بیست ساڵ بەسەر هێرشە کوشندەکەی سەر بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا تێپەڕ دەبێت

Your browser doesn’t support HTML5

یادی بیست ساڵەی هێرشە کوشندەکەی سەر بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا

بەرپرسانی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی شەممە بەشدارییان لە یادی 20 ساڵەی هێرشێکی کوشندە بۆ سەر بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان له بەغدا کرد.

هێرشەکە بە کوشندەترین هێرش هەژمار دەکرێت بۆ سەر کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مێژوودا.

لەم هێرشەدا کە لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق ڕوویدا، 22 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێویاندا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، سێرجیۆ دیمێڵ گیانیان لەدەستدا، دوای ئەوەی بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر هۆتێلێک لە بەغدا کە ئەو کات بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو.

لە شوێنی هێرشەکەدا مەڕاسیمێکی ڕێزلێنان بۆ گیانی قوربانیانی ڕووداوەکە بەڕێوەچوو، کە لەو کاتەوە کراوەتە ناوەندێکی چاکسازی.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ، جنین پلاسخارت لە میانی مەڕاسیمەکەدا گوتی “با هەموومان بەشداربین لە بەرجەستەکردنی بەهاکانی ئاشتی و لێبوردەیی کە ئەوانەی لە هێرشی هۆتێلی قەنات گیانیان لەدەستدا هەوڵیان بۆ دەدا. وەک هاوکارەکەم، مارتن گریفیتس و سکرتێری گشتی کاروباری مرۆیی و ڕێکخەری فریاگوزاری لەم دواییانەدا ڕایانگەیاند، 'ناتوانین ئەوانەی لە دەستماندان بیانهێنینەوە، بەڵام دەتوانین ڕێز لە یادەوەرییەکانیان بگرین بە ئەنجامدانی هەموو هەوڵێک بۆ پشتگیریکردنی ئەوانەی بەردەوامن لە کارەکانیان".

ئەو کاربەدەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی "ئەو برینانە"قووڵن" و "ڕەنگە هەرگیز بە تەواوی ساڕێژ نەبن".

بەڵام پلاسخارت ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی ئەم دواییەی حکومەتی عێراق کرد لە هەوڵەکانی بۆ سەقامگیری وڵات و باشترکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان.

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کە لە مەڕاسیمەکەدا ئامادەبوو ڕایگەیاند "عێراق ئامادەیە بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سەرانسەری جیهان". گوتیشی "ئێمە پابەندبوونی خۆمان دووپات دەکەینەوە و پشتگیری لە هەموو ئەو ڕێوشوێنانە دەکەین کە ئامانجیان کەمکردنەوەی ئازارەکانی قوربانییەکانە."

لە پەراوێزی یادی بیستەهەمین ساڵڕۆژی هێرشەکەی سەر بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا، جینین پلاسخارت، لە بەغدا لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق، دکتۆر فوئاد حسێن کۆبووەوە.

لە 19ی مانگی هەشتی ساڵی 2003 بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر هۆتێل قەنات لە بەغدا کە ئەو کات بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە عێراق و بووە هۆی کوژرانی 22 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێویاندا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، سێرجیۆ دیمێڵۆ.

بەشێک لە زانیارییەکان لە ئەسۆشیەیتد پرێس وەرگیراون