ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: پزیشکی کۆن و دەرمانی سروشتی کاریگەرن بۆ تەندروستی

رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) دەڵێت پزیشکی کۆن و چارەسەرە سروشتیەکان دەتواندرێت وەک چارەسەری نەخۆشی بەکاربهێندرێن و وەک تەواوکەری سیستەمی چارەسەری نیشتمانی وڵاتەکان ئەژمار بکرێن.

بەڵام ڕێکخراوەکە هۆشداری دەدات کە بەکارهێنانی نەگونجاوی دەرمانی سروشتی و پزیشکی کۆن دەشێت کاریگەری نەرێنی یان مەترسیداری هەبێت و دەڵێت لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە بۆ دڵنیابوون لە کاریگەری و سەلامەتی ئەو دەرمانانە لەلایەن سیستەمی پزیشکیی نیشتمانییەوە.


هاوکات بەرپرسانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریش دەدەن کە پێشنیارەکان لەسەر هەر چارەسەرێک یان چارەسەرێکی نوێ دەبێت لەسەر بنەمای بەڵگەی زانستی پتەو بێت.

چارەسەری نەخۆشیەلان لە ڕێگای پزیشکی کۆن و دەرمانە سروشتییەکانەوە بەر لە سەردەمی نوێی پزیشکی و لە دێرزەمانەوە لەگۆڕیدابووە و بەدرێژایی سەدەکانی رابردوو گەشەی کردوە و سەرچاوەی ئەم جۆرە پزیشکیەش دەگەڕێتەوە بۆ بیروباوڕی کۆمەڵگە جیاوازەکان.

رودی ئێگەرز، بەڕیوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ خزمەتگوزارییە تەندروستییە یەکگرتووەکان، "ئێمە لە ئێستادا ئەوە دەبینین کە داواکاری و خواست بۆ چارەسەرەکان بەرێگای سروشتی ڕوویان لە زیادبوونە. چارەسەری نەخۆشیەکان بەڕێگای پزیشکی کۆنەوە بووەتە دیاردەیەکی جیهانی ".

رێکخراوەکە دەڵێت چارەسەری نەخۆشی بە دەرمانی سروشتی رۆڵێکی گرنگ لە پاراستنی تەندروستیدا دەگێڕیت و نزیکەی لەسەدا 40ی دەرمانە مۆدێڕنەکانی ئێستا ڕەگ و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ لە پزیشکی کۆن و سونەتی.

ڕێکخراوەکە دەشڵێت بەکارهێنانی ئەو چارەسەریانە بەتایبەت گرنگن بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی کە ئاستی ئابووریان سنوردارە. لە هەندێ لە وڵاتانی ئاسیایی و ئەفریکاییدا ، نزیکەی لە سەدا 80ی دانیشتوانەکانیان بۆ پێداویستەیە سەرەکیەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی پشت بە دەرمانە سروشتیەکان دەبەستن.

لەم بارەوە تێدرۆس ئەدهانۆم گێبەرەسیس، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ڕایگەیاند، "تێکەڵکردنی چارەسەرکردنی نەخۆشیەکان لە ڕێگای پزیشکی کۆن و ئەو دەرمانانەی لە گژوگیا و روەک دروستکراون دەتوانرێت یاریدەدەربێت لە پڕکردنەوەی کەلێنەکانی دەستگەیشتن بۆ ملیۆنەها کەس لە سەرانسەری جیهان."