مەبەستی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێنانەوەی پۆلیسی ئاکار بۆ ناو شەقامەکانی ئەو وڵاتە چییە؟ 

لە کاتێکدا بەشێک لە ژنانی ئێران بە لابردنی یاسای حیجابەکانیان بەرەنگاری حیجابی زۆرە ملێ لە ئێڕان بوونەوە، حکومەتی ئێران بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ژنانەی سەرپێچی ئەو یاسا توندە دەکەن.

ڕووبەڕووبوونەوەکەش بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر دەکرێت هەر لە سەپاندنی سزای داراییەوە بگرە تا دەگاتە ڕەتکردنەوەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێگریکردن لە کارکردن و تەنانەت سزای سەیر و سەمەرەی وەک مردوو شۆردنیش.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆک پارلمانی ئێران رۆژی چوارشەممە،19ی مانگی حەوت لە کۆبوونەوەیەکدا ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرملێی بە "نائاسایی" ناو دەبات و دەڵێت ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، گەڕانەوە بۆ ئەو دۆخەی کە ئەو بە "دۆخی گونجاو" ناوی دەبات "قورستر" دەبێت.

هەروەها قاسم ڕەزایی جێگری سەرۆکی گشتی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕەچاونەکردنی حیجاب بە پێی یاسا بە "تاوان" ناودەبات و ستایشی هێزی پۆلیسی ئێران دەکات.

دەنگۆی گەڕانەوەی پۆلیسی ئاکار بۆ ناو شەقامەکانی ئێران و سووربوونی کۆماری ئیسلامی لە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە کاتێکدایە کە بە گوتەی شرۆڤەکاران، وڵاتەکە چ لە ئاستی نێوخۆدا و چ لە ئاستی نێونەتەوەیشدا، ڕووبەڕووی قەیرانێکی ڕژدی ڕەوایی سیاسییە.

ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە وەک شرۆڤەکاران و نەیارانی باسی لێوە دەکەن، لە قەیراندایە، کەواتە بۆ لەم کاتە هەستیارەدا کە لە ژێر چاودێری وردی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییە، جارێکیتر پۆلیسی ئاکار دەخاتەوە ناو شەقامەکان؟

ئایا لەگەڵ نزیکبوونەوە بە ساڵڕۆژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاردا، جارێکیتر ئێران ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی سەرتاسەری و گشتی دەبێتەوە یان حکومەت سەرکەوتوو بووە لە بێدەنگکردنی خەڵکدا؟

ئایا پۆلیسی ئاکار لە شار و ناوچە کوردستانییەکانی ئێرانیش دەبینرێن بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەو ژنانەی لە چوارچێوەی ریساکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جل لەبەر ناکەن؟

محەمەد خاتمی سەرۆک کۆماری پێشووی ئیران، 16ی مانگی حەوت دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی پۆلیسی ئاکار بۆ ناو شەقامەکان، گوتی "مەترسی ڕووخانی حکومەت کە چەندین جار باسی لێوە کراوە، لەگەڵ گەڕانەوەی گەشتی ئیرشاد و مامەڵەی خراپی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی لەگەڵ ژنان، زیاتر لە جاران ئەگەرەکەی زۆرتر بووە."

ئایا سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ دەتوانێت ببێتە خاڵی لاوازی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو حکومەتە بەرەو لێوارەی ڕووخان ببات؟

ڕای گشتی شەقامی شارەکانی کوردستان سەبارەت بە پۆلیسی ئاکار چییە؟ بۆ تاکی کورد پرسی حیجاب تا چەند گرنگە؟

Your browser doesn’t support HTML5

ئێران هەڵمەتێکی نوێ بۆ سەپاندنی سەرپۆش بەسەر ژناندا دەستپێدەکات

هەندێ لە شرۆڤەکاران پێیان وایە حکومەتی ئێران لە کردەوەکانیدا سەبارەت بە پرسی ئازادی ژنان تووشی سەرلێشێواوی و جۆرێک پارادۆکس بووەتەوە، لە لایەکەوە لەژێر فشاری باڵە توندڕەوە ئاینییەکاندا هەوڵ دەدات وەڵامێکی قەناعەتپێکەر بۆ ئەو گروپە دەستەبەر بکات و هەو بۆیەش بۆ دڵخۆشکردنی ئەوان دەستبەرداری هەڕەشە و گوڕشە و توندوتیژییەکانی نابێت. لە لایەکی دیکەوە ئەو فشارە ناوخۆییەی کە بە هۆی بەرخۆدانی مەدەنی ژنانەوە دروست بووە، کە بە وردیش لە ژێر چاودێری دامەزراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و تەنانەت حکومەتە دەرەکییەکانیشدایە، حکومەتی بەرەوڕووی تەحەدایەکی جدی کردووەتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە تەنانەت کاردانەوەی میدیاکانی حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئێران سەبارەت بە پرسی پۆلیسی ئاکار دژ بەیەکن.

لە لایەکەوە بەرپرسێکی پۆلیس هەڕەشەی گەڕانەوەی پۆلیسی ئیرشاد یان ئاکار دەکات و لە لایەکی تریشەوە ئاژانسە هەواڵییە فەرمییەکان لە ڕاپۆرتەکانیاندا بە سانسۆر و سڕینەوەی قسەکانی هەمان بەرپرس، گەڕانەوەی پۆلیسی ئاکار ڕەتدەکەنەوە و ڤیدیۆ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانش سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی پۆلیس لەگەڵ ژناندا بە ساختەن دەزانن. هۆکاری ئەم یەکنەبوونە چییە؟

جان کیربی، ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی گەشتی ئیرشاد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ئەمەریکا پێشتر سزای بەسەر ئەندامانی پۆلیسی ئاکار و هەندێک دامەزراوە کە پاڵپشتی چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوەیان کردووە، سەپاندووە. جەختیشی لەوە کردەوە ئەگەر پێویست بکات، ئەمەریکا دوبارە رێوشوێنی زیاتر دەگرێتەبەر بۆ گوشار خستنە سەر حکومەتی ئێران."

ئایا کاریگەری سزاکانی ڕۆژئاوا وایکردووە کە ئێران تا ڕادەیەک توندڕەوییەکانی بەرامبەر بە ژنان کەمتر بکاتەوە؟

توبا ئەلیاسی، چالاکوانی سیاسی لە نەرویج و ئەوین موستەفازادە، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و ژنان لە سلێمانییەوە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەدەنەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ توبا ئەلیاسی و ئەوین موستەفازادە