کونسوڵخانەی ئەمەریکا ڕاگەیاندنێک لەسەر کۆبونەوەکەی پارتی و یەکێتی بڵاو دەکاتەوە

کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ڕۆژی دووشەممە سەبارەت بە کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی گشتگیریان ئەنجامدا و تیایدا باسیان لە کێشەکانی نێوان هەردوولا کرد و پاشان ڕایانگەیاند کە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە بەیاننامەکەیدا خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر بەم ڕێککەوتنەی نێوان یەکێتی و پارتی دەربڕی.

کونسوڵخانەکە لە هەژماری تویتەری خۆیدا ڕایگەیاندووە " کۆنسۆڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر پێشوازی لە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی، دەکات لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی چاکسازی."


نوێنەرانی پارتی و یەکێتی ، دوای کۆبوونەوەکەیان لە دەباشان، لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە کۆک بوون.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشمانی کوردستان سەرۆکایەتی شاندی یەکێتی کرد و جگە لە ناوبراو، سەرکردە باڵاکانی تری ئەو حزبە وەک قوباد تاڵەبانی، شاڵاو عەلی عەسکەری، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و جەعفەر شێخ مستەفا، بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد.

شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان فازیل میرانی و بە یاوەری بەڕێوەبەرانی باڵای حزبەکە هۆشیار زێباری، مەحموود محمەد، ڕێبوار یەڵدا و عەلی حوسێن بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.

کونسوڵخانەی ئەمەریکا هەروەها ئاماژەی بەوەدا "ئێمە چاوەڕوانی پێشوەچوون دەکەین لە کاتێکدا هەردوولا پێکەوە وتووێژ لەسەر بابەتەکانی تر دەکەن بۆ بەرژەوەندی خەڵکی لە کوردستانی عێراق."

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەمەریکا پێشبینی دەکات هەردوولا کۆببنەوە و دانوستان بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی کوردستانی عێراق.

دوای کۆبوونەوەکە پارتی و یەکێتی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە لەسەر 5 خاڵ ڕێککەوتوون. کە بریتین لەم خاڵانە:

1-هەردولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێم دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.


2-بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە هەمو رویەکەوە کێشە و جیاوازییە بچوکەکان بەلاوە بخرێن و رو لە پێکەوە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین.
3- بڕیارماندا پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت.


4-هەردولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێککەوتنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.


5- لە پێناو زیاتر لێکنزیکبونەوە و بەرەنگاربونەوەی ئاڵەنگاری و سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکاندا بڕیارماندا بە رۆحیەتی کوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە کۆبونەوە دو قۆڵییەکان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان.

ڕاپۆرتی ئوزڵەم یاساغ