پارێزگاری پێشووی کەرکوک: دەسەڵاتی کوردی لە هیچ جێگەیەکی کەرکوک نەماوە

پارێزگاری پێشووی کەرکوک ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی ڕۆژی 18/12 ی ئەمساڵی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ کورد هەڵبژاردنێکی هەستیارە، دەرفەتێکە بۆ بەدەستهێنانەوەی بەشێک لەو دەسەڵاتانەی کە پێشتر لەو شارە لەدەستیداون.

عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشووی کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەسەڵاتی کوردی لە هیچ جێگەیەکی کەرکوک نەماوە، دام و دەزگاکان بەدەست کوردەوە نەماون، بۆیە هەڵبژاردن تایبەتمەندی خۆی هەیە بە نیسبەت کوردەوە."

عەبدولرەحمان مستەفا، لە مانگی 5 ی ساڵی 2003 وەکو پارێزگاری کەرکوک دەستبەکاربوو، تا مانگی چواری ساڵی 2011 لەو پۆستەدا مایەوەو دواتر دکتۆر نەجمەدین کەریم جێگەی گرتەوە.

عەبدولرەحمان مستەفا، دەڵێت، "ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە 41 کورسییەوە بۆ 16 کورسی بە کۆتاوە کەمکراوەتەوە، بۆیە کێبەرکێی نێوان لایەنەکان بەهێز دەبێت و هەموو لایەک هەوڵی بردنی کورسی زیاتر دەدات."

لە کاتێکدا کورد لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە دەسەڵاتی لەکەرکوک لەدەستداوە و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بە دەرفەتێک بۆ گێڕانەوەی بەشێک لە دەسەڵاتەکانی دادەنرێت، بەڵام لایەنە کوردییەکان بۆ ئەم هەڵبژاردنە یەکگرتوو نین.

پارتی دیموکرات و چەند لایەنێک، یەکێتی نیشتمانی و حزبی شیوعی، نەوەی نوێ و لایەنە ئیسلامییەکان بە لیستی جیاواز بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەن.

پارێزگاری پێشووی کەرکوک، دەڵێت،"پەرتەوازەیی زیان زۆر لە کورد دەدات، بە فیڕۆچوونی دەنگەکان بۆ کورد خراپە، دەبووایە کورد یەک لیستی هەبووایە، یاخود هەر هیچ نەبووایە لە دوو لیست زیاتری نەبووایە."

عەبدولرەحمان مستەفا پێیوایە، هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەرفەتێکە بۆ کورد، تا بەشێک لە دەسەڵاتەکانی بەدەست بهێنێتەوە.

ئەو دەڵێت،"گەر کورد دەنگی پێویست نەهێنێت، ناتوانێت دەسەڵاتە لەدەستچووەکانی بەدەست بهێنێتەوە، پەرتەوازەیی لەبەرژەوەندی هیچ لایەک نییە."

پێکهاتەکانی کورد، عەرەب و تورکمان هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک چڕکردووەتەوە، بەو پێیەی هەریەکەیان بە جیا چاویان لەسەر پۆستەکانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگایە.

نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس مافی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەیەو جگە لە کورسییەکی کۆتا، لایەن و پێکهاتەکان کێبەرکێ لەسەر 15 کورسی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایە دەکەن.

عەبدولرەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشووی کەرکوک، دەڵێت،"ناتوانرێت بۆ چارەنووسی پۆستی پارێزگار پێشبینی بکرێت، ئەنجامی هەڵبژاردن چارەنووسی ئەو پۆستە یەکلایی دەکاتەوە، هەرلایەک زۆرترین کورسی بەدەست هێنا، ئەو لایەنە پۆستی پارێزگار هەڵدەبژێرێت."

لەهەڵبژاردنی ساڵی 2021 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، کورد نزیکەی 176 هەزار دەنگ و عەرەبیش نزیکەی 166 هەزار دەنگی لە کەرکوک هێنا، بەڵام ژمارەی دەنگەکانی تورکمان لەو پارێزگایە نزیکبوو لە 85 هەزار دەنگەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر