بەرهەمهێنانی پۆشاک بە بڕێکی ئێجگار زۆر هۆکاری سەرەکییە بۆ پیسبوونی ئاو لە جیهاندا

لەسەر ئاستی جیهانی کاتێک باسی جلوبەرگ و پۆشاک دەکرێت بەتایبەت پۆشاکی خانمان، یەکەم شت ئاماژە بە جۆری مۆدێلی ئەو پۆشاکە دەکرێت. بابزانین دەستەواژەی Fast Fashion کە لە بەرهەمهێنانی جلوبەرگدا ئاماژەی پێدەکرێت واتای چی دەگەێنێت؟ Fast Fashion بەو جلوبەرگ و پۆشاکانە دەگوترێت کە بە شێوەیەکی بەرفراوان و بە پارەیەکی کەم، لەلایەن کارگەکانی بەرهەمهێنەرانی جلوبەرگەوە ڕۆژانە بە بەهای ملیۆنان دۆلار لە وڵاتانی وەکو چین، هیندستان، ئەندەنوسیا، تایلەند، ڤێتنام و تورکیاوە بەرهەم دەهێنرێن.

ئەو کڕیارانەی ئەو جۆرە جلانە دەکڕن رەنگە تەنها بۆ ماوەیەکی کورتخایان بەکاریان بهێنن دواتر هەر کە مۆدێلێکی نوێ یان جوانتری جلوبەرگ دێتە بازاڕەوە ، ئەو کەسە مۆدێلەکەی پێشوو بەکارناهێنێت و لەناویدەبات .

ئەوەی کە زۆربەی خەڵک لەبارەیەوە بێئاگایە و نازانێت ئەوەیە کە بەشی زۆری ئەو کەرەستەو مادانەی ئەو جلوبەرگانەیان لێدروست دەکرێن زیان بەژینگە دەگەێنن و دەرئەنجام ئەو مادانە لە شوێنەکانی پاشماوە و خاشاک فڕیدەدرێن .

ئێلیەت مێتزگەر، بەڕێوەبەری بازرگانی و داهێنانی بەردەوام لە ئینستتوتی سەرچاوە جیهانییەکان لە واشنتۆن دەڵێت " بەرهەمهێنانی پۆشاک بە بڕی گەورە کاریگەری زۆر خراپی بۆ سەر ژینگە هەیە." ناوبراو دەشڵێت زۆرێک لە خەڵک نازانن ئایا بەرهەمهێنانی یەک کراس پێویستی بەبڕی چەند ئاو و وزە هەیە.

بەرهەمهێنانی جلوبەرگ بە بڕێکی زۆر لەلایەن کارگەکانی بەرهەمهێنەرانی پۆشاک بە گشتی نەک هەر تەنها لە ئەمەریکا کێشەیە بەڵکو لە وڵاتە هەژارەکانیش کە جلوبەرگی بەخشراو دەگاتە دەستیان و دواتر لەلایەن فرۆشیارەکانەوە دەفرۆشرێنەوە .

ئێریکا سیڕینۆ، بەڕێوەبەری پەیوەندیەکان بۆ هاوبەندی کاروباری پێسبوون بەهۆی ماددە پلاستیکیەکانەوە لە واشنتن دەڵێت " شوێنەکانی فڕیدانی خاشاک بە ئەندازەیەک پڕبوون لە پاشماوەی بەرهەمەکانی قوماش و تەونەکان وا دەڕژێنە نێو رێڕەوە ئاوێیەکانی دەوروبەری ئەو زبڵدانانەوە ."

زۆرجار جلوبەرگەکان لە قوماشی پلاستیکی دەستکرد دروست دەکرێن، وەک لە ماددەی پۆلیستەر، نایلۆن و ئەکریلیک، ئەوانەی لە بەرهەمە نەوتییەکان دروستدەکرێن هەروەها لە سووتەمەنی بەردی کە دەبنە هۆکاریی گەرمبوونی پلەی گەرمی جیهان.

ئێریکا سیڕینۆ دەشڵێت " پشتبەستنی هەتا دێت روو لەزیادبوو بەو جۆرە قوماشانەی کە پۆلیستەر و نایلۆن و ئەکریلیک لە پێکهاتەکانیاندا هەیە لەمڕۆدا لەهەڵکشاندایە لەبەرئەوەی تێچوونەکانیان زۆر کەمترە لەوەی بە ماددە سروشتیەکان بەرهەمبهێنرێن .

توێژەران دەڵێن مایکرۆفایبەر واتا ماددەی ریشاڵی دروستکراوی لە رادەبەدەری ریشاڵ باریک کە لە دروستکردنی قوماشی جلوبەرگەدا بەکاردەهێنرێت لە پانتاییەکەی بەرفراوانی ئیکۆسیستەمی وشکانی و هەروەها ئاویدا بەرچاو کەوتووە هەر لە چیاکانەوە بگرە هەتا دەگاتە بنی زەریاکان .

بەپێی گۆڤاری ماددە زیانبەخشەکان، ساڵانە نزیکەی 6.5 ملیۆن تۆن مایکرۆفایبەر لە سەرانسەری جیهاندا فڕێدەدرێتە ناو ژینگەو. ئەوەش یەکسانە بە زیاتر لە 32 ملیار تیشێرت.

شتنی جلوبەرگەکانی لە ماددەی مایکرۆفایبەر دروستکراون بە ئامێری جلشۆر

شارەزایان دەڵێن گەورەترین سەرچاوەی قوماشەکانی دروستکراوی مایکرۆفایبەری ژینگەییە ئەوانەی دۆستی ژینگە نین و دەڕژێنە رێڕەویە ئاویەکانەوە سەرچاوەی لە ئەو ئامێرانەی جل شۆردن لە ئەمەریکادا گرتووە ئەوانەی کە فلتەریان بۆ گرتنی ئەو ڕیشاڵە بچووکە فایبەریانەیان تێدا نییە.

وێستگەکانی خاوێنکردنەوەی ئاوی پیس زۆربەی مایکرۆفایبەرەکان دەپاڵێون، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆر بچووکن، هەندێکیان هێشتا هەر دەربازدەبن و دەڕژێنە ناو ڕێڕەوی ئاوەکانەو بەوەش زیان بە زیندەوەرە ئاوییە بچووکەکان دەگەیەنن کە دەیانخۆن .

ئێریکا سیڕینۆ بەڕێوەبەری پەیوەندیەکان بۆ هاوبەندی کاروباری پێسبوون بەهۆی ماددە پلاستیکیەکانەوە لە واشنتن دەڵێت "کاتێک ئەم جۆرە پۆشاکانەی لە مایکرۆفایبەر دروستدەکرێن لەبەردەکەین شیانی ئەوەهەیە کە لە رێی هەناسەوە یان پێستمانەوە ئەو گەردیلە وردانەی مایکرۆفیبەری ژەهراوی هەڵمژین، هەربۆیە هەدەم لەبەر ئەو مەترسیەداین."

سیڕینۆ دەشڵێت بە پێچەوانەی هەندێک لە کەرەستە و ماددەکان لە ئێستادا هیچ سیستەمێکی بەربڵاو بۆ ڕیسایکلکردنی قوماش نییە.

بازاڕێکی جلوبەرگ لە نایروبی، کینیا

چۆن پیشەسازی جلوبەرگ دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاو؟

یەکێک لە ماددە زیانبەخشە کیمیاییە سەرەکییەکانی کە لە دروستکردنی جلوبەرگدا بەکاردەهێنرێت، بۆیەی کیمیاییە، بۆ رەنگکردنی قوماشەکانی پۆشاک.

بەپێی مەزەندەکان نزیکەی لەسەدا 20 هەموو پیسبوونی ئاوی جیهان لە بۆیاخکردنی قوماشەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، مەخابن ئەو ئاوە بۆ گرتنەوەی ماددەی کیمیایی و بۆیاخکردنی قوماش بەکاردەهینرێت.

گروپەکانی ژینگەپارێزان دەڵێن لەبری کڕینی ئەو جۆرە جلوبەرگانەی بە بڕی ئێجگار گەورە و لە ماددەکانی مایکرۆفایبەر دروست دەکرێن ، پێویستە خەڵک بیر لە کڕینی جلوبەرگ لە دوکانەکانی دەستی دوو ( بەکارهێنراو) یان لە رێی ئینتەرنێتەوە بکەنەوە و بۆ بۆنە تایبەتەکانیش جلوبەرگ بۆ ماوەیەکی کاتی بەکرێ بهێنن و پاشان بییان گەڕێننەوە .

ڕاپۆرتی دێبرا بڵاک- دەنگی ئەمەریکا