بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم وەک پێویست ناڕواتە پێشەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ عێراق ئەنجامیداوە، حکومەتی عێراقیش سود لە نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم وەردەگرێت تا فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێم نیگەرانتربن.
رابیحە حەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لە وردەکاری گفتووگۆی نێوان وەفدی هەرێم و بەغدا هەموو مەسەلەکان وەلا نراون، جگە لە بابەتە مادییەکان کە خۆی لە بودجەدا دەبینێتەوە."
وەفدی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق چەند جارێک سەردانی بەغدایان کردووە، دوا سەردانیان چەند ڕۆژێک لەمەوبەربوو، کە بەپێی وتەی ئەندامانی شاندەکە لە سەر ناردنی پشکی هەرێم و خاڵە ناکۆکەکان ڕێککەوتوون.
رابیحە حەمەد، دەڵێت "ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەو بڕگەو مادانەشی لە یاسای بودجەدا پەسەندکران، هەرێم وەکپێویست نایەتە پێشەوە بۆ جێبەجێ کردنیان، تا عێراق پشکی هەرێم بنێرێت. چەند ڕۆژێکی تر عێراق موچەی مانگی 8 دابەش دەکات، لەکاتێکدا هەرێم هێشتا موچەی مانگی 6 ی دابەشنەکردووە."
یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025ەو قەبارەی پارەکەی بۆ هەر ساڵێک 198 تریلیۆن و 910 ملیارو 343 ملیۆن دینارە، لەو بڕە پارەیە 16 تریلیۆن و 609 ملیارو 639 ملیۆن دیناری پشکی هەرێمی کوردستانە.
بەپێی یاسای بودجەی عێراق، ئەو پارەیەی بۆ موچەی فەرمانبەران، خانەنیشینان و پێشمەرگە بۆ ساڵی 2023 تەرخانکراوە، بڕەکەی 10 تریلیۆن و 867 ملیار دینارە، بەم پێییە مانگانە 906 ملیار دینار بۆ هەرێم تەرخانکراوە.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، دۆسیەی نەوتیان ڕادەستی حکومەتی عێراق کردووە و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە.
بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی، دەڵێت "هەر بڕە پارەیەک لە عێراقەوە ڕەوانەی هەرێم بکرێت بڵاودەبێتەوە و خەڵک و لایەنەکانیش بڕەکەی دەزانن، لە هەرێم پەرلەمان نەماوە بۆ دەرکردنی یاسای بودجە، بۆیە حکومەت دەبێت بگەڕێتەوە بۆ بڕگەو مادەکانی یاسای بودجەی عێراق، ڕەنگە هەرێم ئەمەی نەوێت."
هەروەها وتیشی"ڕەنگە هەرێم نەیەوێت وەکخۆی پابەندی بڕگەو مادەکانی یاسای بودجە بێت و هەنگاوەکانی لەسەرخۆن، عێراقیش سود لە نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم وەردەگرێت، تا هاووڵاتیان نیگەران بن."
بە پێی دەستور، پێشمەرگە بەشێکە لە سستمی بەرگری عێراق، بەڵام لە یاسای بودجەدا مانگە نزیکەی 19 ملیار دینار بۆ موچەی 23 هەزار پێشمەرگە تەرخانکراوە، لەکاتێکدا ژمارەی موچەخۆرانی پێشمەرگە سەرووی 400 هەزار کەسەو بۆ دابینکردنی موچەی مانگانەیان، هەرێم پێویستی بە 133 ملیار دینارە.
رابیحە حەمەد، ڕوونیکردەوە عێراق ئامادە نییە موچەی ئەو ژمارە زۆرە پێشمەرگە دابین بکات، ژمارەی موچەخۆرانی سلکی پێشمەرگە زۆر زۆرن، عێراق 15 پارێزگایەو سنوورێکی بەربڵاوی هەیە و سنوور و رێژەی دانیشتووان لەبەرچاو دەگرێت، گەر موچەی ئەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە بدات نا هاوسەنگی دروست دەبێت.
ئەو وتیشی "حزب و لایەنەکان هێزی ئێرانی و تورکی و سورییان دروستکردووە و لە سلکی پێشمەرگە موچەیان پێدەدەن، ئەمانە بۆ بەرژەوەندی حزبی دروستکراون و ناکرێت لەسەر حسابی پێشمەرگە موچە وەربگرن."
هەرچەندە هێشتا بەرپرسانی عێراق بە فەرمی داواکاری داخستنی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمیان لە وڵاتان نەخستووەتەڕوو، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە بە نهێنی ئەم پەیامە لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی ئاستی داواکارییەکانی عێراق دا گەیەنرابێتە بەرپرسانی هەرێم.
لەوبارەیەوە، بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی وتی "داواکاری داخستنی نوێنەرایەتییەکانم نەبیستووە، پێشتر هەوڵدراوە نوێنەرایەتییەکانی هەرێم لە یاسای وەزارەتی دەرەوەدا جێگیر بکرێت و ئەمە نەکرا، بەڵام عێراقییەکان دەڵێن مادام باڵیۆزخانەیان لە وڵاتان هەیە، بوونی ئەو هەموو نوێنەرایەتییە پێویست نییە، لە ڕابردوودا ترسیشیان هەبووە لەوەی پارێزگاکانیش داوای نوێنەرایەتی لە دەرەوە بکەن."
لە مانگی 3 ی ئەمساڵەوە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە ڕاگیراوە و دۆسیەی نەوت کەوتووەتە دەست حکومەتی عێراق، لەکاتێکدا فەرمانبەرانی هەرێم چاوەڕوانبوون مانگانە موچەکانیان لەکاتی خۆیدا لەلایەن عێراقەوە بۆ ڕەوانە بکرێت، بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکان جارێکی تر بوونە هۆی دواخستنی ناردنی پشکە بودجەی هەرێم لەلایەن عێراقەوە.
رابیحە حەمەد، دەڵێت "با حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات، گەر عێراق پابەند نەبوو، بەشە بودجەی نەنارد، دەبێت هەموو لایەنەکان یەکبگرن و یەکهەڵوێست بن بەرامبەر عێراق."
هەرچەندە دۆسیەی نەوتی هەرێم ڕادەستی عێراق کراوەو پشکە بودجەی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراقدا جێگیرکراوە، بەڵام هێشتا کۆمەڵێک دۆسیەی ناکۆکی لەسەر لە نێوان عێراق و هەرێم ماون و یەکلایی نەکراونەتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5