فشارێکی تر بۆ هەرێم: کۆمپانیاکانی نەوت کرێکارەکانیان لە کار دەبوورن یا موچەیان کەم دەکەنەوە

بەشێک لەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن، کارمەندو کرێکارەکانیان ئاگادارکردووەتەوە لە ڕۆژی 1 ی مانگی 8ەوە نەگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان، بەشێکی تریشیان موچەی کارمەند و کرێکارەکانیان بۆ نیوەی موچەکانی ئێستایان کەمکردووەتەوە.

کۆمپانیا نەوتییەکان هۆکاری ناردنە ماڵەوەی کارمەندەکانیان و کەمکردنەوەی موچەکانیان بۆ ڕاگرتنی هەناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم و کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان دەگێڕنەوە، هۆشداریش دەدەن لە بێکاربوونی هەزاران کرێکار.

سەردار محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو لە سنوری گەرمیان، کە کێڵگەی نەوتی چیاسورخ دەکەوێتە سنوری ناحیەکەیەوە و کۆمپانیای پیت ئۆیەڵ لەم کێڵگەیەدا کاری وەبەرهێنانی نەوت دەکات، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " پێشتر ڕۆژانە 2000 هەزار بەرمیل نەوت لە چیا سورخ دەردەهێنرا، بەڵام ئێستا دەرهێنانی نەوت ڕاگیراوە."

جگە لە کۆمپانیا ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان کە ژمارەیەک کارمەندییان هەیە و لە کێڵگەی چیا سورخ کاردەکەن، 35 کارمەند و کرێکاریش لەو کێڵگەیە کار بۆ کۆمپانیای پیت ئۆیڵ دەکەن و لە مانگی داهاتووەوە تا کاتێکی نادیار کارەکانیان لەدەست دەدەن.

سەردار محەمەد وتی، "کارمەند و کرێکارەکان ئاگادارکراونەتەوە لە ڕۆژی 1ی مانگی داهاتووەوە نەگەرێنەوە سەر کار و بەشێکی کەم لە موچەکانیان پێدەدرێت، تا ئەوکاتەی کێشەی ناردنە دەرەوەی نەوت چارەسەر دەبێت."

هۆشداری کۆمپانیاکان

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوت لە هەرێم کە پێکهاتوون لە گەنەڵ ئینێرجی، گەلف کیستۆن، ئیچ کەی ئێن و شاماران پترۆلیۆم، دەڵێن بەردەوامی ڕاگرتنی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم کاریگەری گەورەی لەسەر وەبەرهێنان لەهەرێم دروستکردووە، بۆیە خەرجییان لەمساڵدا کەمکردووەتەوە و پلانیشیان بۆ پێداچوونەوە بەخەرجییەکانی ساڵی داهاتوو داڕشتووە.

ئەو کۆمپانیایانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەهۆی نادیاری وادەی دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوت، بە کرداری ڕێوشوێنەکانیان بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان دەستپێکردووە و ئەمەش دەبێتە هۆی بێکاربوونی هەزاران کرێکار.

لە مانگی 3ی ئەمساڵەوە و بەهۆی بردنەوەی سکاڵا یاساییەکەی عێراق لە تورکیا لە ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە. پێشتر هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە 400 هەزار بەرمیل نەوتی ناردووەتە دەرەوە و نزیکەی 37 هەزار بەرمیلیشی لەناوخۆدا فرۆشتووە.

کۆمپانیا نەوتییەکان ئیشوکارەکانیان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم ڕاگرتووە بەوپێیەی ڕێگەی ناردنە دەرەوەی نەوتییان بەهۆی ڕێکنەکەوتنی عێراق و تورکیاوە لێ گیراوە، بۆیە تەنها بڕێکی کەم نەوت بەرهەم دەهێنن و ڕەوانەی پاڵاوگە نەوتییەکانی ناوخۆی دەکەن.

تەها ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵای سەربەقەزای کفری، کە کێڵگەی نەوتی سەرقەڵا دەکەوێتە سنوری ناحیەکەیەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەوڵدرا ژمارەیەک کرێکارو کارمەند لە کێڵگە نەوتییەکە دەربکرێن، بەڵام دواجار ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی کەس دەرنەکرێت و موچەکانیان کەمبکرێتەوە."

دواکەوتنی خەرجی کۆمپانیاکان

کێڵگەی نەوتی سەرقەڵا کە چەند بیرە نەوتێک لە خۆ دەگرێت، پێشتر ڕۆژانە تا سەرووی 30 هەزار بەرمیل نەوتی لێبەرهەم هێنراوە، بەڵام ئێستا بڕەکەی کەمکراوەتەوە و کۆمپانیای نەوتی گازپرۆمی روسی سەرکارە لەم کێڵگە نەوتییەدا.

تەها ئیبراهیم دەڵێت، "حکومەت چوار مانگە پارەی نەداوەتەوە کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆیە ئەوان پلانی کەمکردنەوەی خەرجییان داڕشتووە."

دوای ڕاگرتنی نەوتی هەرێم لەلایەن تورکیا و دەستپێکردنەوەی گفتووگۆ و دانوستان لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆسیەی نەوتی هەرێم کەوتووەتە ژێر ڕکێفی حکومەتی عێراقەوە و دەبێت کۆمپانیای سۆمۆ سەرپەرشتی ناردنە دەرەوەو فرۆشتنی نەوتی هەرێم بکات.

پێشبینی ناکرێت کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێم کاردەکەن بە خێرایی چارەسەر بکرێت، بەو پێیەی عێراق لەگەڵ تورکیا نەگەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ ناردنە دەرەوەی نەوت، ئەو پارەشی عێراق بۆ کرێی ساڵانەی کۆمپانیاکان دایناوە زۆر کەمترە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر لە هەرێم وەریانگرتووە.

حکومەتی عێراق لە یاسای بودجەدا بڕی 3 تریلیۆن و 600 ملیار دیناری عێراقی بۆ کرێی ساڵانەی ئەو کۆمپانیا نەوتییانە داناوە کە لە هەرێم کاردەکەن، لەکاتێکدا پێشتر ئەو کۆمپانیایانە ساڵانە نزیکەی 6 تریلیۆن دیناریان لە هەرێم وەرگرتووە بۆ پرۆسەی دەرهێنان و گواستنەوەو بەبازاڕکردنی نەوتەکەی. عێراق دەیەوێت هەرێم لە پشکە بودجەی خۆی پارە بداتە کۆمپانیاکان .

محەمەد حسێن شارەزای بواری نەوت و وزە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەکچۆن وەزارەتی نەوتی عێراق پارە دەداتە کۆمپانیا نەوتییەکانی بەسرە، لایەنی عێراقی دەیەوێت بەهەمان میکانیزم پارە بداتە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم، ئەمە نالۆژیکی تێدایە و پێناچێت کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم ڕازی ببن."

هەروەها وتیشی، "سروشتی کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان تێچووی زیاتری دەوێت بەراورد بە بەسرە. کۆمپانیایەک کە لە چیای ئەتروش و ناوچەی سەرسەنگ و فیشخاپور کاردەکات، ڕازی نابێت وەکو بەسرە کە تێچووی کەمترە پارەی بۆ خەرج بکرێت، ئەمەش یەکێکە لەو گرفتانەی چاوەڕوانی سەرهەڵدانی دەکرێت."

بەگوێرەی محەمەد حسێن، سەرەڕای ڕێککەوتنی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە، بەڵام تورکیا تا ئێستا ڕسنورەکانی بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم و کەرکوک نەکردۆتەوە چونکە "حساباتی دیکەی سیاسی و ئابووری هەیەو دەیەوێت لەگەڵ بەغدا تەسفییەیان بکات."

لە ڕۆژی 26ی مانگی 3 ی ئەمساڵ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم کۆمپانیا نەوتییەکانی ئاگادارکردووەتەوە ئیش و کارەکانیان ڕابگرن تا ئەوکاتەی خۆیان ئاگاداریان دەکەنەوە. تا ئێستا کۆمپانیاکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت ئاگادار نەکراونەتەوە.