لە پۆلێکی سێهەمی سەرەتایی قوتابخانەیەکدا کە پڕ بوو لە منداڵی دەم بە خەندە، تەنها مامۆستاکە دەیزانی کە تارا قوربانییەکی بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە.
تارا کە داوای کرد ناوێکی نهێنی بەکاربهێنێت بەو پێیەی نایەوێت ناوی ڕاستەقینەی خۆی بەکاربهێنێت لەبەر هۆکاری سەلامەتی، لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا گوتی "لەبری ئەوەی یارمەتیم بدات، پرسیاری ئەوەی لێکردم کە ئایا هاوڕێی کچم هەیە کە هاوتەمنم بێت لە گوندەکەدا بۆ ئەوەی بتوانێت لە ماڵەکەی خۆیدا کاری پێبکات، منیش ڕەتمکردەوە".
کاتێک لە قوتابخانەوە دەگەڕایەوە بۆ ئەو ماڵەی لێی دەژیا و هەر لەوێش کاری دەکرد، زۆرجار کاتێک کەسی لێ دیار نەبوو بە دزییەوە دەچووە سەربان سەیری دەرەوەی دەکرد، سەیری ئۆتۆمبێلەکانی دەکرد کە بەسەر شەقامەکانی ڕانچی پایتەختی هەرێمی جارکاندی هیندستاندا دەڕۆن و خۆزگەی دەخواست ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ شوێنێکی ببەن ؛ گرنگ نەبووە بەرەو کوێ دەڕۆن تەنها دەیویست بڕوات.
تارا، ئەندامی هۆزی موندایە لە هیندستان و دەڵێت "من تەمەنم 8 ساڵ بوو کاتێک خانمێک هاتە گوندەکەمان بەناوی جۆنها و بە دایکمی گوت ئەگەر بچم لەگەڵ خێزانەکەی لە ڕانچی بژیم، ئەوا پارەی خوێندنەکەم دەدات. دایک و باوکم هەژار بوون و سێ منداڵی دیکەیان هەبوو، بۆیە دەمودەست ڕازی بوون".
بەپێی ئاماری نووسینگەی نیشتمانی تۆماری تاوانەکانی هیندستان (NCRB)، زیاتر لە 6500 قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وڵاتەکەدا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا تۆمارکراون و لە 60%یان ژن و کچن. شارەزایان پێیانوایە ژمارە ڕاستەقینەکان زۆر زیاترن لەو ژمارەیە، بەهۆی سەختی تۆمارکردنی ئەو کەیسانەوە ژمارەی تەواوەتی نازانرێت.
ئەنوراگ گوپتا، بەڕێوەبەری گشتی بەشی لێکۆڵینەوەی تاوان (CID) لە جارکاند، داواکارییەکی دەنگی دەنگی ئەمەریکای ڕەتکردەوە بۆ لێدوان لەسەر بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە کە کچانی هۆز و خێڵەکان بە ئامانج دەگرن، بە ئاماژەدان بە کەمی زانیاری ئامارەکان سەبارەت بەو پرسە.
بەڵام گوپتا وتی ئەوە ڕێساکانی پۆلیسی چارکاندە کە گریمانەی ڕفاندن یان بازرگانیکردن بە هەموو حاڵەتێکی منداڵێکی ونبوو دەکات، ئەمەش دوای فەرمانی دادگای باڵا لە ساڵی 2013.
گوپتا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئێمە هەروەها یەکەکانی دژە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە قەزا جیاوازەکانی چارکاند دامەزراندووە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆرجار دۆسیەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردن دەکەین، کە بەرپرسیارن لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی سپیکردنەوەی پارە و دەست بەسەر ئەو موڵکانەدا دەگرن کە سەر بە خاوەندارێتی بازرگانەکانە."
قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە
ڕوچیرا گوپتا چالاکوان و ڕۆژنامەنووسێکی دژە بازرگانیکردنە بە مرۆڤ و دامەزرێنەری ڕێکخراوی Apne Aap Women Worldwide کە ڕێکخراوێکە بۆ بەهێزکردنی توانستی کچان و ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی سێکس، ئاماژە بەوە دەکات زۆربەی قوربانیانی بازرگانیکردن بە کچان لە هیندستان کچانی ئەو قوربانیانەن کە لە چینە ستەملێکراو و کۆمەڵگە خێڵەکییە پەراوێزخراوەکانن.
گوپتا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "بازرگانەکان سوود لە خاڵە لاوازەکانی (ژن و کچانی خێڵ و هۆزەکان) وەردەگرن وەک هەژاری و کەمی خۆراک، ناسەقامگیری شوێنی نیشتەجێبوون و خانووبەرە و نەبوونی پاراستنی یاسایی لە هەمبەر ڕاکێشان و فێڵکردن لێیان و ناچارکردنیان."
بەپێی ڕاپرسی ئابووری هیندستان w NCRBلە ساڵی 2017 ژمارەی دانیشتوانی خێڵەکی نزیکەی 9 ملیۆن کەسن و بەرزترین ڕێژەی کۆچبەرانی دەرەوەن لە وڵاتەکەدا، جارکاندا یەکێکە لە شوێنە سەرەکییەکانی هیندستان کە لەلایەن بازرگانانی مرۆڤەوە کراوەتە ئامانج.
وەک زۆرێک لە قوربانیانی دیکەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، تارا کە تەمەنی 8 ساڵ بووە کاتێک بازرگانی پێوەکرا، نەیدەزانی کە چی چاوەڕێی دەکات کاتێک بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا چووەتە ناو شارێکەوە.
بە دایک و باوکی گوترا کە تارا دەبێت "یارمەتی بدات لە هەندێک کارەکانی ماڵەوە"دا، کە لەو کاتەدا بۆ ئەوان شتێکی نائاسایی نەبووە.
تارا کە ئێستا تەمەنی 18 ساڵە دەڵێت "کاتژمێر 6ی بەیانی لە خەو هەڵدەستام و ماڵەکەم پاکدەکردەوە و جلەکانم دەشۆرد و خواردنم بۆ هەموو ئەندامانی خێزانە هاوبەشەکەیان لێدەنا پێش ئەوەی بچم بۆ قوتابخانە".
هەروەها دەشڵێت "لە قوتابخانەدا نەمدەتوانی سەرنجم لەسەر خوێندن بێت، چونکە بەڕاستی برسییان دەکردم، تا ئەو کاتەی دەگەڕامەوە، هەموو خوارنەکەیان تەواو دەکرد کە من لێمنابوو، قاپەکانیشیان بۆ من بەجێدەهێشت تا بیانشۆم. دواتر ناچار بووم ژەمی ئێوارە لێبنێم و چاودێری منداڵە ساواکانیان بکەم." دەشڵێت "هەستم بە ئازارێکی زۆر دەکرد تا ئەو ئاستەی دەرگای حەمامەکەم لەسەر خۆم دادەخست بۆ ئەوەی بگریم. ئەگەر لەبەردەمیاندا یەک فرمێسکم بڕشتایە هاواریان دەکرد بەسەرمدا."
ڕەشمی تیواری، دامەزرێنەری دامەزراوەی ئاهان، کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە و کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە جارکاند، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، زیاتر لە 60%ی ئەو کرێکارە ناوماڵانەی لە نیودەلی دامەزراون خەڵکی جارکاندن.
ئەو دەشڵێت "چەندێک لەوانە ژن و کچن کە قوربانی بازرگانیکردنن. کۆیلایەتی ناوماڵ لە نێوان نەوەکاندا نزیکە لە نۆرمێکی کۆمەڵایەتی پەسەندکراو لەنێو هۆزەکانی جارکاند لە ئێستاشدا زۆرێک لەو کچانەی بازرگانییان پێوەدەکرێت کاتیخۆی دایکیشیان ڕووبەڕووی هەمان چارەنووس بوونەتەوە."
لەلایەن کەسی خۆیانەوە خیانەتیان لێکراوە
زۆربەی ئەم قوربانیانە لەلایەن "ئاژانسەکانی دامەزراندن" دەبرێنە شارەکان- کە ئەمە گوازراشتێکی جوانکردنی گروپی ڕێکخراوەکانی بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە.
ڕیشی کانت، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی Shakti Vahini (شەکتی ڤاهینی) کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە و بنکەکەی لە نیودەلییە و بەشدارە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند؛ هیندستان زۆر پێویستی بە "یاسای کاردۆزینەوە و دامەزارندنە" بۆ پاراستنی توێژە لاوازەکانی وەک کۆچبەرانی خێڵەکی و لێپرسینەوە لە ئیستغلالکارەکان لە ڕووی یاساییەوە .
ئەو دەشڵێت "ئەم دەزگایانە کچانی خێڵەکی لە ناوچە دوورەدەستەکانی هیندستانەوە بە بەڵێنی ژیانێکی باشتر ڕادەکێشن. ئەوان لە ڕووی سێکسییەوە ئەم کچانە دەقۆزنەوە، پێش ئەوەی بە زۆر بیانخەنە کۆیلایەتی ماڵەوە و بە مووچەیەکی کەم یان هیچ مووچەیەک لە شوێنی نیشتەجێبوونی کەسێکی نامۆ دایان دەنێن. هەندێکجار، دوا ڕێگایان خۆکوشتنە."
ڤینۆد کومار لە خزمەتگوزاری شری ڕام بۆ دامەزراندن، کە ئاژانسێکی دامەزراندنە و بارەگاکەی لە نیودەلییە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەوان ئاگاداری ئەو ڕۆڵەن کە ئاژانسەکانی دامەزراند دەیگێڕن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە کۆمەڵگە لاواز و هەژارەکاندا.
کانت و تیواری ئاماژەیان بەوەشکردووە کچان و ژنانی خێڵەکان زۆربەی جار لەلایەن ئەو ئەندامانی دیکەی خێڵەکانی خۆیانەوە بازرگانییان پێوە دەکرێت کە پێشتر لە شارەکاندا نیشتەجێ بوون، کەسانێک کە بە شێوەیەکی تەواو متمانەیان پێدەکەن. دەشڵێن زۆربەی ئەو قوربانیانە ئامرازێکیان لەبەردەستدا نییە تا ئەو ئازارانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بە کەس بڵێن.
چالاکوان گوپتا دەڵێت "ئەوان زمانی ناوخۆیی نازانن، هەرگیز نەچوونەتە شارێکی گەورە و زۆرجار پێیان دەوترێت ئەم بازرگانانە بڕە پارەیەکی زۆریان بە خێزانەکانیان داوە لەبەر ئەوان، ئەوان پێیان وایە دەبێت ڕێگە بەخۆیان بدەن کە ئیستغلال بکرێن" و قەرزی خێزانەکانیان بدەنەوە."
ئەو یاسایانەی کاری پێدەکرێت
ڤیرێندرا میشرا ئەفسەری خزمەتگوزاری پۆلیسی هیندستان کە بنکەکەی لە شاری بۆپاڵە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند؛ دە ساڵ لەمەوبەر سەرنجی جێبەجێکردنی یاسای هیندستان بەو شێوەیەی ئێستا بە توندی لەسەر بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە چڕ نەبوو.
میشرا وتیشی "پێشتر ئەو ڕاهێنانانەی کە لەلایەن نووسینگەی توێژینەوە و پەرەپێدانی پۆلیسەوە ئەنجامدرابوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە سنووردار بوو بەو هێزانەی پۆلیس کە ڕاستەوخۆ مامەڵەیان لەگەڵ لێکۆڵینەوەکاندا دەکرد."
بەڵام دەڵێت "ئێستا، ڕاهێنانی توند دەکرێت بە کۆمەڵێک کارمەندی زۆرتر لە سیستەمی دادوەری تاوانکاری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، چونکە درک بەوە کراوە بازرگانیکردن لە بوارەکانی دەرەوەی ئەو چوارچێوەیەدا ڕوودەدەن کە لە پێناسە ئاساییەکەیدا هاتووە، لەوانە بازرگانیکردن بە بەخێوکردن و بازرگانیکردن بە تاقیکردنەوەی کلینیکی ماددە هۆشبەرەکانیش."
دامەزرێنەری تاقیگەی توێژینەوە و داکۆکیکردن و بنیاتنانی توانستەکان لە دژی ئیستغلالکردن (RACE) یەکەم تاقیگەی دژە بازرگانیکردنە بە مرۆڤ لە هیندستان. تاقیگەکە توێژینەوەیەکی بەڵگەدار سەبارەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بەرهەم دەهێنێت و داکۆکی لە گۆڕانکارییەکانی سیاسەت و سیستەم لە هیندستان دەکات.
گوپتا، لە بەشی لێکۆڵینەوەی تاوانەکان، ڕایگەیاندووە، لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی بۆ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی ، یاسای POCSO (پاراستنی منداڵان لە تاوانە سێکسییەکان) زۆر گرنگە.
بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "یاسای POCSO سزای توند بۆ تاوانباران مسۆگەر دەکات. لە ڕاستیدا دادگای باڵای جارکاند زۆر لە نزیکەوە چاودێری هەموو دۆسیەیەکی (پاراستنی منداڵان لە تاوانە سێکسییەکان) دەکات."
کانت، لە شەکتی ڤاهینی دەڵێت "دەستێوەردانەکانی ئەم دواییەی پۆلیسی جارکاند لە کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە سەرکەوتوو بووە. ... بەڵام، کەیسەکانی 'خۆکوشتن' بە تایبەتی دەبێت لێکۆڵینەوەی وردتریان لەسەر بکرێت، لەبری ئەوەی لە بەرژەوەندی ئەو کەسانەی کە لە ڕووی ئابوورییەوە ئیمتیازیان هەیە وەربگیرێن."
تارا لە تەمەنی 11 ساڵیدا لە پشووی هاوینەدا گەڕایەوە گوندەکەی لە شاری جارکاند و هیوایەکی نوێی لە وۆرک شۆپێکی هۆشیاری مافەکانی منداڵان لە دامەزراوەی ئاهان دۆزیەوە.
تارا دایک و باوکە دوودڵەکەی ڕازی کرد کە ڕێگەی پێبدەن لە ماڵەوە بمێنێتەوە، ئەمەش سوڕێکی داخراوی نێوان نەوەکانی شکاند. ئێستا ئەندامێکی گەنجە لە دامەزراوەی ئاهان، گۆرانیبێژی بۆلیوودی شریا غۆشاڵی خۆشدەوێت و دەیەوێت لەڕێگەی گۆرانی وتنەکەی خۆیەوە زاراوەی نەریتی سەهادری بپارێزێت.
بەم دواییانە قۆناغی ئامادەیی بڕی و دەڵێت "بۆ هەر کەسێک ئەم چیرۆکە دەخوێنێتەوە دەڵێم : کچەکانتان مەنێرن بۆ شوێنێکی نوێ بەبێ ئەوەی باش شارەزابن لەوەی کە بەڕاستی چۆن لەوێ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. من نامەوێت کەسی دیکە ئەزموونی ئەو تەنیاییە بکات کە من پیایدا تێپەڕیم."
ڕاپۆرتی سارا عەزیز- دەنگی ئەمەریکا