دەزگای ئاسایش: هەرێم وەکو ترانزێتی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنرێت

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زۆربەی ئەو ماددە هۆشبەرانەی لە هەرێم لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت، هەوڵی گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی هەرێم دەدرێت، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان وەکو ترانزێت بەکاردەهێنرێت.

عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "مەرج نییە ئەو بڕە مادانەی لەلایەن ئاسایشەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت بۆ ناو شارەکانی هەرێم بن، زیاتر ماددەکان دەبرێنە دەرەوە و هەرێم وەکو ترانزێت بەکاردەهێنرێت. دۆخەکە پێویستی بە دیراسەت هەیە، هەندێک مانگ ژمارەی دەستگیرکراوان زیاد دەکات و هەندێک مانگیش کەم دەکات."

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، هێزەکانی دژە تیرۆری سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێم، 2 کەسیان بە 57 کیلۆ ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرد، بە پێی ڕاگەیەنراوی دەزگا ئەمنییەکان، دوو کەسەکە بازرگانی ماددەی هۆشبەربوون.
عەقید سەلام دەڵێت"هەوڵەکان لە ئاستێکی بەرزدان بۆ قەڵاچۆکردنی ماددەی هۆشبەر، بەدواداچوونی ورد دەکرێت بۆ ئەو ماددە هۆشبەرانەی لەناو شارەکان بەکاردەهێنرێت."

ناو بە ناو دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم دەست بەسەردا گرتنی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر ڕادەگەیەنن، بەرپرسانی هەرێم دەڵێن هەرێم بووەتە ڕێڕەوی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ناوچەکانی ئێران و ئەفغانستانەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداری زیاتر بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە ناوخۆی هەرێمیش دەدەن.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"ماددەی هۆشبەر بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر زیاتر لە هەرێم بڵاوبووەتەوە، بە تایبەت لەو ناوچانەی دەکەونە سەر سنوورەکان، هەندێک شارۆچکە پێشتر ڕەنگە تەنها 40 کەسی ئالودەبووی تێدابووبێت، بەڵام ئێستا هەر گەڕەکێک ئەو ژمارەیەی تێدایە."

بە پێی ئامارێکی فەرمی کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، گرتووخانەکانی چاکسازی سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم، پێنج هەزار و 53 حوکمدراویان تێدایە، لەو ژمارەیە هەزار و 38 کەسیان بە تاوانی بازرگانیکردن و کێشانی ماددەی هۆشبەر حوکمدراون، کە (449) حوکمدراویان بازرگانی ماددەی هۆشبەرن.

کوێستان محەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"بەداخەوە، زۆربەی ئەو دەستگیرکراوانەی حوکم دەدرێن و ڕەوانەی گرتووخانەکانی چاکسازی دەکرێن، بەکارهێنەر یان بازرگانی ماددەی هۆشبەرن."

ئەو ماددە هۆشبەرانەی لە هەرێم بڵاوبوونەتەوە، زیاتر مادەکانی تلیاک، حەشیش، دەرمانی بێهۆشکەر، هیرۆیین و کریستاڵن، سەرچاوەی هاوردەکردنییان ئێران و ناوچەکانی خوارووی عێراقە.

چالاک محیەدین، ڕاهێنەر لە بواری چارەسەرکردنی ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"ئەو جۆرە ماددانەی لە هەرێم دەست دەخرێن و بەکاردەهێنرێن، ئەوانەن دروستکراون لە کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی و زۆر مەترسیدارن، چونکە نرخەکانیشیان هەرزانە."

بەڕای پسپۆڕانی بواری ماددەی هۆشبەر، بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بە شاراوەیی ئەنجام دەدرێت، بۆیە ناتوانرێت داتای ورد لە بارەی ژمارەی بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێم دەستبخرێت، بەڵام ماددەی هۆشبەر تەواو بڵاو بووەتەوە.

چالاک محیەدین، وتی"شتێک لای من پێوەرە بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، جاران خەڵک زۆر کەم پەیوەندی پێوەدەکردم و لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئالودەبووانی دەپرسی، بەڵام ئێستا خەڵکێکی زۆر پەیوەندی دەکات."
ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر و تەنانەت کەسوکارەکانیشیان مەسەلەکە بە نهێنی دەهێڵنەوە، بەو پێیەی لە هەرێمی کوردستان وەکو تاوانبار لە ئالودەبوو دەڕوانرێت نەک وەکو نەخۆش، سزای ئالودەبووش لە ساڵێکەوە تا پێنج ساڵ زیندانیکردنە.

سەرچاوە ئەمنییەکە بەرپرسەکە، دەڵێت"ئالودەبوومان دەستگیرکردووە، ماددەی هۆشبەری لێبڕاوەتەوە و لە زینداندا جەستەی خۆی هەمووی بریندارکردووە، ئێمە نەمانزانیووە چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەین، چونکە ئەمە نەخۆشە و چارەسەری دەوێت."


بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم سەرقاڵی دروستکردنی سەنتەرێکی گەورەی چارەسەرکردنی ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەرە لە شاری هەولێر و بڕیارە ئالودەبووان ببرێنە ئەو سەنتەرە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

پێشتر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان نەیانشاردووەتەوە، ماددەی هۆشبەر لە ناو گرتووخانەکانی چاکسازیش بڵاوبووبوویەوە و ئالودەبووان ماددەی هۆشبەریان پێگەیشتووە، بەڵام جەخت لەسەر توندوتۆڵکردنی ڕێوشوێنەکان دەکەنەوە لە ئێستادا.

ئالودەبوویەک، کە ئێستا لە زینداندایە و دەنگی ئەمەریکا گرتەی ڤیدیۆیی قسەکردنی لە بارەی دۆخی خۆیەوە لە زینداندا بینیووە، دەڵێت"جاران ماددەی هۆشبەرمان بە قورسی دەست دەکەوت، بەڵام لە زینداندا خەڵکی زیاترمان ناسیووە و گەر سزاکەم تەواو ببێت، دەتوانم بە ئاسانی دەستی بخەم، هەرچەندە خواستی وەرگرتنی چارەسەر و رزگاربوونم لەم دۆخە هەیە کە تێیدام."

سەرباری بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و خراپبوونی دۆخەکە، بەڵام بەرپرسانی ئەمنی دەڵێن هێشتا رێژەی ماددەی هۆشبەر بەراورد بە عێراق کەمتر لە هەرێم بڵاوبووەتەوە.

عەقید عەلی قەدوری، کە پلەدارێکی باڵای پۆلیسی هەرێمی کوردستانە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"ماددەی هۆشبەر لە ناوچەکانی عێراق تەواو بڵاوبووەتەوە، هەرێم لە قۆناغی ناوەڕاستی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەردایەو گەر هەوڵەکان چڕتر نەکرێنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی، هەرێمیش وەکو عێراق دەچێتە قۆناغی مەترسیدارەوە."

حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە وەزارەتە جیاواز و پەیوەندیدارەکان پێکهێناوە، بەڵام پسۆڕان دەڵێن بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر هەڵمەتێکی نیشتمانی گەورەی دەوێت.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر لە بارەی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە