لەکاتێکدا 13 لایەنی کوردستانی داوای یەک لیستی کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەڵام بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی لەکەرکوک دەڵێت، گەر کورد بە دوو لیست بەشداری هەڵبژاردن بکات جۆش و خرشی زیاتر دروست دەبێت و خەڵکی زیاتر دەڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
مەسعود مەلا پەروێز بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یەک لیستی و دوو لیستی کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان لایەنی ئەرێنی و نەرێنیشی هەیە. گەر لەڕووی عاتفییەوە بیری لێبکرێتەوە یەک لیستی باشە، بەڵام لەڕووی تەکنیکییەوە مەسەلەکە جۆرێکی ترە."
13 لایەنی کوردستانی کە پێکهاتوون لە یەکێتی، گۆڕان، شیوعی، زەحمەتکێشان، کۆمەڵی دادگەری، پارتی سۆسیال دیموکرات و چەند لایەنێکی تر، ئەمڕۆ 19/7/ 2023 لە شاری هەولێر کۆبووەنەوە و ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا داوا لە هەموو حزبە کوردستانییەکان کراوە بەزووترین کات یەک لیستی کوردستانی پێکبهێنرێت، تا بتوانرێت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا کورد زۆرترین دەنگ لە کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بەدەست بهێنێت.
مەسعود مەلا پەروێز دەڵێت، "گەر کورد بە دوو لیست بەشداری هەڵبژاردن بکات، ڕەنگە جۆش و خرۆشی زیاتر دروست ببێت و خەڵکی زیاتر بەشداری هەڵبژاردن بکات."
هەوڵی لایەنە کوردییەکانیش بۆ یەک لیستی و دروستکردنی هاوپەیمانێتی لەکاتێکدایە کۆتا وادە بۆ پێشکەشکردنی ناوی هاوپەیمانێتییەکان بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی 30/7/2023 یە. بڕیارە لە ڕۆژی 18/12/ 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت.
شوان محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە دەمانەوێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی ساڵی 2005 لیستی برایەتی کوردستانی دروست بکرێت. دەمانەوێت یەکێتی و پارتیش لە لیستەکەدا بن، تا لەکاتی هەڵبژاردندا کێشمەکێش لە نێوان کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دروست نەبێت."
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005ی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دا لایەنە کوردییەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکییان کرد و لە کۆی 41 کورسی ئەنجومەنەکە، 26 کورسییان بردەوە.
بەختیار عومەر بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە دژی فرە لیستی و دوو لیستین؛ دەمانەوێت کورد یەک لیست بێت تا سەنگ و پێگەی کورد پارێزراو بێت. کۆبوونەوەی ئەمڕۆی 13 لایەنەکەش بۆ داواکاری لیستی کورد بوو."
سەرباری چڕکردنەوەی هەوڵی لایەنە کوردییەکان بۆ یەک لیستی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتییەوە، چاودێران پێیانوایە ئەستەمە کورد بتوانێت لە هەڵبژاردنی رۆژی 18/12ی ئەمساڵی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا یەک لیست بێت.
Your browser doesn’t support HTML5