ڕۆژنامەی فاینانشڵ تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر ئێران بۆ ئەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ڕووسیا نەفرۆشێت.
فاینانشڵ تایمز بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەک کە ئاشنان بە بابەتەکە و ناویان ئاشکرا نەکراوە ڕایگەیاند پرسی فڕۆشتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بە ڕووسیا یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، لە دانوستانەکاندا واشنتن فشار دەخاتە سەر تاران تا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی و پارچەکانی نەدات بە مۆسکۆ کە لە دژی ئۆکرانیا بەکاریان دەهێنێت.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەم بابەتە بدەن.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە واشنتن و تاران هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکان و زیندووکردنەوەی دانوستانە بەرفراوانەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەدەن.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەوان پێشوازی لە هەر هەنگاوێکی ئێران دەکەن، ئەگەر تاران هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشە ئەتۆمییە پەرەسەندووەکانی بنێت.
ڕۆژنامەکە بڵاوی کردەوە کە دانوستانەکان لەمەڕ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران هەفتەی ڕابردوو لە کاتی ئاڵوگۆڕی زیندانیەکان ئەنجام دراون.
دوای دانوستانەکان، ئێران بڕیاریدا 4 هاووڵاتی ئەمەریکایی لە زیندانی ئەڤینی تاران ئازاد بکات و بیانگوێزێتەوە بۆ دەستبەسەری ماڵەوە.
هەفتەی ڕابردوو ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، ئەگەر ئەمەریکا سزاکانی سەر 6 ملیار دۆلاری ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشوور هەڵبگرێت، تاران دەتوانێت 5 زیندانی ئەمەریکایی ئازاد بکات.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز