بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق بە درێژایی 265 کیلۆمەتر لە ناحیەی قۆرەتوو تا ناوچەی هەورامان ژمارەیەک کامێرای چاودێری دادەنرێن بۆ چاودێریکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی. بەرپرسێکی پاسەوانی سنوو دەڵێت ڕۆژانە لەڕێگەی تیمێکی پسپۆڕەوە لە فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکانی عێراق کامێراکان چاودێری دەکرێن.
عەمید هەورامان محمد حسێن لێپسراوی بەشی پەیوەندیەکانی لیوای21ی پاسەوانی سنوور لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەو کامێرایانەی بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراقە دانراون و بۆ چاودێری کردنی ئاڵوگوڕی بازرگانی و هاتن و چوونی ئەو کەسانەیە کە لە سنوورەکانەوە دێن و دەچن وتەنها تیمێکی پسپۆڕ لە فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکان دەتوانن ووێنەکان ببینن".
بەرپرسەکەی پاسەوانی سنوور سەبارەت بە کوالیتی و ژمارەی کامێرەکان ڕایگەیاند "بەدرێژایی 256 کیلۆمەتر کامێرەکان دانراون و کامێرەکان ووێنە و ڤیدۆش تۆماردەکەن و حەرارین، ڕۆڵێکی باشیان لەکەم کردنەوەی قاچاخ دەبێت و ئێمەش ئاگادارنین ئایا وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئاگاداری ئەم هەنگاوەیە یان نا".
بەرپرسانی خاڵە سنووریەکان بێئاگایی خۆیان لەم هەنگاوە پیشان دەدەن و ئاماژە بەوە دەکەن ئەوان ئەو کامێرایانەی کە هەیانە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن و بە سیستەمێکی کۆمپیتەری ئاڵگۆڕی بازرگانی ئەنجام دەدرێت و سەرجەم ئاڵگۆڕەکانیش لە چوار چێوەی یاسادان .
مەریوان کەریم لێپسراوی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "تا ئێستا هیچ کامێرایەکی چاودێری عێراق لەناو مەرزەکە دانەنراوە و هیچ لایەنێکیش بە ڕەسمی ئاگاداریان نەکردووینەتەوە کە کامێرا دادەنرێت، ئەو ئاڵوگۆڕەی لە مەرزی باشماخ دەکرێت ، سەرجەمی یاساییە ودوورە لە قاچاخەوە، سیستەمی گومرگیەکەی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەستراوەتەوە و داهاتەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتە خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ".
دانانی کامێراکانی چاودێری لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە لە خاڵە سنووریەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خوێندنەوەی جیاوازی بۆدەکرێت و بەشێک لە چاودێرانی ئابوری دەڵێن ئەم هەنگاوە هێمایە بۆ کەمی متمانەی حکومەتی ناوەند بە حکومەتی هەرێم و کەم کردنەوەی دەسەڵاتەکانییەتی لە خاڵە سنووریەکان.
سەرکۆ یونس چاودێری ئابوری لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەم هەنگاوانەی حکومەتی عێراق لە دوای گەڕانەوەی وەفدی چاودێری دارایی حکومەتی ناوەندەوەدێن کە لە دوای سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان دا دەیانەوێت حکومەتی عێراق دەیەوێت خۆی سەرپەرشتی و چاودێری ڕاستەوخۆی ئەو داهاتانە بکات کە لەمەرزەکاندا هەیە ."
ئەو چاودێرە دەشڵێت " حکومەتی عێراق گومانیان لەداتاکانی هەرێمی کوردستان هەیە و متمانەیان پێ نییە ، حکومەتی فیدڕاڵ دەیەوێ خۆی داتاکان و داهاتەکان کۆبکاتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێ کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و کەپێشتر وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی خاڵە سنووریەکانی کردووە. لەم کاتەشدا لەبەر کەمبوونەوەی داهاتەکانی و ئەو فشارەی لەسەر حکومەتی هەرێم هەیە پێناچێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت ڕێگری لەم هەنگاوەی حکومەتی ناوەند بکات".
دەنگی ئەمەریکا بۆ زانینی ڕای وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دانانی کامێراکان چەند جارێک پەیوەندی بەوەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەداوەتەوە.
جێگەی ئاماژە پێکردنەوە لە ماوەی ڕابردوودا وەفدێکی چاودێری دارایی لە حکومەتی ناوەندی عێراق سەردانی خاڵەسنووریەکانی هەرێمی کوردستانیان کردوو لەنزیکەوە خاڵەسنووریەکان و دامەزراوە فیدڕاڵیەکانی عێراقیان بەسەرکردەوە و کامێراکانیش لە ئێستادا لەخاڵە سنووریەکان و لە بنکەکانی پاسەوانی سنوور جێگیرکراون و ڕۆژانەش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە چاودێریان دەکرێت.
Your browser doesn’t support HTML5