بڕیاری دەستگیرکردن بۆ بەرپرسێکی نزیک لە شێخ نەهرۆی کەسنەزانی دەرچوو لەسەر هێرشکردنە سەر کۆمپانیایەکی نەوت

بە تۆمەتی بەکارهێنانی هێزە "خۆبەخشەکەی" گەرمیان بۆ هێرشکردنە سەر کۆمپانیایەکی نەوتی، دادگای دوزخورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەربەست ساڵح بەرپرسی ئابووری تەریقەتی کەسنەزانی دەرکرد، بەڵام ناوبراو تۆمەتەکە ڕەتدەکاتەوە.

بەپێی بڕیاری ژمارە 1332ی دادگای دوزخورماتوو کە لە ڕۆژی 9ی مانگی حەوتی 2023 دەرچووە و واژۆی دادوەر نوح جوامێری لەسەرە، بڕیاری دەستگیرکردن دەرچووە بۆ سەربەست ساڵح کە پێشتر وا بڕیاربوو سەرۆکی ڕەوتە سیاسیەیەکەی تەریقەتی کەسنەزانی بێت.

دەنگی ئەمەریکا کۆپییەکی بڕیاری دەستگیرکردنەکەی دەستکەوتووە کە لەسەر سکاڵای کۆمپانیای دەروازە نێودەڵەتییەکان بۆ خزمەتگوزاری نەوت، دەرچووە.

لوئەی مونعم نوێنەری یاسایی کۆمپانیاکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ڕۆژی 16ی مانگی شەشی 2023 لە کاتژمێر 6 ی ئێوارە، هێزێکی 26 کەسی کە چوار ئۆتۆمبێلیان پێبوو بە چەکی سوک و مام ناوەندییەوە هاتنە سەر کۆمپانیاکەمان لە نێوان قەزای خورماتوو و ناحیەی زنانە. هاتنی هێزەکە بە کامێرا تۆمارکراوە."

بڕیاری دەستگیرکردنەکە بە پێی مادەی 430 یە لە یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە هەڕەشەکردنی ڕاستەوخۆ یاخود هەڕەشەکردن لە ڕێگەی خەڵکی ترەوە.

بەڵام سەربەست ساڵح بە توندی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و بێ ئاگایی خۆی لە دەرچوونی بڕیاری گرتن بۆی نیشاندەدات.

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تۆمەتبار کردنم ئەسڵ و ئەساسی نییە."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە ئەبوو جونەید بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەکیەی کەسنەزانی، بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان بدات.

کۆمپانیا نەوتییەکە شوێنی کارکردنی لە سنوری ناحیەی زنانەی سەربە قەزای خورماتووەوە و کاری پاڵاوتنی گازو ڕۆن و ناردنییەتی بۆ ناوچەکانی هەرێم و پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

لوئەی مونعم وتی، "هێزەکە پێیانوتین، 'بە فەرمانی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی دەبێت کۆمپانیاکە دابخەن.' وتمان، 'شێخ نەهرۆ کێ یە؟ چونکە نایناسین و هیچ مامەڵەیەکمان لەگەڵی نییە. ئەوان وتیان، 'فەرمانمان پێکراوە.' هەندێک لەو چەکدارانەمان ناسییەوە و پێشتر شۆفێر بوون و چەکداری کرێ گرتەن."

ئەو هێزەی تۆمەتبار دەکرێن بە هەڵکوتانە سەر کۆمپانیا نەوتییەکە بە "فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان" ناسراون. مێژووی دروستبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی داعش و لە نزیکەی 40 چەکداری گەنج پێکهاتوون.

لوئەی مونعم دەڵێت، "چەکدارەکان 16 کاتژمێر کۆمپانیاکەیان داخست و فەرمانبەرەکانیان دەستبەسەرکرد و نەیانهێشت کەس لە کۆمپانیاکە دەربچێت. دواتر پەیوەندیمان بە سکرتێری شێخ نەهرۆ کەسنەزانییەوە کرد و سکرتێرەکە وتی، 'فەرمانمان پێکراوە بۆ داخستنی کۆمپانیاکە، چونکە کۆمپانیاکە پەیوەندی بە کەسێکەوە هەیە بە ناوی قوسەی.' وتمان، 'ئەم کارە شیاو نییە و مافیاگەرییە. سکرتێرەکە فەرمانیدا واز لە فەرمانبەرەکان بهێنرێت بەڵام کۆمپانیاکە دابخرێت. دواتر ئێمەش لە دادگای خورماتوو سکاڵامان تۆمارکرد و فەرمانی گرتن بۆ هێزەکە دەرچوو."

سەبارەت بە ناسنامەی قوسەی ئەحمەد کە بە وتەی لوئەی مونعم سکرتێری شێخ نەهرۆ کردوویەتی بە بیانوو بۆ داخستنی کۆمپانیا نەوتییەکە، لوئەی مونعم نوێنەری یاسایی کۆمپانیاکە وتی، "ئەوان دەڵێن قوسەی وەکیلی خێزانی شێخ نەهرۆیە. ئێمە ئەمە نازانین. کۆمپانیاکە هی دە پشکدارە و قوسەی یەکێکە لەوانە. قوسەی دوو ساڵە لەگەڵمانە و 20%ی کۆمپانیاکە هی ئەوە. نازانین سەربە کێ یە."

ڕۆژی دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە باخێکدا لە نزیک ناحیەی ڕزگاری گەرمیان هێرشی کردە سەر هێزە خۆبەخشەکە و لە ئەنجامدا ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویدا.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە ڕووبەڕووبوونەوەکەدا چەکدارێک کوژراوە و دوو چەکداری تریش برینداربوون. هەروەها چەند ئەندامێکی تری هێزەکەش دەستگیرکران کە لەلایەن ئاسایشەوە تۆمەتبار دەکرێن بە هەڕەشەکردن و سەرانەوەرگرتن.

لوئەی مونعم نوێنەری یاسایی کۆمپانیا نەوتییەکە، وتی"لە مانگی 6ەوە و بەهۆی هێرشی چەکدارەکانەوە ئیش و کارەکانمان ڕاگرتووە. سێ ڕۆژە کارمان دەستپێکردووەتەوە. چەکدارەکان سێ ڕۆژ لەمەوبەر دیسانەوە هاتنە سەرمان و پێشمەرگە ڕێی لێگرتن. ئەوان چەکیان بە ڕووی پێشمەرگەشدا بەرزکردەوە و مامەڵەیان زۆر ناشیرین بوو."

بەپێی وتەی پلەدارێکی ئەمنی بۆ دەنگی ئەمەریکا، کاتێک هێزەکە بەرەو ناوچەی زنانە رۆیشتوون بۆ سەر کۆمپانیا نەوتییەکە، هێزەکانی ئاسایش داوای ناسنامەیان لێکردوون، بەڵام ئەوان ناسنامەیان پێنەداون و وتوویانە ئەوانیش هێزێکن هاوشێوەی ئاسایش.

کۆمپانیا نەوتییەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند گرتەی ڤیدیۆیی ڕۆیشتنی هێزەکەیان بۆ سەریان داوەتە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

هێزە خۆبەخشەکە پێشتر بەردەوام چالاکیەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکردۆتەوە و لە چەندین ڤیدیۆشدا دیمەنی سەردانیان بۆ لای بەرپرسە حزبی و سەربازییەکانی یەکێتی بڵاوکردۆتەوە.

دوای هێرشکردنە سەریان لەلایەن ئاسایشەوە، لە ئەکاونتێکی فەیسبوک کە بەناوی دارا عەتای بەرپرسی هێزەکەوە دانراوە و راستی و دروستی خاوەندارێتی ئەکاونتەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتراستنەکرایەوە، ڕاگەیەنراوە، "ئێمە سەرانەمان لەکەس نەسەندووە و سەربە لیوا ئەیوبی فەرماندەی لیواکانی کۆسرەت رەسوڵین، بەشێکیشمان کارمەندی کۆمپانیای شێخ نەهرۆ کەسنەزانین و هیچ کارێکی نایاسییمان ئەنجام نەداوە."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە لیوا ئەیوب فەرماندەی لیواکانی کۆسرەت ڕەسوڵەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکانی بەردەست نەبوون.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر