عیمران خان، سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان ڕۆژی شەممە لە ماڵەکەی لە شاری لاهور دەستگیرکرا پاش ئەوەی دادگایەک لە ئیسلام ئابادی پایتەخت بڕیاری 3 ساڵ زیندانی بۆ دەرکرد بە تاوانی بەدەستهێنانی داهات بە ڕێگەی نایاسایی.
کرۆکی سکاڵا یاساییەکەی لە دژی عمران خان تۆمارکرابوو ئەوەیە کاتێک سەرۆک وەزیر بووە دیاری وەرگرتووە بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاست و دروست ئاشکرای بکات.
دادوەر هومایون دلاوەر لە بڕیارەکەی لە دژی سەرۆک وەزیری پێشوو دەڵێت هیچ گومانی لەسەر نییە کە سەلمێندراوە عیمران خان کەسێکی دەست پاک نییە و بە گەندەڵی تاوانبارە بەو پێیەی بە مەبەست ئەو سوودانەی شاردووەتەوە کە لە خەزێنەی دەوڵەت بەدەستیهێناون.
دادوەر هەروەها بڕیاری دا 100 هەزاڕ ڕوپیە وەک سزای دارای لە عمران خان وەربگیرێت کە دەکاتە 355 دۆلار.
کاربەدەستانی پارتەکەی عیمران ، بزووتنەوەی ئینسافی پاکستان، وتیان سەرۆک وەزیری پێشوو لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەرەو ئیسلام ئابادی پایتەخت براوە. هاوکات پارێزەرەکانیشی ڕایانگەیاند دەستبەجێ داوای پیاداچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکەن.
عیمران خان بەر لەوەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیربکرێت لە ڕێگەی تویتەرەکەی ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت "بڕیاری دەستگیرکردنم شتێکی چاوەڕوانکراوبوو و ئێستا ئەمە تۆماردەکەم بەر لەوەی دەستگیربکرێم."
پاشان داوای لە لایەنگرانی کرد خۆڕاگر و بەهێزبن و خۆیان لە توندوتیژی دوربگرن و بە ئاشتیانە ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن.
پێشتریش هوشیاری دا لەوەی دەستگیردەکرێت تاوەکو ڕێگری لێبکرێت لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی بڕیارە بەر لە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچن.
عیمران خان هەر لەسەر ئەم دۆسێیە، لە مانگی پێنجیش بۆ ماوەیەکی کورت لە ئیسلام ئاباد دەستگیرکرا ، ئەمەش توڕەیی لایەنگرانی لێکەوتەوە و ناڕەزایەتییەکان توندوتیژی تیایاندا ڕووی دا پاش ئەوەی هێزەکانی پۆلیس ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکان بوونەوە.
سەرچاوە / فڕانس پرێس