ئەمەریکا سەرکۆنەی هێرشی خۆپیشاندەران بۆ سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا دەکات  

ئەمەریکا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە ڕۆژی پێنجشەممە کرایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا. ڕەخنەش لە هێزە ئاسایشییەکانی عێراق دەگرێت کە ڕێگەیان داوە خۆپیشاندەران پابەندە دیپلۆماسییەکان پێشێل بکەن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیو میلـلەر دەڵێت "ئازادی گردبوونەوەی ئاشتیانە مافێکی بنەڕەتی دیموکراسییە، بەڵام ئەوەی شەوی ڕابردوو ڕووی دا، کردەوەیەکی نایاسایی توندوتیژی بوو، جێگای قبوڵکردن نییە کە هێزە ئاسایشییەکانی عێراق رێگرییان لە خۆپیشاندەران نەکرد و بۆ دووهەم جار سنووری باڵیۆزخانەکەیان بەزاند و زیانیان پێگەیاند."

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە دەشڵێت " ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ هاوبەشە سویدییەکانمان و پشتگیری خۆمان پێشکەش کردوون. نابێت نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە ببنە ئامانجی توندوتیژی. داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە ڕێز لە پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی خۆی بگرێت بۆ پاراستنی سەرجەم نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە عێراق لە بەرامبەر هەر دەستوەردانێک یان زیانێک، وەک لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە."

عێراق ڕۆژی پێنجشەممە بڕیاری دەرکردنی باڵیۆزی سویدی لە وڵاتەکەی دا، لە کاتێکدا کە ناڕەزایەتییەکان لەسەر پلانی سوتاندنی قورئانێکی تر لە ستۆکۆڵم زیادیکرد.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕادەگەیەنێت سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە محەمەد شیاع سودانی "فەرمانی کشانەوەی بەرپرسی کاروباری عێراقی لە باڵیۆزخانەکەی لە ستۆکۆڵم داوە و داواشی لە باڵیۆزی سوید لە عێراق کرد وڵاتەکە جێبهێڵێت."

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە سەدان خۆپیشاندەر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدای پایتەختی عێراق و سەرکەوتنە سەر دیوارەکانی باڵەخانەکە و ئاگریان تێبەردا.

حکومەتی عێراق پشتڕاستی کردەوە کە لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە حکومەتی سویدی ئاگادارکردووەتەوە، لەوەی بەغدا بەرەو بچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەچێت لەگەڵ سویددا "ئەگەر ڕووداوی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لەسەر خاکی سوید دووبارەببێتەوە وسوید بە بیانوی ئازادی ڕادەربڕین مۆڵەت بەو کارە بدات."