ئومێد بەرۆشکی ئازاد کرا

موئەیەد بەرۆشکی، برای ئومێد بەرۆشکی بە دەنگی ئەمەریکای گوت " پاش ئەوەی براکەی شەوی ڕابردوو لە شاری دهۆک دەستگیرکرا، ڕۆژی هەینی، 21ی مانگی حەوت، ئازاد کرا."

پێشتر کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان کە بارەگاکەی لە نیویۆرکی ئەمەریکایە،( CPJ) پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئومێد بەرۆشکی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتدارانی کورد لە عێراق دەستبەجێ شوێنی ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی ئاشکرا بکەن، وە دڵنیاببنەوە لەوەی ڕۆژنامەنووسان لەسەر کارەکانیان دەستگیر نەکرێن.

ڕۆژنامەی ئاوێنە لە هەواڵێکدا سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئومێد بەرۆشکی لە زاری ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان بڵاویکردبووە "دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ئومێد بەرۆشکی گوتی مەسرور بارزانی لەسەروی یاساوە و بە ئەقلیەتێکی پولیسی بڕیاری سزادانی شێروان شێروانی داوە، ئەو رۆژنامەنووسە شەوی پێنجشەممە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی دهۆكەوە ڕفێنڕا."

ماهیر بەرۆشکی، برایەکی دیکەی ئومێد بەرۆشکی بە کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسانی راگەیاندبوو چەند کەسێک کە نازانن سەر بە کوێ بوون، چوونەتە سەر ماڵی ئومێدی برای و دەستگیریان کردووە.

براکەی بەو کۆمیتەیەی ڕاگەیاندبوو"هێشتا روون نییە کێ ئومێدی دەستگیر کردووە، بەڵام ئەوەی دەزانین ئەوەیە بەهۆی قسەکانی دوێنێی بووە سەبارەت بە سزادانی شێروان شێروانی."