ئەردۆغان دەڵێت پێدەچێت بتوانێت ڕێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە ڕێگای دانوستانەوە لەگەڵ پوتن زیندوو بکاتەوە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند دانوستانە پلان بۆ داڕێژراوەکانی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕەنگە ببنە هۆی زیندووکردنەوە ڕێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە دەریای ڕەشەوە، وە داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاواش کرد داواکارییەکانی ڕووسیا لەبەرچاو بگرن.

ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی لە گەشتەکەی بۆ وڵاتانی کەنداو و باکوری قوبرس ڕۆژی هەینی، 21ی مانگی حەوت، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت "کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنی دانەوێڵەی دەریای ڕەش کۆمەڵێک لێکەوتەی دەبێت، لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکی جیهانییەوە، بگرە تا دەگاتە کورتهێنانی لە هەندێک ناوچە و ئەگەریشی هەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلی نوێی کۆچکردن."

ئەردۆغان گوتیشی " پێم وایە بە ڕێگەی کفتوگۆی تێروتەسەل لەسەر بابەتەکە لەگەڵ سەرۆک پوتن، دەتوانین بەردەوامبوونی ئەم هەوڵە مرۆییە مسۆگەر بکەین."

ڕووسیا لەم هەفتەیەدا کۆتایی بە ڕێککەوتنێک هێنا کە بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا بەدەستهاتبوو بۆ کرانەوەی دەریای ڕەش بە ڕووی هاتوچۆی کەشتییەکان بۆ بەندەرەکانی ئۆکرانیا بە ئامانجی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئەو وڵاتە بە شێوەی پارێزراو لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا. ڕووسیا هەروەها بڕیاری مسۆگرکردنی سەلامەتی گەشتی کەشتییەکانی هەڵوەشاندەوە، بۆیە لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ کەشتییەک لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە هاتوچۆیان نەکردووە.

مۆسکۆ دەڵێت تەنها لە حاڵەتێکدا دەگەڕێتەوە بۆ ناو ئەو ڕێککەوتنە کە داواکارییەکانی بۆ ئاسانترکردنی هەناردەکردنی خۆراک و پەیین بۆ نێو بازاڕەکانی جیهان دەستبەر بکرێت. وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن ڕووسیا هیچ کێشەیەکی لەبەردەمدا نییە لە فرۆشتنی کاڵا خۆراکییەکان کە سزا داراییەکان نایانگرێتەوە.

سەرۆکی تورکیا گوتی "ئێمە ئاگادارین کە سەرۆک پوتنیش چاوەڕوانییەکی دیاریکراوی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە و زۆر گرنگە بۆ ئەو وڵاتانە کە لەم ڕووەوە هەنگاو هەڵگرن بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی."

ڕووسیا ڕۆژی هەینی بۆ چوارەمین ڕۆژی لەسەر یەک، هێرشی کردە سەر دامەزراوەکانی هەناردەکردنی خۆراکی ئۆکرانیا و دەستیگرت بەسەر چەند کەشتییەک لە دەریای ڕەش، ئەمەش لە هەوڵێکدا کە وەک سەرکردەکانی ڕۆژئاوا دەڵێن بۆ دەرچوونە لە سزاکان بە ڕێگای هەڕەشەکردن لە قەیرانی خۆراکی جیهانی.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز