دەستەی باڵای سوێندخۆران لە ویلایەتی جۆرجیای ئەمەریکا، دانۆڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و 18 کەسی دیکەی بە تۆمەتی پەیوەندی بە هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی شکستەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 تۆمەتبار کرد.
ئەو 13 تۆمەتەی درەنگانی ڕۆژی دووشەممە لە دژی ترەمپ ئاشکرا کران بریتین لە تاوانی بە مەبەست، پێشێلکردنی سوێندی یاسایی، پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری و تۆمارکردنی بەڵگەنامەی ساختە و تاوانی دیکە.
تاوانی بە مەبەست بەو مانایەیە کە داواکارانی گشتی جۆرجیا دەبێت بیسەلمێنن کە سەرۆکی پێشوو دوو یاسای جۆرجیا یان زیاتری پێشێل کردووە وەک بەشێک لە پلانەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
لەنێو ئەو کەسانەی لەگەڵ ترەمپ تۆمەتبارکراون، مارک میدۆس، سەرۆکی پێشووی کارمەندانی کۆشکی سپی، ڕودی جولیانی پارێزەری ترەمپ و جێفری کلارک، کاربەدەستی پێشووی وەزارەتی داد هەن.
فانی ویلیس، پارێزەری ناوچەی فولتن کاونتی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، تۆمەتباران بەشێکن لەو تاوانکاریانەی لە پارێزگاکە و شوێنەکانی دیکە "بۆ گەیشتن بەو ئامانجە نایاساییەی کە ڕێگە بۆ دانۆڵد ترەمپ خۆش دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی" کە لە مانگی یەکی ساڵی 2021 دەستیپێکرد.
تۆمەتبارکردنەکە وردەکاری چەندین تۆمەت دەخاتە ڕوو، لەوانە چەندین تۆمەتی ساختەکاریی دەنگدەران بەرامبەر بە بەرپرسانی جۆرجیا، هەوڵدان بۆ ڕازیکردنی یاسادانەرانی جۆرجیا بۆ ئەوەی کێبڕکێ لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکەن و دانانی لیستی هەڵبژاردنەکانی نوێنەران لە بەرژەوەندی ترەمپ و دزینی زانیاری و داتاکاکانی دەنگدان.
ویلیس گوتی: هەموو هەڵبژاردنەکان لە وڵاتەکەماندا لەلایەن ویلایەتەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، کە بەرپرسیارێتی دەستەبەرکردنی پرۆسەیەکی دادپەروەرانە و ژماردنەوەی وردی دەنگەکانیان پێدەدرێت. هەروەها "ڕۆڵی ویلایەتەکان لەم پرۆسەیەدا بۆ کارکردنی دیموکراسی ئێمە زۆر گرنگە."
ویلیس ئاماژەی بەوەشکرد، کاتی دادگاییکردنەکە لەم دۆسیەیەدا بە ئارەزووی دادوەری دەستنیشانکراوە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد نووسینگەکەی پێشنیاری ئەوە دەکات کە لە شەش مانگی داهاتوودا دادگاییکردنەکە بەڕێوەبچێت.
دەشڵێت، لەکاتێکدا دەستەی باڵای سوێندخۆران فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتباران دەکردووە، نووسینگەکەی ڕێگەی پێداون تا نیوەڕۆی 25ی مانگی هەشت خۆبەخشانە خۆیان ڕادەست بکەن.
هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا چاوەڕێی ئاشکراکردنی تۆمەتەکانی نەکرد، بەر لەوە ویلیسیان بە 'لایەنگریکردن'ی سەرسەختانە تۆمەتبار کرد لە کاتی لێکۆڵینەوەکانی دژ بە ترەمپدا. هەروەها دەشڵێن" هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی زۆر دەستێوەردان بکات لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 و زیان بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ترامپ بگەیەنێت.
ویلیس بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە بڕیارەکانی لەسەر بنەمای ڕاستییەکانە و یاساکە "بە تەواوی بێلایەنە".
ویلیس دەڵێت: "ئێمە لە ڕاستییەکان دەڕوانین، پێداچوونەوە دەکەن و تۆمەتەکان دەستنیشان دەکەین".
ترەمپ ڕۆژی دووشەممە لە پێگەی تایبەتی خۆی بە ناوی ڕاستییەکان ڕایگەیاند "دەستکاری هەڵبژاردنەکانی نەکردووە" و لە پۆستێکدا سەرەتای ڕۆژی سێشەممە ویلیسی بە کەسێکی "لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو و زۆر گەندەڵ" ناو برد
ترەمپ گوتی "بۆچی ئەم تۆمەتبارکردنە 2 ساڵ و نیو لەمەوبەر نەبوو؟ چونکە دەیانویست ڕێک لە ناوەڕاستی هەڵمەتی سیاسی مندا ئەو کارە بکەن". هەروەها گوتیشی ئەمە گەڕانە بە دوای شتێکدا کە بوونی نیە.
تۆمەتبارکردنەکە دوای لێکۆڵینەوەیەکی دوو ساڵ و نیوی دێت کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییە تۆمارکراوەکەی ترەمپەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە سەرەتای ساڵی 2021دا بۆ بەرپرسانی هەڵبژاردنەکانی جۆرجیای کردووە و داوای لێکردوون 11 هەزار و 780 دەنگی بۆ بدۆزنەوە" تا دەنگی نوێنەرانی ویلایەتەکە بە دەست بهێنێت.
جۆرجیا یەکێک بوو لەو چەند ویلایەتەی کە ترەمپ بە جیاوازییەکی کەم تێدا دۆڕا و بەبێ سەرکەوتن هەوڵیدا ئەنجامەکەی پێچەوانە بکاتەوە، تەنانەت لە کاتێکدا دەیان دادوەر بڕیاریان لە دژی تۆمەتەکانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا.
تا ئەمڕۆش بەردەوامە لەسەر لێدوانەکانی کە دەڵێت پێداگرە لەسەرئەوەی کە گوایە ناڕێکی لە هەڵبژاردن وایکرد بدۆڕێت، هەرچەندە هیچ ڕاستیەک بۆ ئەم بانگەشانەی نیە.
ترامپ لە ئێستادا لە پێشەنگی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمارییەکاندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2024
هەروەها ترەمپ بە دوو دۆسیەی فیدراڵی و دۆسیەیەکیش لە ویلایەتی نیویۆرک تۆمەتبار کراوە.
جاک سمت، ڕاوێژکاری تایبەتی وەزارەتی داد، ترەمپی بە چوار تۆمەتی جیاواز تۆمەتبار کرد بەوەی کە لەگەڵ شەش هاوپیلانگێڕی کە ناویان نەهێنراوە، پیلانیان داڕشتووە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی دۆڕانەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا هەڵبوەشێننەوە.
هەروەها سمت ترەمپی لە فلۆریدا تۆمەتبار کرد بەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی بەڵگەنامەی ئاسایشی نیشتمانی زۆر نهێنی لەگەڵ خۆیدا بردووە کاتێک لە سەرەتای ساڵی 2021 کۆشکی سپی بەجێهێشت.
داواکاری گشتی ویلایەتی نیویۆرک ترەمپی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی گۆڕینی تۆمارە بازرگانییەکان بۆ شاردنەوەی ئەو بڕە پارەیەی داویەتی بە ئەکتەرێکی فیلمی پۆرن پێش ئەوەی لە ساڵی 2016دا خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکات.
ترەمپ هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووتەوە.
هەندێک زانیاری ئەم ڕاپۆرتە لە ڕۆژنامەی ئەسۆشێتد پرێس و ڕۆیتەرز وەرگیراوە