لە جولەمێرگ ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی دەستگیر دەکرێن

هێزە ئاسایشییەکانی تورکیا، لە شارەکانی شەمزینان، گەڤەر و چەلا جولەمێرگ، هەڵیانکوتایە سەر چەند ماڵێک و نزیکەی 30 کەسیان دەستگیرکرد.

لە نێو ئەو کەسانەی کە ڕۆژی سێشەممە دەستبەسەرکران لانیکەم 20 ژنی بەساڵاچوو هەن کە زۆربەیان ئەندامی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتین و بە گومانی پەیوەندییان بە " ڕێکخراوێکی چەکداری". دەستگیر کراون.

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی یاساناسانی ئازاد (OHD)ی شاری جولەمێرگ، جەڤاهیر ئاگرالی کە چاودێری دۆخی دەستگیرکراوەکان دەکات، دەڵێت دادگا کۆبوونەوەی پارێزەران و دەستگیرکراوەکانی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر قەدەغە کردووە.

ئاگرالی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "زۆربەی ئەو دایکانەی دەستگیرکراون زمانی تورکی نازانن و شارەزایشیان لە یاسای تورکیا نیە تا بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن". وە ئێستا نازانن بە چ تۆمەتێک دەستگیرکراون. سەرەڕای ئەوەش بەهۆی قەدەغەکردنی کۆبوونەوەی پارێزەران، ناتوانین سەردانیان بکەین. جگە لەوەش، یاداشتێکی 'نهێنی' لەسەر دۆسیەکە هەیە و پێمان ناوترێت ئەو دایکانە لەسەر چی تۆمەتبار دەکرێت".

پارێزەر ئاگرالی ڕایگەیاند هەندێک زانیاری نافەرمییان پێگەیشتووە کە گوایە ئەو ژنانە بەهۆی وەرگرتنی هاوکاری لە مانگی سووری کوردستانەوە دەستگیرکراون و بەو هۆیەشەوە تۆمەتبارکراون بە ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی چەکداری. .

دەشڵێت: "مانگی سووری کوردستان لە ئەڵمانیا دەمەزراوە و فەرمیە، لە ڕوانگەی یاساییەوە ناتوانن بڵێن ڕێکخراوی تیرۆریستیە.

ئەمە ڕێکخراوێکی هاوکارییە، وەک مانگی سووری تورکیا. بەپێی یاسای تورکیا هیچ هۆکارێک نییە بۆ سزادانیان. بەڵام لە تورکیا ئەو کەسانەی وەک ئەم دایکانە و زۆر کەسی تر کە دەستگیر دەکرێن بە پەیوەندی بە تیرۆر تۆمەتبار دەکرێن”.

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئاسایشییەکان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بڵاونەکردووەتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی عارف ئاسڵان