عەتا سەراوی: کوژرانی نیاز دەرگەڵەیی تیرۆری سیاسیە، دەبێت یەکێتی بکەران ئاشکرا بکات ئەگینا بێدەنگ نابین

نیاز دەرگەڵەیی

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر کوشتنی نیاز دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشووتری مەکتەبی ناوەندی حزبەکەیان ڕایدەگەیەنێت کوشتنی ئەندامەکەیان تیرۆری سیاسیە و دەبێت سەرکردایەتی حزبەکەیان لێی بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت، ئەگەر نا بێدەنگ نابن.

بەڵام چیا هاوار، برازای نیاز دەرگەڵەیی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بنەماڵەکەیان تا ئێستا گومانیان لە هیچ لایەنێکی سیاسی و کەسێک نیە.

عەتا سەراوی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "من بۆ خۆم غەیری گومانی تیرۆری سیاسی هیچ شتێکی تر بەدی ناکەم. مێژووی سیاسی دیارە، هەڵوێستەکانی کاک نیاز لە نەوەدەکانەوە ئەو گومانە زیاد دەکات. من بەش بە حاڵی خۆم بە تیرۆری سیاسی دەزانم. سەدان کادری ئێمە لە ماڵن و بێ کارن، نە پاسەوانی پێویستیان هەیەو نە ژیانیان وەک و پێویستە. "

وتیشی،" ئەو کارە قێزەونە و دەبێت سەرکردایەتی یەکێتی بە ئەرکی خۆیان هەستن و بکەرانی ئەم تاوانە ئاشکرا بکەن، ئەگینا سەدان فەرماندە و کەسایەتی بە ئێمەشەوە نە ئەتوانین بێدەنگ بین نە ئەتوانین پارێزراو بین. بەڕاستی کەسمان لە ژیان و سەر و ماڵمان دڵنیا نین."

دوێنێ کاتژمێر 8:30 ئێوارە، نیاز دەرگەڵەیی، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی پێشووتری مەکتەبی ناوەنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە باخەکەی خۆی لە شارۆچکەی ڕانیە، لەسەر ڕێگای قورەگۆ بەشێوەیەکی نادیار کوژرا.

بە پێی وتەی کەس و کارەکەی، هێزە ئەمنیەکان پێیان ڕاگەیاندوون کردەکە لەلایەن سێ کەسەوە ئەنجامدراوە و لە ڕێگەی چەکی بێدەنگەوە بووە.

ئەمڕۆش بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە بەیاننامەیەکدا ڕووداوەکەی پشت ڕاستکردەوە و وتی، "ناو براو لە ڕووداوێکی نادیاردا گیانی لە دەستداوە و جێگەی سێ فیشەک بە جەستەیەوە بووە."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بکوژان ئاشکرا نەکراون.

چیا هاوار ،برازای نیاز دەرگەڵەیی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ کەسدا نیە. کاک نیاز یەکێک بووە لەو پێشمەرگانەی تەمەنی خۆی بە خزمەتکردن بەم گەل و نیشتیمانە بەخشیوە. لە ساڵی 1979 بێ دابڕان پێشمەرگە بووە تا ئەمڕۆ، کێشەی شەخسیشی لەگەڵ کەسدا نەبووە."

وتیشی،"ئێمە گومانمان لە هیچ کەس و هیچ لایەنێکی سیاسی نیە."

کوشتنەکە کاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا. هەر یەک لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی کردەکەیان کرد و بە ڕووداوی "گوماناوی" باسیان کرد و داوا دەکەن بە پەلە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکرێت و بکەرانی ئاشکرا بکرێن.

دواتریش لە کاتی مەراسیمی بە خاکسپاردنیدا، شاڵاو عەلی عەسکەری کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند، "هیوادارین تیرۆری شەهید نیاز دەرگەڵەیی تیرۆری سیاسی نەبێت."

لەو بارەیەوە چیا هاوار وتی، "تا ئێستا هێزەکان بە وردی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن. هیچ شتێک بە ئێمە نەوتراوە بە فەرمی. ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەین."

وتیشی، "لایەنی فەرمی و دادگا هەر لێدوانێک بدات ئێمە ئیعتیمادی دەخەینە سەر."

لاهور شێخ جەنگیش لەسەر ڕووداوەکە هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند. لە بەیاننامەیەکدا وێرای ئیدانە کردنی ڕووداوەکە، داوایکرد بە زووترین کات "ئەو دەستە ڕەشە" ئاشکرا بکرێت کە لە پشت ڕووداوەکەوەن.