چالاکانی سیاسی و مەدەنی کوردستان داوا دەکەن لێپرسینەوە سەبارەت بە گیانلەدەستدانی زیندانیانی کورد بکرێت

Iranian social media activist in prison

دوابەدوای گیانلەدەستدانی ژمارەیەک زیندانی سیاسی کورد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، 100چالاکی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا داوا دەکەن حکومەتی ئێران لێپرسینەوە لە دامودەزگا بەرپرسەکانی ئەو ڕووداوە بکات.

واژۆکارانی بەیاننامەکە بە ئاماژە بە "دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی" و "کوژرانی بەشێک لە زیندانیانی سیاسی کورد لە زیندانەکاندا" باس لە پەرەسەندنی نیگەرانییەکان دەکەن لە نێو بنەماڵەی زیندانیان و ڕای گشتی کۆمەڵگەدا.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم دوو زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی پەیمان گەلوانی تەمەن 24 ساڵ، خەڵکی مەهاباد و مووسا ئیسماعیلی تەمەن 35 ساڵ خەڵکی گوندێکی پیرانشار لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئاسایشی ئێران گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، پێمان گەڵوانی بە "ئەندامبوون لە یەکێک لە پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن" تۆمەتبار کرابوو.

لە بەیاننامەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردستاندا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پاراستنی گیانی زیندانیان لە ڕووی یاساییەوە لە ئەستۆی دەزگای دادوەری و دامودەزگا ئەمنییەکانی پەیوەندیدارە و هەر جۆرە کەموکوڕییەک لەو بارەشەوە، پرسەکە لە نێو کۆمەڵگەدا دوو هێندەەیتر هەستیارتر دەکات.

واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە داوای "ڕوونکردنەوە و لێپرسینەوە لە دامەزراوە بەرپرسیارەکان دەکەن سەبارەت بەو گیانلەدەستدانانە".

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لانیکەم 20 زیندانی لە زیندانەکانی حکوومەتی ئێران کوژراون کە 13 کەسیان کورد بوون.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا