ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ: لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا 10 هەزار پەنابەر لە دۆخێکی خراپدا دەژین

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (Human Rights Watch) ڕۆژی سێشەممە ڕاپۆرتێکی لەبارەی دۆخی پەنابەرانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، دەیان هەزار پەنابەر لە کەمپ و پەناگەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا هاوکاری بەردەوام و پێویستیان پێناگات.

ڕێکخراوەکە دەڵێت ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر مافە سەرەتاییەکانیان دەبێت. لە کاتێکدا ئەوان بێبەشن لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و پێداویستییە فریاگوزارییەکانی وەک پاکوخاوێنی گونجاو و دەستڕاگەیشتن بە خۆراک، ئاوی پاکی خواردنەوە، چاودێری تەندروستی و پەروەردە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی HRW، ئەو هاوکارییانەی لەلایەن دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێشکەش بە کەمپ و پەناگەکان دەکرێت لەو ناوچانەی کە لە ژێر دەستی ئیدارەی خۆسەردان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، جێی مشتومڕن، بۆیە هەندێک کەمپ و پەناگە بەتایبەتی ئەو کەمپانەی "نافەرمین" بەبێ هاوکارییەکی گونجاو یان بەردەوام، ژیانێکی سەخت بەڕێ دەکەن.

هەرچەندە ڕێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان هاوکارییەکی سنووردار پێشکەش دەکەن، بەڵام ئەم دۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی بارودۆخێکی ناتەندروستی و نەبوونی ئامرازەکانی پاکوخاوێنی و کەمیی کەرەستەی سەرەتایی لە هاوینە زۆر گەرمەکان و زستانە زۆر ساردەکاندا.

ئادەم کوگێل، جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوەکە گوتی. بەڵام نەبوونی یارمەتییەکی پێویست دۆخێکی مەترسیداری دروستکردووە”.

گوتیشی: نزیکەی چوار ساڵە بە سەدان هەزار کەس گەیشتوونەتە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و داوای مافی پەنابەری و پاراستنیان دەکەن، دوای داگیرکردنی شارەکانیان لەلایەن تورکیاوە.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دەزگاکانی تری فریاگوزاری و ئیدارەی خۆسەر دەبێ بەپەلە چارەسەری ئەو دۆخە مرۆییە مەترسیدارە بکەن کە لە کەمپە نافەرمیەکان و پەناگە بەکۆمەڵەکاندا ڕوودەدات لە ڕێگەی خۆپارێزی و مافی مرۆڤەوە.

ئەم ڕێکخراوە لە ڕاپۆرتەکەیدا تیشکی خستۆتە سەر بارودۆخی کەمپەکانی دوای هێرشی تورکیا لە ساڵی 2019 و ئەو گوندانەی لە هێڵی پێشەوەی شەڕی بەردەوامی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر و ژێر دەسەڵاتی تورکیادان.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ڕێکخراوەکە باس لە ڕەفتارەکانی حکومەتی دیمەشق دەکات بەرامبەر بە کۆچبەرانی ناوچەکە و هۆشداری دەدات لەوەی ساڵانێکە هاوکارییەکان بۆ خەڵکی ناوچەکە ڕاگیراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە مانگی سێی ڕابردوودا تیمێکیان سەردانی پارێزگای حەسەکەیان کردووە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و لەگەڵ 18 کۆچبەر و هەروەها سەرکردە ناوخۆییەکان لە کەمپەکانی وەشوکانی و سەرێکانی کۆبوونەتەوە.

هەروەها توێژەران سەردانی سێ قوتابخانەیان کرد لە شاری حەسەکە کە وەکو پەناگەی کاتی بەکاردەهێنران و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی خۆجێی، کارمەندانی فریاگوزاری مرۆیی، چالاکوانانی مافی مرۆڤی سوریا و ڕێکخراوە ناوخۆییەکان کۆبوونەتەوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە لە دوای سەردانەکەی تیمەکەیان، هاووڵاتییانی بیانی و دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی ڕایانگەیاند لە دوای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ساڵی 2019 کۆچی بەرفراوان لە ناوچە داگیرکراوەکانەوە بەرەو پارێزگای حەسەکە بەردەوامە، کە پێشتر ژمارەی دانیشتووانی نیو ملیۆن کەس بووە، بەڵام ئێستا و لە دوای هێرشەکان بۆ دوو ملیۆن کەس زیادی کردووە.

ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر کەمی ئاو لە حەسەکە و ناوچەکەدا و داتا فەرمییەکان ئاماژەیان بە پرسە ناوخۆییەکانی وەک کەمی ئاو، خراپی خوێندن، نەبوونی پاکوخاوێنی پێویست، هەژاری و نەبوونی بژێوی سەرەتایی کردووە.