ڕێکخراوەکان و ڕۆژنامەنوسان پشتیوانی لە بەشی تورکی دەنگی ئەمەریکا دەکەن لە بەرامبەر داواکاری تورکیا بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردن

ئەو ماوەی سێ ڕۆژەی کە ئەنجومەنی باڵای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی تورکیا (RTÜK) بە بەشی تورکی دەنگی ئەمەریکای دابوو بۆ داواکاری خزمەتگوزاری مۆڵەتی کاکردنی پەخشی لەسەر (ئینەرنێت IBYH)، خەریکە کۆتاییپێدێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، ئەو دەسەڵاتە باڵایەی ڕاگەیاندنی تورکیا گوتی، ئەگەر لە ماوەی 72 کاتژمێردا داواکاری مۆڵەت پێشکەش نەکرێت و کرێی مۆڵەتی سێ مانگ نەدرێت، ئەوا ڕووبەڕووی شیانی تۆمەتی تاوانکاری دەبێتەوە.

لە کاردانەوەدا بەرامبەر بەم دۆخە، ڕێکخراوە ڕۆژنامەگەرییە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان ڕایانگەیاند کە هەڵوێستی RTÜK لەگەڵ بنەماکانی ڕاگەیاندنی دیموکراسیانەی پەخشی بابەتیی ناگونجێت، و سانسۆر و ڕێگریکردن و ڕێبازێکی تاکڕەوانە لەخۆدەگرێت.

ئێرۆل ئۆندرۆئۆغڵو، نوێنەری RSF (پەیامندەرانی بێ سنوور) لە تورکیا و ڕاپۆرتێری بیانێت سەبارەت بە ئازادیی میدیا، ڕایگەیاند، سەپاندنی یاسای وەرگرتنی مۆڵەت بەسەر بەشی تورکی دەنگی ئەمەریکادا بەهۆی پێویستی ڕێکخستنەوەی کارەکانەوە نییە.

ئۆندەرۆئۆغڵو لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی " بەداخەوە RTÜK وەک ڕێکخراوێک کە دوورە لە کۆنتڕۆڵکردنی پرەنسیپ و بەهاکانی پەخشکردن بە شێوەیەکی دیموکراسی، ئەرکی دەسەڵاتی تاکڕەوانە بۆ سەپاندنی گوتار بەسەر میدیاکاندا دەگرێتە ئەستۆ. ئەم دامەزراوەیە کە هیچ یەکسانی و بێلایەنی نییە، بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە خزمەتگوزارییە تورکییەکانی دیجیتاڵ میدیای نێودەوڵەتی لە ڕێگەی ڕێکاری مۆڵەتدانەوە. ئەم کردارە هیچ پەیوەندییەکی بە پێویستی ڕێکخستنەوە نییە چونکە ئامانجێکی ڕوونی لە پشتەوەیە بۆ داڕشتنی پەخش کاتێک ئەم پرۆسەیە تەواو دەبێت، ترسمان لەوە هەیە کە داهاتووی ئەم دەزگا میدیاییە نێودەوڵەتییانە لە ڕادەبەدەر ناسک بێت، ئەمەش بەندە بە ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ وڵاتانی پەیوەندیدار."

لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی هاوچەرخ (چەگەدە) ئەوەی بە بیرهێنایەوە کە بەشی تورکی دۆیچەوێلی لەگەڵ بەشی تورکی دەنگی ئەمەریکا پێشتر دەستڕاگەیشتنیان بۆ پەخشی ئەنتەرنێت ڕاگیرابوو، و پێشهاتە نوێیەکەی وەکو بیرتەسکی بەرامبەر بە ڕاگەیاندن وەسف کرد.

لە لێدوانێکدا لەگەڵ بەشی تورکی دەنگی ئەمەریکا سێرێن بەیار جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی هاوچەرخ گوتی زیاتر یەک ساڵ تێپەڕبووە بەسەر ئەو بڕیارەی بەسەر دەنگی ئەمەریکا و دۆیچەوێلی سەپێندرابوو "13 مانگ دوای ئەم گورزە لە مافی خەڵک بۆ بەدەستهێنانی زانیاری ، زانیمان کە RTÜK بەردەوامە لە پێداگری لەسەر سانسۆرکردن و دەنگی ئەمەریکاش چووە نێو ئەو سانسۆرکردنەوە."

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنوسان لەو بروایەدایە ڕاگرتنی دەستڕاگەیشتنی ئەم دواییانە لە دژی ڕێکخراوە ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتیەکان لە بیرۆکەی ڕێگریکردن لەم دەزگایانەوە سەرچاوەی گرتووە.

لە وەڵامی پرسیارەکانی دەنگی ئەمەریکادا یونس کالی جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانان دەڵێت " ڕێگریکردن بۆ دەستڕاگەیشتن بە هەواڵەکانی بەشی تورکی میدیا جیهانییەکانی وەکو بی بی سی، دویچەوێلی و دەنگی ئەمەریکا، ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە بۆ ئەو خەڵکەی کە ناتوانن دەستیان ڕابگاتبە ڕاستییەکان لەسەر تورکیا و ڕووداوەکانی جیهان لە دەرەوەی پروپاگەندەی میدیا ناوخۆییەکان، هەوڵێکە بۆ کۆت وبەند و کۆنترۆڵکردن بە نێوی مۆڵەتەوە. ئەمە جێگای داخە و مایەی قبوڵکردن نییە بۆ هاووڵاتیانمان."

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمە هەواڵێکە بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنەگران.

سەرچاوە: بەشی تورکی دەنگی ئەمەریکا