ڕێبەرانی وڵاتانی بریکس (بەرازیل، ڕووسیا، هیندستان، چین و ئافریکای باشوور) ڕۆژی سێشەممە لە جۆهانسبێرگ گەورەترین شاری ئافریکای باشوور کۆبوونەوە بۆ دانیشتنی لوتکەیەک کە تیایدا سەنگ دەخەنە سەر فراوانکردنی بلۆکەکە، ئەمەش لەکاتێکدایە وەک چاودێران باسی دەکەن، هەندێک لە ئەندامانی هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی گرووپەکە بکەن بە جەمسەرێک بۆ بەرپەرچدانەوەی ڕۆژئاوا.
نوێنەرانی بریکس لە لووتکەی ئەمساڵدا دەیانەوێت باس لە پێوەرەکانی وەرگرتنی ئەندامی نوێ بکەن. لانیکەم 19 وڵات، لەوانە ئێران، جەزائیر، ئەرجەنتین، میسر، ئەندەنوسیا، عەرەبستانی سعودیە، تورکیا و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) داوایان کردووە بچنە ناو ئەو گروپە ئابوورییەوە.
سەرکردەکانی چین، هیندستان، بەرازیل و ئافریکای باشوور بەشدارن لە لووتکەی بریکس، بەڵام ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە ڕێگەی ڤیدیۆوە بەشداری دەکات و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە جیاتی ئەو چووەتە شاری جۆهانسبێرگ. پوتن بەهۆی ئەو بڕیارەی کە لەلایەن دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی لە لاهای دژی دەرچووە، ناتوانێت گەشت بکات و مەترسی دەستگیرکردنی هەیە.
ئێران، کوبا، بیلاڕووس و ڤەنزوێلا لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدان کە دەیانەوێت بچێتە ناو ئەو گرووپە ئابوورییەوە. میدیا ناوخۆییەکانی ئێران و ڕووسیا ئامانجی گرووپی بریکس بە دەرهێنانی جیهان لە سیستەمی "یەک جەمسەری" ئەمەریکا ناو دەبەن.
سەرچاوەی بیرۆکەی پێکهێنانی گروپی ئابووری بریکس
گروپی بریکس لە ساڵی 2009 بە بەشداری بەرازیل، ڕووسیا، هیندستان و چین دامەزرا و دوای ساڵێک ئافریکای باشوور وەک ئەندامی پێنجەم پەیوەندی بەو گروپەوە کرد. لەو کاتەدا بانکدارێکی ڕۆژئاوایی بە ناوی لۆرد جیم ئۆنیڵ، ئابووریناسی باڵا لە کۆمپانیای گۆڵدمەن ساکس، بیرۆکەی هاوپەیمانییەکی لەو شێوەیەی پێشنیار کردبوو.
ئۆنیڵ لە سەرەتادا بریکسی وەک یەکێتییەکی ئابووری پێشنیارکرد بەرامبەر بە وڵاتانی گرووپی جی حەوت (G-7)، چونکە چوار وڵاتی دامەزرێنەری گرووپی بریکس کە گەشەی ئابووری خێرایان بەخۆویانەوە بینیبوو، بەشێک لەو وڵاتانە نەبوون لە گروپی حەوت وڵاتی پیشەسازیدا و ئۆنیڵ ئەمەی بە سووکایەتیکردن بەو وڵاتانە دەزانی و پێی وابوو کە ڕێبازی خۆبەزلزانانەی گروپی حەوت بۆ زیندوو هێشتنەوەی جیهان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان جێگای شەرمەزارییە و هەر بۆیە پێشنیاری گرووپی بریکسی کردبوو.
گروپی حەوت (G-7) ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی ئابووری نێوان کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمەریکایە کە خۆیان بە حەوت ئابووری پێشکەوتووی جیهان پێناسە دەکەن.
ڕووسیا لە ساڵی 1998 بوو بە ئەندامێکی ئەو گرووپە و ناوی گرووپەکە بوو بە G-8، بەڵام دوای دەسەڵاتگرتنی پوتن و لکاندنی کەریمە بە خاکی رووسیاوە، ئەو وڵاتە لە گرووپەکە دەرکرا.
ڕێکخراوی G-7 ساڵانێکە وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ ئەندامێکی نوێی وەرنەگرتوە . گرووپی حەوت لەلایەن ئەندامەکانییەوە وەک ڕێکخراوێک بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەرانسەری جیهاندا ناسێندراوە.
ئەوەی وادەکات لە ئێستادا بریکس زیاتر سەرنجڕاکێش بێت، گەشەی ئابوورییەکەیەتی. لە ئێستادا بەرهەمی گشتی پێنج وڵاتی ئەندامی ئەو گروپە زیاترە لە بەرهەمی گروپی جی حەوت و وڵاتانی بریکس 26%ی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی جیهان بەرهەم دەهێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتیدا تەنها 15% دەسەڵاتی دەنگدانیان هەیە.
دۆخی ئێستای گرووپەکە و پەیوەندی نێوان ئەندامانی دامەزرێنەری
گروپی بریکس ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ڕەهەندی سیاسی بەخۆیە دەبینێت و لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی یان ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی داوای نوێنەرایەتییەکی گونجاوتری وڵاتانی جیهانی سێیەم دەکەن.
هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی ململانێی دەسەڵات لە نێوان ئەمەریکا و چین، ڕەهەندی سیاسی گرووپەکە چڕتر بووەتەوە و هەروەها لە کاتی هێرشی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا، ئیدیعای بێلایەنی سیاسی ئەو هاوپەیمانییە ئابوورییە شکستی هێنا. شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا وایکردووە بۆشایی لە پەیوەندی نێوان سێ ئەندامەکەی دیکەی گرووپی بریکس دروست بێت و هەڵوێستی جیاوازیان هەبێت بەرامبەر بە ڕووداوەکانی جیهان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕۆژئاوا.
بەڕازیل سیاسەتی خۆی بە پێچەوانەی ڕۆژئاوا نابینێت و کێشەی لەگەڵ فراوانبوونی بریکسدا هەیە.
ئافریکای باشوور لە نێوان هەڵوێستە ناکۆکەکانی شوڕشگێڕە دێرینەکانی ڕزگاریخوازی لایەنگری ڕووسیا لە کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقا و بەشی بازرگانی لایەنگری سیاسەتی ڕۆژئاوا گیری خواردووە و ڕێبازێکی ڕوونی لەو بارەوە نییە.
هەروەها هیندستان لەدوای سەردانەکەی نەرێندر مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان بۆ واشنتن لە مانگی شەشی ئەمساڵدا ڕووبەڕووی فشارێکی بەرفراوان بووەتەوە لەلایەن ئەمەریکاوە و دەوترێت سیریل ڕامافۆسا، سەرۆکی ئافریکای باشوور و میوانداری لوتکەی بریکس، ناچار بووە چەندین جار داوا بکات بۆ ئەوەی سەرۆک وەزیرانی هیندستان ڕازی بکات کە بەشداری لەو لووتکەیەدا بکات.
لوتکەی بریکس لە 22 تا 24ی مانگی هەشت بەڕێوەدەچێت. ئافریکای باشوور 67 وڵاتی بۆ ئەو لووتکەیە بانگهێشت کردووە.