خامنەئی: پێویستە ئەنجامدەرانی سوتاندنی قورئان ڕادەستی وڵاتانی ئیسلامی بکرێن

ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا کاردانەوەی بەرامبەر بە سوتاندنی قورئان لە سوید و دانیمارک نیشاندا و دەڵێت ئەنجامدەرانی ئەو کارە دەبێت ڕووبەڕووی قورسترین سزاکان ببنەوە.

ئایەتوڵا عەلی خامنەئیی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە لایەن میدیای سەر بە دەوڵەتی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە، دەڵێت "هەموو زانایانی ئیسلام هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەوانەی سوکایەتی بە قورئان دەکەن، شایستەی قورسترین سزاکانن و ئەرکی ئەو حکومەتەش (سوید) ئەوەیە کە تاوانبارەکە ڕادەستی سیستەمی دادوەریی وڵاتانی ئیسلامی بکات."

وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ڕۆژی هەینی 22ی مانگی حەوت گوتی " تاوەکو حکومەتی سوید ڕێوشوێنی ڕژد بەرامبەر بە ئەنجامدەری سووتاندنی قورئان نەگرێتەبەر، ئەوا تاران باڵیۆزی نوێی ئەو وڵاتە قبوڵ ناکات."

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران دەڵێت "ئەرکی باڵیۆزی سوید لە تاران کۆتایی هاتووە و بە فەرمانی ئیبراهیم ڕەئیسی تاکو حکومەتی سوید هەنگاوێکی ڕژد نەگرێتەبەر، باڵیۆزی نوێی سوید کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگاتە تاران قبوڵ ناکەین."

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە باڵیۆزی نوێی کۆماری ئیسلامیش نانێردرێت بۆ سوید.

کۆچبەرێکی عێراقی کە پێشتر لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا لە بەردەم مزگەوتی ناوەندی شاری ستۆکهۆڵم قورئانی سووتاندبوو، ڕۆژی پێنجشەممە بۆ جاری دووهەم ڕێگەپێدانی یاسایی وەرگرتۆتەوە و قورئانی لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم سووتاندەوە.

سەدان خۆپیشاندەر ڕۆژی هەینی لە تاران کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە سوتاندنی قورئان لە سوید لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە تاران.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆژی هەینی لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دووبارەبوونەوەی "سوکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز" باڵیۆزی سویدی لە تاران بانگهێشت کرد.


حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان دەڵێت "بە وەزیری دەرەوەی سویدم وت ئێوە ناتوانن ڕای گشتی دوو ملیار موسڵمان پشتگوێ بخەن. جەختم لەوە کردەوە کە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی سوید بەس نییە و پێویستە تاوانبارەکە دەستگیر بکرێت و دادگایی بکرێت."

ڕۆژی پێنجشەممەش عێراق فەرمانی بە باڵیۆزی سوید کرد وڵاتەکە بەجێبهێڵێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان بەغدا و ستۆکهۆڵم لەسەر سووتاندنی قورئان بەرزبووەتەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ژمارەیەک لایەنگرانی موقتەدا سەدر هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی سوید لە بەغدا و ئاگریان بەردایە بەشێکی ئەو باڵیۆزخانەیە.

هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی سوید ڕەخنەی ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپای لێکەوتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە توندی سەرکۆنەی هێرشی ڕۆژی پێنج شەممەی سەر باڵۆێزخانەی سویدی لە بەغدای کرد و ڕەخنەی لە هێزەکانی ئاسایشی عێراق گرت بۆ نەپاراستنی ئەو شوێنە دیپلۆماسییە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز