بانگهێشتکردنی 54 پارێزەری کورد لە لایەن داواکاری گشتی بوکانەوە

لەسەروبەندی نزیک بوونەوە لە ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پولیسی ئاکاری ئیڕاندا، سەرچاوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنن کە گوشاری هیزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئەو کەسانەی پشتیوانی لە بنەماڵەی قوربانیانی ناڕەزایەتییەکان دەکەن، چڕتر بووەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاندوە کە داواکاری گشتی بوکان 54 پارێزەری چالاکی ئەو شارەی بانگهێشت کردووە.

داواکاری گشتی بوکان لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاندووە کە هۆکاری بانگهێشتکردنی ئەو پارێزەرانە "بڵاوکردنەوەی وێنە و دیمەنی نەشیاو بووە".

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ئەو پارێزەرانە مانگی 9ی ساڵی ڕابردوو، لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرەڕای دەربڕینی پشتیوانی خۆیان بۆ بنەماڵەی ژینا ئەمینی، ڕەفتاری نایاساییان لەلایەن هەر دامەزراوە و ڕێکخراوێکەوە، لەژێر هەر ناونیشانێکدا سەرکۆنە کردبوو.

پارێزەرەکان لە بەیاننامەکەی خۆیاندا، گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیان بە ڕووداوێکی "گوماناوی" ناودێر کردبوو کە بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و تێکچوونی هەستی ئاسایشی گشتی لە کۆمەڵگەدا.

ئەو 54 پارێزەرە بانگهێشتکراوە لە بەیاننامەکەیاندا ڕایانگەیاندبوو "توندوتیژی کوێرانە و لە دەرەوەی یاسا، بەبێ دادگاییکردنی تاوانباران" هۆکارن بۆ دروستکردنی ترس و توقاندن لە کۆمەڵگەدا. هەروەها ئامادەیی خۆیان بۆ وەرگرتنی دۆسیەکە و هەر جۆرە پشتیوانییەکی یاسایی بۆ بنەماڵەی ژینا ئەمینی تا ئەنجامی کۆتایی ڕاگەیاندبوو.

هەنگاو لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیوێتی "لە کۆتایی مانگی هەشتی ساڵی ڕابردووەوە تاکو ئێستا، داواکاری گشتی بوکان بە شێوەیەکی بەردەوام و بە بیانووی جوراوجۆر فشاری خستۆتە سەر ئەو پارێزەرانەی کە بەیاننامەکەیان واژۆ کردووە."

ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ بە بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو پارێزەرە بانگهێشتکراوانە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە بە پشتبەستن بە ڕاگەیاندنی داواکاری گشتی، پارێزەرەکان دەبێت تا 16ی مانگی حەوت سەردانی شوێنی داواکاری گشتی بکەن.

کوژرانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێران لە 16ی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو بوو بە هۆی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری لە ئێران وبەو هۆیشەوە لانیکەم 500 کەس کوژران و سەدان کەسیش بریندار بوون و هەزاران خۆپیشاندەریش دەستبەسەر کران.