وەزیری دەرەوەی ئێران: گفتوگۆی "سودبەخشمان" لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە ئەنجامدا

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ 18/8/2023 لە دووهەمین ڕۆژی سەردانەکەی بۆ عەرەبستان لەگەڵ شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە لە شاری جددە کۆبوویەوە و گفتوگۆی خۆی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، بە "ڕاشکاوانە" و "سودبەخش" و "لەسەر بنەمای پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە هەموو بوارەکاندا" وەسفکرد.

حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە پەیامێکدا لە پەیجی ئێکس (تویتەری پێشوو) بە ئاماژەدان بەو کۆبوونەوە نەوەد خولەکییە، جەختی لەسەر کۆدەنگی نێوان ئێران و سعودیە لەسەر "ئاسایش و گەشەدانی بۆ هەمووان" کردەوە.

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عەرەبستانی سعودی لە کاتێکدایە کە دوو مانگ لەمەوبەر فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، سەردانێکی یەک ڕۆژەی بۆ تاران ئەنجامدا.

شازادە فەیسەڵ ئەوکات گوتی هیوادارە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، لە "کاتی گونجاودا" بتوانێت سەردانی شانشینی سعودیە بکات.

تاران و ڕیاز لە مانگی 3ی ئەمساڵ بە نێوەندگیریی چین ڕێککەوتنێکیان بۆ دوبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان واژۆکرد، بەو پێیەش هەردوو وڵات ڕێککەوتن لەسەر کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان لەگەڵ یەکتر لە ماوەی دوو مانگدا.

بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاند ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ویستویەتی کۆتایی بەو گۆشەگیرییە سیاسی و ئابوورییە بهێنێت کە

ئەمەریکا بەسەریدا سەپاندویەتی و هەر بۆیەش پەیوەندییە نوێیەکانی لەگەڵ سعودیە بە ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لەو گۆشەگیرییە زانیوە.

پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ڕیاز لە ساڵی 2016ەوە دوای هێرشێکی ڕێکخراو بۆ سەر باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران، کێشە و ئاڵۆزی تێکەوت و پچران.


سەرچاوە/ڕۆیتەرز