کوەیت 5 کەس لەسێدارە دەدات، یەکێکیان لەسەر تەقینەوەی مزگەوتی شیعەکان

کوەیت ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند 5 پێنج زیندانیی لەسێدارە داوە، لەنێویاندا کەسێک کە لەسەر تەقینەوەی مزگەوتێکی شیعەکان لە ساڵی 2015 دا سزا دراوە کە بووە هۆی کوژرانی 27 کەس و داعش بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی ئەو تەقینەوەیەی گرتە ئەستۆ.

داواکاری گشتی کوەیت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو زیندانیانە لە زیندانی ناوەندی سزاکەیان جێبەجێکراوە. داواکارانی گشتی ڕایانگەیاندووە، ئەو پێنج کەسە بریتین لە هێرشبەرەکەی مزگەوتەکە و سێ کەس کە بە تاوانی کوشتن سزا دراون و بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان.

یەکێک لە بکوژە سزادراوەکان خەڵکی میسر بووە و ئەوەکەی دیکەیان کوەیتی بووە و بازرگانەکەی ماددە هۆشبەرەکانیش خەڵکی سریلانکا بووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕەگەزنامەی هێرشبەرەکەی مزگەوتەکە یان سێهەم بکوژی سزادراو نەخراوەتەڕوو، تەنها ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەوان بە شێوەیەکی نایاسایی لە کوەیت بوون.

بۆردومانەکەی ساڵی 2015 لە کاتی نوێژی هەینی نیوەڕۆ لە ناو یەکێک لە کۆنترین مزگەوتە شیعەکانی کوەیت ڕوویدا. گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی کە لەو کاتەدا ناوچەیەکی فراوانی لە هەردوو وڵاتی سوریا و عێراق کۆنترۆڵ کردبوو، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.

ئەوە یەکەم هێرشی چەکداری بوو لە کوەیت کە وڵاتێکی بچووکی دەوڵەمەندە بە نەوت، لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەدا. پێدەچێت هێرشەکە بۆ وروژاندنی نائارامی لە نێوان دانیشتوانی سوننە و شیعەی کوەیت بووبێت، بەڵام لەبری ئەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە و هەستێکی نیشتمانیی بەئاگاهێنایەوە کە لە دوای لەشکرکێشیەکەی سەدام حوسێنەوە لە ساڵی 1990دا نەبینراوە.

لە کوەیت لەسێدارەدان تاڕادەیەک دەگمەنە و لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا حەوت زیندانی تر لەسێدارە دران. پێش ئەوە دواهەمینیان لە ساڵی 2017 بوو، کە حەوت زیندانی لەسێدارە دا، لەنێویاندا ئەندامێکی بنەماڵەی دەسەڵاتداریش.

سەرچاوە: AP