ڕێکخراوێکی خێرخوازی: لە مانگی چوارەوە نزیکەی 500 منداڵ لە سودان بەهۆی برسێتی گیانیان لەدەستداوە

گروپێکی پێشەنگی فریاگوزاری ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، نزیکەی 500 منداڵ لە سودان بەهۆی برسێتی گیانیان لەدەستداوە، لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی وڵاتەکەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریکا لە مانگی چواری ئەمساڵەوە، لەنێویاندا 22 کۆرپەی ساوا لە خانەی بێسەرپەرشتان لە خەرتومی پایتەخت.

ڕێکخراوی منداڵ پارێزی جیهانی ڕایگەیاند کە لانیکەم 31 هەزار منداڵ دەستیان بە چارەسەری بەدخۆراکی و نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان نەگەیشتووە لەو کاتەوەی ڕێکخراوە خێرخوازییەکە ناچار بووە 57 سەنتەری خۆراکی خۆی لە سودان دابخات.

دوای ئەوەی لە 15ی مانگی 5 دا گرژییەکانی نێوان سودان و هێزێکی نیمچە سەربازی ڕکابەری بۆ ماوەی چەند مانگێکە بوونە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ و ئاژاوە، ئەو شەڕەی خەرتوم و شارەکانی دیکەی کردە بەرەکانی جەنگ و بەوهۆیەوە زۆرێک لە دانیشتووان بەبێ ئاو و کارەبا دەژین و سیستەمی چاودێری تەندروستی وڵاتەکە نزیکە لە داڕمان.

عارف نور، بەڕێوەبەری ڕزگارکردنی منداڵان لە سودان دەڵێت: "هەرگیز بیرمان لەوە نەکردووەتەوە کە منداڵان بە برسییەتی بەو ژمارە زۆرە گیان لەدەست بدەن، بەڵام ئێستا ئەمە ڕاستی سودانە". "ئێمە دەبینین منداڵان بەهۆی برسێتیەوە گیانیان لە دەست دەدەن، کە بە تەواوی دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت".

بەپێی وتەی لیز ترۆسێل، وتەبێژی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی توندوتیژییەکان لە سودان بەلایەنی کەمەوە چوار هەزار کەس کوژراون. بەڵام چالاکوانان و پزیشکە مەیدانییەکان دەڵێن ئەگەری زۆرە ژمارەی گیان لەدەستدان و کوژراوەکان زۆر زیاتر بێت.

مامەدۆ دیان باڵدە، سەرۆکی ناوچەیی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریکای نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخەری کاروباری سودان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی 947,000 کەس لە سودان هەڵاتوون لەنێویاندا پەنابەرانی باشووری سودان، ئەسیوپیا و ئێریتریا کە داوای پەناگەیان لەوێ کردووە و 3.6 ملیۆن کەسی دیکەش لەناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارەبوون.