قورئان بە سێ شێوەزاری کوردی لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی وەک ئەپ ستۆر، ئەپ گەلەری و گووگڵ پلەیەردا دادەنرێت.
ئەگەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت قورئان بە شێوەزارەکانی کرمانجی و زازاکی و سۆرانی بخوێنێتەوە و گوێی لێبگرێت. کرمانجی و زازاکی بە پیتی لاتینی و سۆرانی و بادینیش بە پیتی ئارامی نووسراون.
ڕۆنی بەدرخان، بەرپرسی ماڵپەڕی قورئان بە کوردی، باس لە قورئان بە زمانی کوردی لەسەر پلاتفۆرمی دیجیتاڵی بۆ دەنگی ئەمەریکا دەکات و دەڵێت: چیرۆکەکەمان بەم شێوەیە دەستی پێکرد:
"سێ ساڵ لەمەوبەر هاوڕێیەکمان پێی گوتین قورئان بە زمانی کوردی لە مۆبایلدا نییە". ئێمەش بیرمان لەوە کردەوە و گوتمان لەم ڕووەوە پێویستە شتێک بکەین؟ لێکۆڵینەوەیەکمان دەستپێکرد و بڕیارمان دا ئەم کەموکوڕییە نەهێڵین."
قورئان بە شێوەزارەکانی کوردی لە ئەپ ستۆر، ئەپ گەلەری، گووگڵ پلەیەر، تویتەر، ئینستاگرام، فەیسبووک، یوتیوب و وێب دانراوە. هەموو کەسێک دەتوانێت گوێ لە قورئان بگرێت و بیخوێنێتەوە.
هەروەها پلاتفۆرمی وەرگێڕانی قورئان بە کوردی بە سێ شێوەزاری کوردی کۆمەڵێک خزمەتگوزاری دیکەش پێشکەش دەکات، لەوانە کاتەکانی بانگدان
کاتێک کەسێک لە ماڵپەڕی قورئان بە کوردیدا دەگەڕێت، دەتوانێت کاتەکانی نوێژکردن لە شارە کوردییەکانی تورکیا، عێراق، ئێران و سوریا بزانێت و گوێ لە بانگ بگرێت.
ڕۆنی بەدرخان، بەرپرسی مەڵپەڕەکە دەڵێت، چەند ئامانجێکیان لەم بوارەدا هەبووە، یەکێک لەوانە پەرەپێدانی خوێندنەوە و نووسینی زمانی کوردییە.
"پێش هەموو شتێک ویستمان ئەم کەموکورتیە نەهێڵین و قورئان بە زمانی کوردی لە پلاتفۆرمیەکانی دیجیتاڵ دابنێین". بەڵام یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانمان پەرەپێدانی زمانی کوردییە. ئێمە دەمانەوێت بە خوێندنەوە و نووسینی قورئان پەرە بە زمانی کوردییش بدەین”.
کاتێک کەسێک سەبسکرایبی ئەم پلاتفۆرمە ئۆنلاینە دەکات، هەموو ڕۆژێک ئایەتێکی قورئانی بۆ دێتە سەر مۆبایلەکەی و دەستەواژە و وشەی کوردی بۆ دەردەکەوێت، هەروەها دەتوانرێت له شارەکانی تورکیا تا ئەوروپا، لە کاتەکانی بانگدان ئاگادارت بکاتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5