وەزارەتی بەرگری ئێران ڕۆژی سێشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نوێی ئاشکرا کرد کە هاوشێوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکایی MQ-9 Reaper ەو بانگەشەی ئەوەی کرد فڕۆکەکە توانای 24 کاتژمێر مانەوەی لە ئاسماندا هەیە.
ئاژانسی هەواڵی ئرنای حکومەتی ئێران وێنەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی بڵاوکردەوە کە بە "موهاجر-10" ناسراوە و لە پێشانگایەکدا لە تاران بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی نمایشکرا.
ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نوێیە، نوێکراوەی فڕۆکەی "موهاجر-6"ە، کە بەرپرسانی ئەمەریکا ئێرانیان تۆمەتبار کردووە بەوەی بە ڕووسیای فرۆشتووە و ڕووسیاش لە شەڕی دژ بە ئۆکرانیا بەکاری دەهێنێت. ئێران ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.
حکومەتەکانی ڕۆژئاوا لە چەند مانگی ڕابردوودا سزاکانیان بەسەر ئێراندا فراوانتر کردووە بەهۆی فرۆشتنی ئەو چەکانە بە ڕووسیا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئرنا، فڕۆکەکە دەتوانێت 24 کاتژمێر بفڕێت و بە خێرایی 210 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بڕوات و توانای هەڵگرتنی 300 کیلۆگرام لە بۆمب و تەقەمەنی هەیە.
ڕەئیسی لە لێدوانێکیدا کە لە تەلەفزیۆنی دەوڵەت بڵاوکرایەوە گوتی "ئەمڕۆ دەتوانین ئێران وەک وڵاتێکی پێشکەوتوو و تەکنەلۆژی بە جیهان بناسێنین.
ڕەئیسی هەڵوێستی ئێرانی سەبارەت بە پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ "هەموو وڵاتانی جیهان" دووپات کردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە چەکدارەکانی ئێران تۆڵە لە هەر کەسێک دەکاتەوە کە هەوڵی هێرشکردنە سەر ئێران بدات.
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس نەیتوانی ڕاستەوخۆ ئەو ئیدیعایانەی ئێران سەبارەت بە تواناکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە تازە پەرەپێدراوەکەی (موهاجر-10) پشتڕاست بکاتەوە.
هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیل هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان له بارەی فڕۆکه بێ فڕۆکەوانەکانی ئێران نەداوه.
سەرچاوە: فرانس پرێس/ ئەسۆشیتەتید پرێس