چاودێری مافی مرۆڤ: عێراق دەبێت دەستبەجێ پرۆژەیاسای دژ بە کۆمەڵی پەلکەزێڕینە بوەستێنێت

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق دەستبەجێ پرۆژە یاسایەکی پێشنیارکراو بکشێنێتەوە لە پەرلەمان کە سزای لەسێدارەدان دژ بە هاوڕەگەزخوازان و زیندانیکردن بۆ کەسانی ڕەگەزگۆڕاو دەسەپێنێت. دەشڵێت ئەم پڕۆژە یاسایە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتیەکان پێشێل دەکات و لە کاتێکدایە لە هەرێمی کوردستانیش ‌هەنگاوی دژ بە هاوڵاتیانی پەلکەزێڕینە گیراوەتەبەر.

ڕاشا یونس، لێکۆڵەر لە ڕیکخراوی چاودێری مافەکانی مڕۆڤ، ڕایگەیاند، "بەم پرۆژە یاسایە پەرلەمانتارانی عێراق پەیامێکی شۆکێنەر و خراپ بۆ هاووڵاتیانی LGBT دەنێرن کە ئاخاوتنیان تاوانە و و ژیانیان بێ نرخە."

دەشڵێت، "حکومەتی عێراق شکستی هێناوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پەیڕەوە جیاکاریانەی کە بوونەتە بنەمای توندوتیژی دژ بە خەڵکی پەلکەزێڕینە. لەبری ئەوە یاسایەکی دژی کۆمەڵی پەلکەزێڕینەیان برەوپێداوە لەسەر بنەمای ‘ئەخلاق' کە زیاتر هانی توندوتیژی و جیاکاری دەدات دژ بە کەمینە ڕەگەزی و جێندەرییە پەراوێزخراوەکان. پێویستە حکومەتی عێراق دەستبەجێ یاسای پێشنیارکراوی دژە ئێڵ جی بی تی فەرامۆش بکات و کۆتایی بهێنێت بەو سوڕە لە توندوتیژی بێ سزا دژی کەسانی ئێڵ جی بی تی."

ڕێکخراوەکە ئاماژە دەکات بە زنجیرەیەک لە پرۆژەیاسا و هەنگاوی دژ بە هاووڵاتیانی پەلکەزێڕینە کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەنجامدراوە، لە نێوانیان پڕۆژەیاسایەکی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دژ بە هاوڕەگەزخوازی، هەروەها داخستنی ڕێکخراوی ڕەسەن بەهۆی کارکردنی لە کایەی مافەکانی هاوڕەگەزخوازان.

پەرلەمانتاری عێراق ڕەعد ئەل مالیکی 15ی ئەم مانگە ئەو پڕۆژە یاسایەی پێشکەش بە پەرلەمانی عێراق کرد "بە مەبەستی پاراستنی کۆمەڵگای عێراق لەو لادان و بانگەشەیەی لادانی جنسی کە جیهانی داگیرکردووە." لە پڕۆژەکەدا سزای لەسێدارەدان یان زیندانی هەتاهەتایی دەسەپێنێت بۆ کەسانی هاوڕەگەزخواز، هەروەها سزای بەلایەنی کەم 7 ساڵ زیندانی پێشنیاردەکات بۆ ئەو کەسانەی "بانگەشە بۆ هاوڕەگەزخوازی دەکەن." پڕۆژەکە هەروەها چەندین سزا پێشنیاردەکات دژ بە "ڕەگەزگۆڕین" و "لاساییکردنەوەی ژنان لە شوێنە گشتییەکان."

ئەمە لە کاتێکدایە چەندین کاربەدەست و سەرکردەی عێراقی، لە نێوانیان موقتەدا سەدر، لە چەند مانگی ڕابردوودا بەدەوام لێدوانی دژ بە کۆمەڵی پەلکەزێڕینەیان داوە، گوایە "بانگەشەیەکی نێودەوڵەتی" بۆ هاوڕەگەزخوازی بوونی هەیە.

ڕۆژی 8ی ئەم مانگەش کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنەکانی عێراق لە ڕێنمایییەکی فەرمیدا فەرمانی بە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عێراقی کرد کە لەمەودوا دەستەواژەی "هاوڕەگەزخوازی" بەکارنەهێنن و لەبری ئەوە "لادانی جنسی" بەکاربهێنن. کۆمسیۆنەکە هەروەها بەکارهێنانی وشەی "جێندەر" قەدەغە دەکات.