە، لە سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین کە ناخیان برینداربوون، کە جارێکی تر ئەم پەڵە ڕەشە، ئەم خاڵە ڕەشە دیسانەوە دووبارەبووەوە لە بزووتنەوەی کورددا. دڵنیاشیان دەکەینەوە کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان چەکی بە ڕووی کەسدا نەکێشاوە و سووریشین لەسەر ئەوەی تاوانباران بناسێنین." وتەبێژی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لێدوانەکەیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ئەو داوای لێبوردنەی بەناوی لایەنەکەیەوە ڕاگەیاند.
فەریبا محەمەدی لەسەر ئەو قەیرانەی لەناو کۆمەڵەدا دروست بوو، دەڵێت "ئێمە نەماندەویست خوێن بڕژێت و تەنانەت سوکایەتییەکیش بە کەس بکرێت، هەر بۆیە هەموو هەوڵەکەمان ئەوەبوو کە دەگەڕێینەوە ناو حزبی خۆمان، ئەمە نە جیابوونەوەیە و نە دابڕانە و نە بە قەولی ئەوانیش کە ئێستا پێمان دەڵێن کودەتایان کردووە."
لە دوای سەرهەڵدانی ئەو قەیرانەی ناو کۆمەڵە، وێڕای هەموو هەوڵەکان تا ئەو قەیرانە تەقەکردنی تێنەکەوێت، بەڵام کار لە کار دەترازێت و لە پێکدادانێکدا دوو پێشمەرگەی کۆمەڵە خوێنیان دەڕژێت و گیان لەدەستدەدەن. هەر لە سەرەتای قەیرانەکەوە لیژنەی تایبەت پێکهێنرا بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەو ڕووداوی خوێنڕشتنە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت، لیژنەکان هیچ ئەنجامێکی ئەو لێکۆڵینەوانەیان بڵاونەکردۆتەوە.
وتەبێژی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت "ئامادەین بۆ هەموو جۆرە لێکۆڵینەوەیەک و هەر لایەکیش دەیەوێت کۆمیتەیەک پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە کوژرانی دوو پێشمەرگەی کۆمەڵە؛ ئێمە هیچ کێشەمان نابێت و هیچ بەربەستێکیشمان نابێت لەسەر ڕێگەی ئەو کۆمیتەیە و ئامادەی هاوکاریین بۆ ڕوونبوونەوە و ئاشکرابوونی تاوانبارانی ئەم تاوانە گەورەیەی کە کرا."
پێدەچێت یەکێک لە گرفتە سیاسییەکان لەناو کۆمەڵەدا بریتی بێت لە نەبوونی ڕوانینێکی سیاسیانەی هاوبەش بۆ ئایندە، وەک وتەبێژی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ئاماژەی پێدەکات، کۆبوونەوەیەک دەکرێت بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئۆپزسیۆنەکانی ئێران، بەبێ ئەوەی هیچ ئەندامێک ئاگاداربێت یان ئاگاداریش بکرێتەوە و دەشڵێت "دوای کۆبوونەوەکەی جۆرج تاون، هیچ لایەنێکی سیاسی لە کوردستاندا ڕاگەیەندراوی مەهسای پەسەند نەکرد و دژی وەستانەوە."
فەریبا محەمەدی، لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا باسیش لە چەند خاڵێک دەکات لە قەیرانی کۆمەڵەدا، وەک دەڵێت " هێشتاش کەسە یەکەمەکانی حزبەکان کەسانی 30 بۆ 40 ساڵی ڕابردوون و ناکرێت ئێمە خۆمان ببەستینەوە بە چەندین سەرکردەوە و خۆمان ببەستینەوە بە چوارچێوەیەکی قەتیس کراو و هەر لەو چوارچێوەیەدا بخولێینەوە."
وتەبێژی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، بە پێویستی دەزانێت گۆڕانکاریی بنچینەیی بکرێت و سوود لە تواناییەکانی ژنان و گەنجان وەربگیرێت بۆ نۆژەن کردنەوەی پێکهاتە و بەرنامەی کارکردنی حزبەکان.
لە شۆڕشی ژینادا و لە شەپۆلی ناڕەزاییەکانی تری کوردستانی ئێراندا وەک زۆرێکیش لە چاودێران جەختیان لێدەکردەوە، ڕێکخراوە سیڤیلییەکان لە بزواندنی شەقام و دروستکردنی ڕای گشتی و بەرنامەڕێژیی ئایندەییدا، ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگەدا.
فەریبا محەمەدی هاوڕایە و دەڵێت "ئەرکی ڕێکخراوە سیڤیلییەکان لە ناوخۆدا زۆر بەرچاوە و ئەرکێکی قورسیان لەسەر شانە و لەم دوو دەیەیەی ڕابردوودا زۆر بە باشی ئەو کەلێنەیان پڕکردۆتەوە کە حزبەکان دوور بوون، ئەمەش خزمەتێکی گەورەی بە پرسی کورد کردووە لە هەموو بابەتێکەوە."
لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا بەرەوپێشچوونی ڕێکخراوە سیڤیلییەکان، بە مانای کاڵبوونەوەی ڕۆڵی حزبەکانە لە کوردستانی ئێران؟ فەریبا محەمەدی، وتەبێژی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت هێشتاش بەلای خەڵکەوە حزبەکان گرنگیی خۆیانیان هەیە و دەشڵێت "لە شۆڕشی ژینادا حزبەکان نیشانیاندا کە پێگەی خۆیانیان هەیە، بە مەرجێک خۆیان قەدری خۆیان بزانن. وێڕای هەموو ڕەخنەیەک کە لە حزبەکان هەیە، هەموو دڵ کرمۆڵییەک کە لە حزبەکان هەیە و بە دروستیش خەڵکی کوردستان هەیانە، بەڵام خەڵکی کوردستان هێشتا هەر پشتیوانی حزبەکانن و هێشتاش هەر بە دەنگی حزبەکانەوە دێن."
زانیاری زیاتر لەم لینکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5