عێراق بڕیاری دەرکردنی باڵیۆزی سوید لە وڵاتەکە دەدات

  • Herow Rahim

عێراق ڕۆژی پێنجشەممە بڕیاری دەرکردنی باڵیۆزی سویدی لە وڵاتەکەی دا، لە کاتێکدا کە ناڕەزایەتییەکان لەسەر پلانی سوتاندنی قورئانێکی تر لە ستۆکۆڵم زیادی کردووە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕادەگەیەنێت سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە محەمەد شیاع سودانی "فەرمانی کشانەوەی بەرپرسی کاروباری عێراقی لە باڵیۆزخانەکەی لە ستۆکۆڵم داوە و داواشی لە باڵیۆزی سوید لە عێراق کردووە کە وڵاتەکە جێبهێڵێت."

نوسینگەکە دەڵێت " ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا نراوە کە حکومەتی سوید پێدانی مۆڵەتی بۆ سوتاندنی قورئانی پیرۆز دووپاتکردەوە و مۆڵەتی داوە ئاڵای عێراقیش بسوتێندرێت."

نوسینگەکەی سودانی پێشتریش ڕایگەیاندبوو سەرۆک وەزیران کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی کردووە لەسەر پرسی پێدانی مۆڵەتی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوید و هەروەها پرسی سوتاندنی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا.

نوسینگەکە دەڵێت " لە کۆبوونەوەکەدا سوتاندنی باڵیۆزخانەکە سەرکۆنە کراوە و بە کەمتەرخەمییەکی ئاسایشی لە قەڵەم درا کە دەبێت دەستبەجێ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و ئەوانەی بەرپرسن لە ئاسایشی دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە سەدان خۆپیشاندەر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدای پایتەختی عێراق و سەرکەوتنە سەر دیوارەکانی باڵەخانەکە و ئاگریان تێبەردا.

حکومەتی عێراق پشتڕاستی کردەوە کە لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە حکومەتی سویدی ئاگادارکردووەتەوە، لەوەی بەغدا بەرەو بچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەچێت لەگەڵ سویددا "ئەگەر ڕووداوی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لەسەر خاکی سوید دووبارەببێتەوە وسوید بە بیانوی ئازادی ڕادەربڕین مۆڵەت بەو کارە بدات."

پێشتریش وەزیری دەرەوەی سوید تۆبیاس بلیسترۆم ڕایگەیاند " هێرشەکانی سەر باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق بە تەواوی جێگای قبوڵکردن نییە. ئەوە بۆ جاری دووهەمە لە ماوەیەکی کورتدا کە ئەمە ڕووبدات. عێراق بەرپرسیارێتی پاراستنی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا لە ئەستۆدایە. ئەمڕۆ حکومەت بانگهێشتی دیپلۆماتکاری باڵای عێراق لە سوید دەکات. "

خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی پێنجشەممە لەلایەن لایەنگرانی موقتەدا سەدر، کەسایەتی ئایینی شیعەکانەوە ئەنجام درابوو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە پلانی سوتاندنی دووهەم قورئان لە سوید لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا.

ئاژانسی هەواڵی سوید تی تی ڕۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە، پۆلیسی سوید داوایەکی پەسەندکرد بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی گشتی لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکۆڵم.

بەپێی هەواڵەکەی کەناڵی تی تی، لە داخوازینامەکەدا هاتووە، داواکارەکە هەوڵدەدات قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسوتێنێت.

بەپێی زانیارییەکانی تی تی، بڕیار بوو دوو کەس بەشداری خۆپیشاندانەکە بکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لەو کەسانە هەمان ئەو کەسە بووە کە لە مانگی شەشدا لە دەرەوەی مزگەوتێکی ستۆکۆڵم قورئانێکی سوتاندووە.