هیندستان بوو بە یەکەم وڵات کە لە جەمسەری باشوری مانگ بنیشێتەوە

بۆ یەکەمجار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کەشتییەکی واڵایی هیندستان، ڕۆژی چوارشەممە بە سەرکەوتوویی لە جەمسەری باشووری مانگ نیشتەوە.

بەم هەنگاوەی هیندستان وەک وڵاتێکی زلهێزی جیهانی زیاتر خۆی دەسەلمێنێت و مرۆڤایەتی نزیکتر دەکاتەوە لە دامەزراندنی بنکەیەکی هەمیشەیی لەسەر ڕووی مانگ.

نرێندر مۆدی سەرۆک وەزیرانی هیندستان نیشتنەوەکەی بە "ساتێکی لەبیرنەکراو و ناوازە و هاواری سەرکەوتنی هیندستانی نوێ" لەقەڵەمدا.

کەشتییەکەی هیندستان ناوی چەندریان 3 یە کە دەستەواژەیەکە لە سانسکریتی پیرۆز وەرگیراوە و بە مانای "ئامرازی گوازتنەوەیە بۆ مانگ."

کەمتر لە هەفتەیەک بەر لە کەشتی واڵایی چەندریان 3، ڕووسیا لە ڕێگەی کەشتی مانگی 25 هەوڵیدا لە هەمان ناوچە بنیشێتەوە بەڵام هەوڵەکە شکستی هێنا و بە تێکشکانی کەشتییەکە کۆتاییهات.

تەنها لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، نزیکی 7 ملیۆن کەس ڕاستەوخۆ بینەری ساتی نیشتنەوەی کەشتی چەندریان بوون، وە دوای ئەوە هاووڵاتیانی هیندستان دەستیانکرد بە ئاهەنگ گێڕان لەسەر شەقامەکان.

هاوکات، بەرپرسانی چەندین وڵات، لە نێوانیاندا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پۆتین و سەرۆکی دەزگای واڵایی ئەمەریکا ناسا پیرۆزباییان لە هیندستان کرد بۆ ئەم سەرکەوتنە.

هیندستان دوای ئەمەریکا و ڕووسیا و چین دەبێتە چوارهەم وڵات کە توانیویەتی لەسەر مانگ بنیشێتەوە و یەکەم وڵات کە بگاتە جەمسەری باشوری مانگ.

زانایان دەڵێن ئێستا جەمسەرەی مانگ چاوی زۆری لەسەرە لەبەرئەوەی دەکرێت ئاوی بەستووی هەبێت کە دەکرێت بۆ زۆر مەبەست سودی لێ ببیندرێت وەکو گۆڕینی بۆ هەوا بۆ ئاسمانگەڕان و سوتەمەنی بۆ رۆکێتەکان. بەمەش دەشێت یارمەتیدەر بێت بۆ دروستکردنی بنکەیەکی هەمیشەیی لەسەر مانگ و هەروەها وەک بنکەی هەڵدان بۆ مەریخ و تەنانەت دوورتریش.

لەگەڵ زیادبوونی هەوڵەکانی وڵاتان، ئەمەریکا پەلە دەکات کە ببێتە یەکەم وڵات و هەتا ساڵی 2025 ئاسمانگەڕان بگەێنێتە جەمسەری باشووری مانگ. چینیش پلانی هەیە بەر لە کۆتایی ئەم دەیەیە بگاتە جەمسەری باشور.

بەڕێوەبەری ناسا ڕایگەیاند ئەو نیگەرانی هەیە لەوەی چین هەوڵی خاوەندارێتی ئەو بەشەی مانگ بدات ئەگەر پێش ئەمەریکا بگاتە ئەو شوێنە.